مەرگی جەمال بەختیار.. ئاوابوونی یەكێك لە درەوشاوەترین ئەستێرەی هونەری نیگاركێشیی كوردی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مەرگی جەمال بەختیار.. ئاوابوونی یەكێك لە درەوشاوەترین ئەستێرەی هونەری نیگاركێشیی كوردی

وه‌ك ڕێزگرتن لە تێكۆشان و به‌رهه‌مه هونەرییە‌كانی، له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ (میدالیاى بارزانی)ی پێ بەخشراوە

 

هونەرمەندی نیگاركیشی نازداری كورد، جەمال بەختیار كە دوێنێ ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠ لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا، كۆچی دوایی كرد، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی به‌ئه‌زموون و ده‌ستڕه‌نگین و تێكۆشه‌ر، له‌گه‌ڵ ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌یدا ژیاوه‌، به‌ هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی كوردپه‌روه‌رانه‌وه‌ گوزارشتی له‌ كاره‌سات و ئازار و بێوڵاتیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌، به‌ تابلۆكانی زۆ گۆشه‌ی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی و كڵۆڵیی ئه‌م گه‌له‌ی نه‌خشاندووه‌ و به‌سه‌ر بارستایی تابلۆوه‌ شێواز و دیمه‌نه‌كانی كوردستانی به‌ جیهان ناساندووه.

له‌ كوردستاندا به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و له‌ناو شۆڕش و به‌ بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تییه‌وه‌ ژیاوه‌ و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه‌یی ناو براوه‌. له‌ تاراوگه‌شدا بێ دابڕان به‌ بیر و هۆش و هه‌ست و نه‌ستی كوردایه‌تییه‌وه‌ به‌رهه‌می ناوازه‌ و تابلۆی هونه‌ریی به‌ بارته‌قای ئێش و ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و به‌ ئاستێكی باڵای پرۆفیشناڵانه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌ و هه‌رده‌م داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی گه‌له‌كه‌ی بووه‌.

له‌ تابلۆكانیدا شۆڕش و راپه‌ڕین و كاره‌سات و رووداوه‌كان و وێنه‌ی كه‌سایه‌تی و سه‌ركرده‌ كاریزمیەكانی كوردی به‌ شێوازێكی هونه‌ریی ناوازه‌ بۆ مێژوو تۆمار كردووه، ده‌ست و په‌نجه‌ و فڵچه‌كه‌ی له‌و مه‌به‌سته‌دا خستووەته‌ كار و دنیای ده‌ره‌وه‌ی له‌ چه‌وسانه‌وه‌ی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی‌ به‌ئاگا هێناوه‌ و به‌ ڕه‌نگه‌وه‌ گوزارشتی له‌ خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌ و سه‌لماندوویه‌تی، كه‌ گه‌لی كوردستان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافی ئازادی و سه‌ربه‌خۆییدا خه‌باتی کردووە و ده‌كات، دوژمنانیش به‌ زه‌بروزه‌نگ و كوشتن و بڕین وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌.

جه‌مال به‌ختیار، ته‌مه‌نێكی پڕ له‌ به‌رهه‌می هونه‌ریی بەسەر برد، له‌ هه‌ركوێ‌ بووبێت،‌ دڵ و هزری ئاوێته‌ی رۆحی كوردایه‌تیی كردووه‌ و بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ی سه‌لماندووه‌، كه‌ كوردیش نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و پێویسته‌ خاوه‌ن كیان و ئاڵای شه‌كاوه‌ی خۆی بێت و توانای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و داهێنه‌ری و كاری جوان و شایسته‌ی مرۆڤدۆستانه‌ی هه‌یه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ هه‌ڵكشاوه‌یدا، سه‌رگه‌رمی په‌ره‌پێدانی كاری هونه‌رییه‌ و گوڕوتینی كوردایه‌تیی زیاتر هانده‌ری بووە و به‌و میتۆده‌ی كوردایه‌تییه‌وه‌ ڕۆحی ئاوێته‌ی نێو به‌رهه‌مه‌كانی كردووە. ویستویەتی خه‌بات و تێكۆشان و سیمبوله‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد سه‌رله‌نوێ‌ به‌ نه‌وه‌ی ئێستا‌ ئاشنا بكاته‌وه‌ و وه‌ك فیلمێكی دیكۆمینتاری له‌ زه‌ین و بیری رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌ماندا به‌زیندوویی بمێنێته‌وه‌ و مێژووی هونه‌ری شۆڕشگێڕیی كوردی پێ‌ رازاوه‌تر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات.

