سەرکردەیەکی گۆڕان: ئەگەر لە بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان بێدەنگ بین کاری خراپتریش دەکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکردەیەکی گۆڕان: ئەگەر لە بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان بێدەنگ بین کاری خراپتریش دەکرێ

"ئاڵای کوردستان ڕەمزی گەلەکەمانە ئەوەی پێیخۆشە ئاڵاکەمان سووتێنراوە ھەڵەیەکی گەورە دەکات"

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت کە پێویستە کورد بێدەنگ نەبێ لە بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان بۆ ئەوەی وا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێت کە رێگری لە" کارە قێزەوەنەکانی" حەشدی شەعبی بکات.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سوتاندنی ئاڵای کوردستان، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە قابیلی قبوڵ نییە و پێویستە کورد لە بەغدا ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ئەو ئاڵایە ڕەمزی گەلێکە خوێنی شەھیدەکانمان و قوربانییەکانمانە ئەنجامی تێکۆشان و سەروەییەکانمانە، ئاڵای کوردستان شتێکی ئەوەندە ئاسان نییە بێڕێزی بەرامبەر بکرێت، پێویستە ھەموو کوردێک بەرامبەر بە ئاڵاکەی ھەڵوێستی ھەبێت".

گوتیشی: "حەشدی شەعبی میلیشیایەکی مەزھەبگەرای توندڕەون و دەیان گرووپی جیاوازیان ھەیە،دەبووایە کورد ڕۆڵی ئەوەی بگێڕایە کە حەشدی شەعبی لەناو سوپای عێراقدا جێگیربووایە چونکە ئەوانەی ئێستا ئاڵای کوردستانیان سووتاندووە ڕەنگە سبەی ئاڵای عێراق بسووتێنن بۆ ئەوەی دۆخەکە ھێندەی دیکە ئاڵۆز بێت".

ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "ئەو کەسەی پێخۆشە ئاڵای کوردستان بە دەستی حەشدی شەعبی سووتێندراوە ھەڵەیەکی گەورە دەکات، چونکە ئەو ئاڵایە ڕەمزی گەلەکەمانە خودی خۆم کاتێک بینیم ئاڵاکەمان دەسووتێنن، ئەوەندە ناخۆش بوو بەلامەوە ھەستم کرد ئازاری شەھیدەکانمان دەدەن و بێڕێزی بە خەبات و ماندوو بوونمان دەکەن".

سەرکانی باسی ئەوەشی کرد"ئەگەر کورد بەرامبەر بە سووتانی ئاڵای کوردستان، بێدەنگی ھەڵبژێرێت، حەشدی شەعبی شتی خراپتر دەکات، بۆیە باشترە کورد کاریگەری لەسەر مستەفا کازمی دروست بکات، بۆ ئەوەی ڕێگری لەو کارە قێزەونانەی حەشدی شەعبی بکات".