سووتاندنی ئاڵای كوردستان پێش سووتاندنی بارەگا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سووتاندنی ئاڵای كوردستان پێش سووتاندنی بارەگا

 

ئەمڕۆ وێڕای ئەو تاوانە گەورەیەی دەرحەق بە بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا كرا، بەڵام بەلامەوە گرنگ بوو كە لە تۆڕەكانی سۆشیال میدیاوە بینیم، زۆرینەی خەڵكی بەهەڵوێستی كوردستان، بەتایبەتییش پارتییەكان، هێندەی لە خەمی سووتاندنی ئاڵای كوردستاندا بوون، نیو هێندە لە خەمی سووتاندنی بارەگاكەی پارتیدا نەبوون، ئەمەش مانای وایە خەڵكی كوردستان و پارتییەكان، ئەم سووكایەتیە بە ئاڵای كوردستان كە سیمبولی نەتەوە و نیشتمانی خۆیانە، قبووڵ ناكەن. لێ پێشم خۆشە، وردتر لەسەر ئەوە بوەستم كە بۆچی ساڵانێكە بارەگاكانی پارتی دەكرێنە ئامانج؟ سووتاندنی بارەگاكانی پارتی، كێ دەیكات؟ بۆچی دەكرێ؟ ئەی ئەنجامەكانی تا ئێستا چی بوون؟!

ئەم مۆدێلی سووتاندنەی بارەگاكانی پارتی (هەر جارەو بە بیانوو و پاساوێك!)، لە دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی ١٩٩١ەوە، بۆ یەكەمین جار لە شەڕی ناوخۆی نێوان یەكێتی و پارتی لە زۆنی سەوزەوە و بە دروستی لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕینەوە سەری هەڵدا، لە جەولەی دووەمی شەڕی ناوخۆدا، هەولێریشی گرتەوە و بارەگای لقی دووی پارتی لە هەولێر كە ئێستا شوێنەكەی (رایین مۆڵە) لە شەقامی ئیسكان، نەك هەر سووتێنرا، بەڵكوو شیش و دەرگا و پەنجەرە و بلۆك و كۆنكرێتەكەشی فەرهوود كرا و لەگەڵ زەوی هاتە تەختكرن!

بیرۆكەی ئەم سووتاندنەش كە ناشارستانیترین جۆری ململانێیە، لەوەوە سەرچاوەی گرت، گوایە بە سووتاندنی بارەگاكانی پارتی، ئیدی پارتی (بە شەیتان دەكرێ!) و دیمەنەكەی لەبەرچاوی خەڵك رەش دەكرێ و لاواز دەبێ و هێدی هێدی دەپووكێتەوە. دواتر خۆشبەختانە ئاشتەوایی لەنێوان ئەو دوو حزبەدا هاتە ئارا و پاش نۆژەنكردنەوەی بارەگای لقی چواری پارتی لە سلێمانی، یادی بەخێر مام جەلال خۆی لە رێورەسمێكدا پەردەی لەسەر تابلۆی لقی چوار لە سلێمانی لابردەوە.

مەخابن ئەو سووتاندنی بارەگایانە، دواتر لە هەموو دەڤەرەكان لە ململانێ سیاسییەكاندا بووە مۆدێلێكی رەش، كە جگە لە پشێوی نانەوە و رەفتارە ناشارستانیەكە و هەندێ جار زیانی مرۆییش، زەرەری سەدان ملیۆن دۆلاری لە سامان و داهاتی كوردستان داوە.

خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ی بەردەركی سەرای سلێمانی و سووتاندنی بارەگای لقی چوار و سەرجەم بارەگاكانی پارتی لە زۆنی كەسك! لە كاتێكدا، پارتی وەكوو حزب بە هیچ شێوەیەك بەرپرسیار نەبوو لەو گەندەڵی و دزی و فزی و كەمیی خزمەتگوزارییەی لە سلێمانی و ئەو زۆنە هەبوو، بەڵكوو ئەوەی بەرپرسیاری سەرەكی بوو لەو كێشانە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەرپرسانی بوون وێڕای بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان كە پێشتر یەكێتی بوون، ئەمە جیا لەوەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستانیش بە رێكوپێكی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دابەش دەكرا، كەچی دیسان ئامانجەكە و سووتاندنەكە، هەر بارەگاكانی پارتیی لەو زۆنە گرتەوە!

لە سەروبەندی شەڕی داعش و بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان لە بەغداوە و لە گەرمەی بەرگریكردنی پێشمەرگەكانی پارتی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا، دیسان چەند خۆپیشاندانێك بۆ مووچە كرا و سەرلەنوێ لە هەمان زۆن، بە پلەی یەكەم، بارەگاكانی پارتی كرانە ئامانجی سووتاندن!

لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریشدا، لە كەركووك و لە خورماتوو و لە زۆربەی ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان، دیسان بارەگاكانی پارتی كرانە ئامانج و سووتێنران، لە دوایین خۆپیشاندانیش لە هەڵەبجەی شەهید، ماوەیەك لەمەوبەر، هەمدیس هێرش كرایە سەر بارەگای لقی ١٢ی پارتی و مەجمووعەیەك گەندەڵ شارەوانیی هەڵەبجەشیان سووتاند!

ئەوا ئەمڕۆش لە بەغدای پایتەختی (عێراقی هیوا و ئاشتی!) جارێكی تر، كۆمەڵێك بەربەری بە ئاڵای حەشدی شەعبیەوە، بە ناوی (ربع الله - خزمانی خوا!)وە و بە دروشمگەلێك كە هەر هەمووی دژی كورد و كوردستان بوون، بارەگای لقی پێنجی پارتییان سووتاند، بەڵام پێش بارەگاكە ئاڵای كوردستانیان بە بەرچاوی میدیاكان و هێزە ئەمنیەكانەوە گڕ تێبەردا! ئەو پارتییەی بەپێی دوایین هەڵبژاردن، وێڕای غەدر و تەزویرێكی زۆر لە دژی پارتی و بێ بەشداریكردنی پارتی لە كەركووك، ئەم پارتییەی كە بارەگاكانی دەسووتێنن، لە رووی ژمارەی كورسییەوە لە پەرلەمانی عێراق و لە پەرلەمانی كوردستانیش یەكەمین حزبە لەسەر ئاستی عێراق.

واتە بە كورتی و بە كوردی، رێك لە ساڵی ١٩٩٣ەوە بارەگای پارتی دەسووتێنرێت و پارتییش هەر حزبی یەكەمە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا، لە بەرامبەریشدا هەموو ئەو حزبانەی كە ژێربەژێر هانی سووتاندنی بارەگاكانی پارتی دەدەن، ژمارەی كورسییەكانیان روو لە كەمی دەكات، بەم پێیە بێت، ئەم جۆرە شەڕكردنە لەگەڵ پارتی لە كوردەوارییدا پێی دەڵێن: ”شەڕی خۆتڕێن“، جا عەرەبی عێراقی قسەیەكی جوانیان هەیە بۆ ئەم حاڵەتە كە دەڵێن: ”العب غیرها - ئیلعەب غێرها“.

هەموو جارێ كە بارەگایەكی پارتی لە هەر شارێكی یان شارۆچكەیەكی عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دەسووتێنرێت، دەنگدەرانی پارتی پێداگرتر دەبن لەسەر دەنگدان بە حزبەكەیان و خەڵكی بێلایەنی كوردستانپەروەریش هاوسۆزتر دەبن لەگەڵ پارتی و ئەم چەند راستییەیان بۆ دەردەكەوێت:

١- لە دیدی كوردستانیان و هەروەها لە دیدی شۆڤێنیانی عێراقی و داگیركەرانیشەوە، هیچ حزبێك
هێندەی پارتی بەرگری لە ئاڵای كوردستان ناكات كە سیمبولی نیشتمانێك و نەتەوەیەكە، ئەگەرچی بەداخەوە دەیڵێم، هەندێ حزب و لایەنی كوردستانی وایان لە خەڵك گەیاندووە، كە ئاڵای كوردستان وەك ئاڵای پارتی تەماشا بكەن، لە كاتێكدا ئاڵای كوردستان ئاڵای هەموانە، تەنانەت بەوانەشەوە كە لە ریفراندۆمدا دەنگیان بە (نەخێر) دا، یان هەر دەنگیشیان نەدا.

٢- لە دیدی كوردستانیان و هەروەها لە دیدی شۆڤێنیانی عێراقی و داگیركەرانیشەوە، هیچ حزبێك دید و ستراتیج و پلانی نییە بۆ ئایندەی كوردستان، جگە لە پارتی.

٣- بنەماڵەی بارزانی كە بەشێكی گرنگی نزیكەی سەدە و نیوێكی خەباتی رزگاریخوازی كورد و كوردستانیان پرشنگدار كردووە بە خۆنەچەماندن و شۆڕش و دەوڵەتدارییەوە، هەروەها پارتییش وەك حزبێك كە هەڵگری دیدگای ئازادیخوازیی ئەو بنەماڵەیەیە، بەیداخی ئازادكردنی نەتەوەیەكیان بە دەستەوە گرتووە و بەردەوامن لە تێكۆشان و قوربانیدان.

٤- لە كوردستان و لە عێراقیش، هیچ پرۆژەیەكی سیاسی لەئارادا نییە جگە لە پرۆژەی پارتی و هاوسەنگەرەكانی پارتی، ئەوی تر پرۆژە نییە بەڵكوو بزاوتێكە ناوی (ئەنتی پارتی)یە.