نزیكه‌ی سێ‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌‌، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ شێوه‌كاره‌ پشوودرێژه‌ تێكۆشه‌ره‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌ جیهان و به‌ دوژمنانیشی گوت: ئێمه‌ی كورد، كه‌ ده‌چه‌وسێنرێینه‌وه‌ و ده‌مانكوژن و كیمیاباران و بۆمبابارانمان ده‌كه‌ن، هه‌ر سوورین له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانمان، هه‌ر زیندووین و هه‌ر به‌زیندوویی ده‌مێنینه‌وه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ كورده‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ناوبانگی باشى هه‌یه‌، توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی داهێنه‌ری تردا به‌ تابلۆ به‌نرخ و ناوازه‌كانیان، له‌ رێگه‌ی هونه‌ره‌وه‌ كێشه‌ی كورد به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ بناسێنن.

جه‌مال به‌ختیار تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌ كه‌سایه‌تیى سه‌ركرده‌كانی كورد به‌ گشتی و به‌ كارێزمایی مسته‌فا بارزانی به‌تایبه‌تی سه‌رسام بووه‌، چه‌ند جارێكیش به‌ دیدارى (بارزانى) شاد بووه‌ و بارزانییش كاره‌كانى به‌رز نرخاندووه‌. به‌رده‌وام وێنه‌ی داستانه‌ نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشگێڕیی بارزانی و بارزانییه‌كانی خستووەته‌ سه‌ر خه‌رمانه‌ی یاده‌وه‌ریی مێژووی شۆڕشگێڕیی كوردستان و هزر و بیر و فڵچه‌كه‌ی خستووەته‌ خزمه‌تیان و وه‌بیر نه‌وه‌كانی ئێستا و ئاینده‌ی خستوونەتەوە كە ئه‌مانه‌ پێشه‌نگ و شكۆی شۆڕش و كوردایه‌تی و تێكۆشان بوون و له‌ رابه‌رایه‌تیکردنی زۆربه‌ی شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كورددا سه‌نگ و بارستایی زێڕین و به‌رزی خۆیان هه‌یه‌، سه‌ده‌یه‌كه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كورد قوربانی ده‌ده‌ن و خه‌بات ده‌كه‌ن.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده ناودارەی كورد، به‌ ده‌یان وێنه‌ی سه‌ركرده‌كانی كوردی نه‌خشاندووه‌، كاتێك به‌شداریی كۆماری كوردستانی كردووه‌، ئه‌وكاتیش به‌رهه‌می ناوازه‌ی دروست کردووه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌و تابلۆیانه‌ی وێنه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د بووه‌ و له‌ سه‌رده‌می كۆماردا نه‌خشاندوویه‌تی و به ‌ده‌ستی خۆی پێشكه‌شی پێشه‌واى كردووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌یشدا بووه‌، كه‌ پێشه‌وا قازی ناسناوی (به‌ختیار)ی پێ به‌خشیوه‌ و دواتر بووەته‌ ناسناوی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و هه‌تا ئێستاش هه‌ر به‌و ناوه‌ ناسراوه‌ و بۆ خۆیشی زۆر شانازیی پێوه‌ ده‌كات.

كاتێ قازى محه‌ممه‌د كاره‌ ناوازه‌كه‌ى ده‌بینێ، پێى ده‌ڵێت: ”تۆ به‌ختیارى و به‌ به‌ختیاری ده‌ژیت“، هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئه‌م ناسناوه‌ى پێ به‌خشیوه‌. جگه‌ له‌وه‌ش، چه‌ندین وێنه‌ی دیكه‌ی سه‌ركرده‌كانی تری نه‌خشاندووه‌، به‌تایبه‌ت مسته‌فا بارزانیی رابەری نەتەوەیی و كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆك مه‌سعود بارزانی و قاره‌مانانی په‌ڕینه‌وه‌ی ئاوی ئاراس و بۆردمانی قه‌ڵادزێ‌ و مه‌ینه‌تیی گه‌لی كورد و راپه‌ڕینه‌كان و زۆری دیكه‌..

چه‌ند جارێكیش وێنه‌ی سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌ داهێنه‌ر و به‌تواناكانی جیهانیشی نه‌خشاندووه‌، تا له‌ رێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ زیاتر كورد و كێشه‌ ڕه‌واكه‌ی به‌ جیهان بناسێنێت و داهێنان و هونه‌ری گه‌له‌كه‌مانیان پێ‌ ئاشنا بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌ نووسراوی تایبه‌ت وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌، لێره‌دا یه‌كێك له‌و نموونانه‌ ده‌خه‌ینه‌ روو، له‌ وه‌ڵامی یه‌كێك له‌و كارانه‌یدا (بیل كلنتۆن) له‌ نووسراوێكدا بۆی نووسیوه‌: ”به‌ڕێز میسته‌ر جه‌مال به‌ختیار، زۆر سوپاست ده‌كه‌م بۆ ئه‌و دیارییه‌ جوان و پڕمانایه‌، خۆشحاڵ بووم به‌و دیارییه‌ی، كه‌ بۆت ناردووم. جه‌نابت پیاوێكی زۆر به‌ڕێزی به‌لامه‌وه‌. پشتگیریكردنه‌كه‌ت بۆ من مانایه‌كى گه‌وره‌ ده‌به‌خشێت.. من كار بۆ پاراستن و پرۆژه‌ی میلله‌تی كورد له‌ عێراقدا ده‌كه‌م، ئاگادارم له‌و نه‌هامه‌تییانه‌ى به‌سه‌رتان هات“.. بیل كلنتۆن.

جه‌مال به‌ختیار له‌پای ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆر و داهێنانه‌ جوانانه‌ی ئه‌نجامی داون، به‌ ده‌یان جار خه‌ڵات و رێزلێنانی پێشكه‌ش كراوه‌، نزیكه‌ى هه‌شتا ساڵه‌ جێده‌ستی به‌و هونه‌ره‌ ره‌سه‌نه‌وه‌ دیار و به‌رچاوه‌ و ده‌دره‌وشێته‌وه‌. دوا خه‌ڵاتی رێزلێنانیشی، به‌خشینی خه‌ڵاتی رێزلێنانی (میدالیای بارزانی) بووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌، وه‌ك تێكۆشه‌رانی دوێنێی ڕۆژانی خه‌بات پێی به‌خشراوه‌، كه‌ رێزلێنانه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشانی هونه‌ر و داهێنانه‌كانى.

یه‌كێكی تر له‌ كاره‌ ناوازه‌ و داهێنانه‌كانی بریتییه‌ له‌ (لۆگۆ)ی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ دروستی كردووه‌ و له‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌شی سه‌رۆك (مه‌سعود بارزانی)ی كردووه‌، كه‌ ئێستا بووەته‌ سیمبول و هێما و لۆگۆی فه‌رمی و سه‌ره‌كیی پارتی دیموكراتی كوردستان.

گه‌لی كورد به‌شانازییه‌وه‌ له‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ئه‌زموون و به‌توانا و داهێنه‌ره‌ ده‌ڕوانێت، كه‌ به‌و ته‌مه‌نه‌ هه‌ڵكشاوه‌یه‌وه‌، له‌ خزمه‌تكردنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ و فڵچه‌ و پالێته‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له‌ تاراوگه‌ش دڵ و هزری هه‌ر لای گه‌له‌كه‌ی بوو و له‌گه‌ڵیاندا ژیا.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ تێكۆشه‌ره‌ ناوی ته‌واوی (جه‌مال حامید ئه‌سعه‌د)ه‌، له‌ 1927 له‌ سلێمانی له‌دایك بووه‌ و خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی هه‌ر له‌م شاره‌دا ته‌واو كردووه‌، هێشتا له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا بووه‌، كه‌ به‌هره‌ی هونه‌ریی لێی دیاری داوه‌، له‌و ته‌مه‌نه‌ به‌دواوه‌ جێدەستی خۆی له‌ بواری هونه‌ردا كردەوە‌، كاتێك هه‌واڵی دامه‌زراندنی كۆماری دیموكراتى كوردستان ده‌بیستێت، وه‌ك كوردێك به‌ پێویستی ده‌زانێت خۆی بگه‌یه‌نێته‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بۆیه‌ بڕیاری دا، كه‌ وه‌ك تێكۆشه‌رێك له‌ ساڵی 1946 بگاته‌ شاری (مه‌هاباد) و باوه‌شی خۆشه‌ویستی و په‌رۆشیی بۆ كۆماری دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی گرتووەته‌وه‌.

هه‌ر له‌وێدا چه‌ند كارێكی هونه‌ریی ئه‌نجام ده‌دات، وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه‌ی پێشه‌وا، كه‌ له‌و كاته‌دا به‌ ده‌ست و فڵچه‌ی خۆی نه‌خشاندوویه‌تی و به‌ ده‌ستی خۆی پێشكه‌شی سه‌ركۆماری كوردستانی ده‌كات.

پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌ مه‌هاباد ڕێزی لێ ناوه‌ و ناسناوی (به‌ختیار)ی پێ به‌خشیوه‌، له‌ 1957 یه‌كێك بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی. ساڵی 1969 له‌ ژماره‌یه‌كی گۆڤاری (به‌یان)دا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه‌:

خاوه‌نی ئه‌م نیگاره‌ (جه‌مال به‌ختیار)ه‌ و ته‌مه‌نی 42 ساڵ ئه‌بێت، له‌ ساڵی 1946وه‌ خه‌ریكی نیگاركێشانه‌، له‌ نیگاركێشاندا پێڕه‌وی قوتابخانه‌ی ڕیالیزمی ده‌كات، ده‌ربڕینی ڕه‌نگ و ڕووخساری واقیعی كورده‌واریمان له‌ وێنه‌ی گه‌وره‌یی مرۆڤی كورددا لە بیره‌وه‌ریی ئه‌م نیگاركێشانه‌ی جیهان ده‌كات (میكایل ئینجیلو، سیزان، لیونارد داڤنچی نزیكه‌ی (2009 تابلۆی بڵاو كردووەته‌وه‌، له‌مانه‌ ئه‌م تابلۆیانه‌ی خۆی زۆر به‌ دڵه‌: كاوه‌ی ئاسنگه‌ر، ڕزگاری، شۆڕشی ده‌رسیم، كچه‌ هه‌ورامی، شۆڕشی كورد، گڵكۆی تازه‌ی له‌یل، ڕاپه‌ڕینی 1948 و مه‌م و زین).

له‌ به‌رهه‌مه‌ نوێیه‌كانی، تابلۆی مه‌وله‌وی، كوردستان، جوانیی لادێ‌، به‌ره‌و ڕووناكی. خۆزگه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك له‌ كۆسپ و كاری بازرگانی ڕزگار بكرێت و هه‌موو لایه‌ك یاریده‌ و هانیان بده‌ن بۆ سه‌ر پێ‌ گرتنی ئه‌و ئه‌ركه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ئه‌ستۆیانه‌.

به‌ختیار گوتی: ”له‌پاڵ ئه‌م خۆزگه‌یه‌شمدا، هیوایه‌كی به‌ په‌رۆشم هه‌یه‌ به‌ پێكهێنانی كۆمه‌ڵەی هونه‌ر و ئادابی كوردی، كه‌ ده‌سته‌یه‌ك له‌ لاوانی ڕۆشنبیرمان هه‌یه‌ له‌ سلێمانی خه‌ریكین و له‌وه‌دایه كه‌ بكه‌وێته‌ كاره‌وه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ بۆی هه‌یه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی هونه‌ر و وێژه‌ بكات. ده‌بێته‌ یاریده‌ری هونه‌رمه‌ندان و پاڵپشتیان“.

دوا به‌رهه‌می كاك به‌ختیار دوو تابلۆیه‌، كه‌ ئێستا وا له‌ بازاڕدان. به‌م بۆنه‌وه‌یه‌وه‌، كاك جه‌مال زۆر سوپاسی ڕۆژنامه‌ی (النور) ئه‌كات، كه‌ بۆ چاپكردنی ئه‌و دوو تابلۆیه‌ یارمه‌تییه‌كی زۆریان داوە.

بێ گومان جه‌مال به‌ختیاری هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵانی حه‌فتاكاندا پتر بره‌وی به‌ نیگاركێشان و خۆشنووسی داوه‌. تابلۆكانی بوون به‌ ئاشنای زۆربه‌ی ماڵان و شوێنى كاره‌كان. ساڵی 1974، كه‌ شۆڕشی كورد دژ به‌ به‌عسی داگیركه‌ر هه‌ڵگیرسایه‌وه‌، ئه‌م وه‌كوو پێشمه‌رگه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند ڕووی كرده‌ شاخ و له‌وێ‌ تابلۆی نوێی شۆڕشی له‌ شێوه‌ی كارتێكی ڕه‌نگیندا دروست كرد.

له‌دوای ماوه‌یه‌ك له‌ كاره‌ساتی بۆمبابارانی شاری قه‌ڵادزێ، به‌ تابلۆیه‌ك ئه‌و رووداوه‌ی خسته‌ ڕوو، له‌ ساڵی 1975، كه‌ شۆڕش تووشی نسكۆ بوو، ئه‌میش به‌ په‌ژاره‌ و حه‌سره‌ته‌وه‌ ڕووی كرده‌ وڵاتی ئه‌مەریكا و بووه‌ یه‌كێكه‌ له‌ درێژه‌پێده‌رانی ڕێبازی هونه‌ری هه‌ڵكه‌وتووان: حه‌سه‌ن فه‌لاح و به‌دیع باباجان و شان به‌شانی ناوداران محه‌ممه‌د عارف و ئازاد شه‌وقی و خالید زامدار، كاروانی ده‌ستڕه‌نگینیی نیگاره‌كانی له‌ باری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كورددا په‌ره‌ پێداوه‌، هه‌روه‌ها له‌ نه‌خشه‌كێشانی چه‌ندین به‌رگی كتێب و گۆڤاری كوردیدا جێده‌ستی دیاره‌. له‌وێش به‌رده‌وام دڵی له‌ لای نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌ و چه‌ندین تابلۆی نازداری له‌ تاراوگه‌وه‌ نه‌خشاندووه‌.

زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز، نووسه‌ر و چیرۆكنووسى ناسراو، له‌م رووه‌وه‌ له‌ جه‌مال به‌ختیار دوا و پێى گوتین: ”یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى، كه‌ دواى نسكۆى شۆڕشى ئه‌یلوول 7/3/1975 به‌ناچارى له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى رێگاى هات و نه‌هاتى گرته‌ به‌ر، هونه‌رمه‌ندى ناسراو، وێنه‌كێشى به‌هره‌دارى خاوه‌ن ئه‌زموون (جه‌مال به‌ختیار)ه‌، ئه‌م خاوه‌ن توانا لەڕاده‌به‌رده‌ره‌ى بوارى وێنه‌كێشان، بێ ئه‌وه‌ى ده‌رچووى په‌یمانگایه‌كى هونه‌رى، یان خوێندنگه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌م بواره‌ بێت، خۆڕسكانه‌ خاوه‌ن توانایه‌كى به‌رز بوو له‌ بوارى وێنه‌كێشان و هه‌ڵبژاردنى وێنه‌ و بابه‌ته‌كاندا، به‌تایبه‌ت (پۆرترێت، واقعى= ریالیزم، دیمه‌نى سروشتى) به‌ فڵچه‌ و بۆیه‌ى زه‌یت و ئاوى و پاستێل و خه‌ڵووز. له‌سه‌ر جانفاس، گونیه‌ى تایبه‌ت، قه‌دیفه‌، خامى تایبه‌ت و كاغه‌زەوە دەینه‌خشاند“.

(جه‌مال به‌ختار) زیاتر شێوازى واقیعیى ریالیزمیی به‌كار ده‌برد، دواى رووكردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ئاواره‌بوون، ژماره‌یه‌ك تابلۆى نایابى جێ هێشت، به‌هۆى بارودۆخى ناهه‌موارى كوردستان و هێرشى داگیركه‌ران و قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆ و پشكنینى ماڵان، هه‌ندێك له‌و تابلۆیانه‌ فه‌وتاون.

تابلۆكان به‌ ئاره‌زووى ئه‌م یان ئه‌و ناو نراون، ناوه‌كانیش له‌سه‌ر تابلۆكان تۆمار نه‌كراون، بۆ نموونه‌ تابلۆى مانگه‌شه‌و، شیرین ته‌شى ده‌ڕێسێ، بۆردومانى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، تابلۆى كچه‌ شۆخوشه‌نگى شارى سلێمانى (په‌خشان ستار).

هه‌وێنى تابلۆى شیرین ته‌شى ده‌ڕێسێ، له‌ هه‌ڵبه‌ستێكى وه‌فاییدا هاتووەته‌ بوون، ئه‌م تابلۆیه‌ له‌ ماڵى مه‌حموودى حاجى پارێزراوه‌. سێ تابلۆى بۆردمانى ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان له‌لایەن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى عێراق پێشكه‌ش كرا به‌ سه‌ركرده‌ى شۆڕشى ئه‌یلوول و گه‌لى كورد مه‌لا مسته‌فا بارزانى.

له‌ وڵاتى غوربه‌ت و غه‌ریبیدا وێنه‌ى سەرۆک (بیل كلینتۆن)ى نه‌خشاند و به‌ دیارى پێشكه‌شى كرد و سوپاسگوزاریى له‌ سەرۆکەوە پێ گه‌یشت. به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ى جۆرج بۆشى كوڕ و وێنه‌ى حاكمى ولایه‌تى كالیفۆرنیاى نه‌خشاند.

جه‌مال به‌ختیار كه‌سێكى نیشتمانپه‌روه‌ر، مرۆڤێكى هه‌ست ناسك، خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كى خۆڕسك، مووچه‌یه‌كى كه‌م و كۆشێك خێزانى زۆر، سه‌رى به‌رز و ده‌غیله‌ى به‌تاڵ، به‌رده‌وام له‌ خزمه‌ت كورد و خاكى كوردستان و شۆڕشى رەواى میلله‌تدا بوو. له‌ ژیانیدا سه‌رى بۆ داگیركه‌ر دانه‌نواندووه‌ و هه‌میشه‌ له‌ به‌ره‌ى میلله‌تدا بووه‌، ئاوات و ئامانجى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردستان بووه‌.

زاهیر ئه‌حمه‌د سه‌وز، له‌ درێژه‌ى باسه‌كه‌یدا گوتى: ”دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵ جه‌مال به‌ختیار هه‌بوو، رۆژێك چوومه‌ سه‌ردانى بۆ ماڵه‌وه‌، له‌ ژوورێكى پڕ دووكه‌ڵى جگه‌ره‌ و بۆچرووكى گۆشتى برژاو له‌سه‌ر عه‌لادین له‌پاڵ په‌رداخێك شه‌راب، وێنه‌ى ده‌كێشا، گوتى: ”ئه‌م وێنانه‌ پێشكه‌ش به‌ مه‌لا مسته‌فاى بارزانى ده‌كه‌م و ده‌ستاوده‌ست ئه‌و سێ تابلۆیانه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ست مه‌لا مسته‌فاى بارزانی‌".

له ‌كۆتاییدا سەوز گوتی: به‌هیوای ئه‌و ڕۆژه‌ین شاكاره‌كانی جه‌مال به‌ختیار له‌ دوتوێی كتێبێكی ڕه‌نگین و ڕازاوه‌ له‌ چاپ بدرێن و پێشكه‌ش به‌ سامانی هونه‌ریی نیگاركێشانی میلله‌ته‌كه‌ی بكات، تاكوو پتر له‌به‌رچاوان بێت و له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بێبه‌ش نه‌بێت.

تێبینی: ئەم بابەت و دیدارە، کە لەسەر هونەرمەند (جەمال بەختیار) كاتێ ئامادە کراوە، خۆی هێشتا لە ژیاندا بووە، بەداخەوە سەعات 12ى شەوى پێنجشه‌ممه‌/ هەينى (15/16 - 10 - 2020) لە کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد.