فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داستانی مەزنی پردێ خەونی خیانەتكارانی لە گۆڕ نا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: داستانی مەزنی پردێ خەونی خیانەتكارانی لە گۆڕ نا

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە بەرەی پردێ، لە سێیەمین ساڵیادی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، داستانی گەورەی پردێ بەرپەرچی دوژمنی دایەوە و هێرشەكانی ڕاگرت و هەرێمی كوردستانی پاراست و خەونی خیانەتكارانی لەوێ لەگۆڕ نا.

 ئەمڕۆ شەممە 17/10/2020، لیوا حەمە ڕێگر، فەرماندەی فەرماندەیی كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سێ ساڵ پێش ئێستا ئەگەر داستانی پردێ و پێشمەرگەكانی پارتی نەبوونایە و سەنگەریان لە دوژمن نەگرتبایە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەرێمی كوردستانیشیان داگیر دەكرد و شتێك نە دەما بەناوی قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە خیانەتەكە زۆر گەورە بوو، بەڵام لە پردێ توانیمان بەشێك لەو خیانەتە پووچەڵ بكەینەوە و خەونی دوژمن لەگۆڕ بنێین".

گوتیشی: "بۆ مێژوو بابەتێكتان بۆ باس دەكەم ئەویش ئەوەیە كە لە میحوەری چواری كەركووكدا كە وەستا ڕەسووڵ فەرماندەی بوو، یەك لیوای لیێ بوو كە لەرێگای ڕەشاد و مریەم بەگ بوون و لە رێگای كەركووك-حەویجە، لە 12ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە هێزەكانیان گواستەوە بۆ ڕێگای لەیلان، دیار بوو كە رێككەوتن كرابوو کە دەبێ تەقە ناوچەكانیان ڕادەست بكەن و هەموو بەرەبەستەكانیان بە شۆفەڵ بۆیان لادا بۆ ئەوەی كەركووك داگیر بكەن".

حەمە ڕێگر دووپاتیشی كردەوە: "ئەگەر پێشمەرگە و فەرماندەكانی پارتی نەبوونایە شتێك بەناوی قەوارەی هەرێمی كوردستان نەدەما، بۆیە داستانی گەورەی پردێ بەرپەرچی دوژمنی دایەوە و هێرشەكانی راگرت و كوردستانیان پاراست و خەونی خیانەتكاران لەوێ لەگۆڕ نرا".

 چوار ڕۆژ دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، و ڕێکەوتی ٢٠ی١٠ی٢٠٢٠ کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و داگیرکەرانی کوردستان دوای داگیرکردنی کەرکووک، بەتەما بوون هێرش بکەنە سەر شاری هەولێر، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان، لە میحوەری ڕۆژاوای کەرکووک/ جبھەی پردێ/ سەربەرزانە پەلاماری داگیرکەرانیان تێک شکاند و راویان نان و وانەیەکیان پێدان کە ھەرگیز لە یادیان ناچێت و داستانی پردێ بە بڕیار و فەرماندەیی سەرۆک بارزانی توانی ببێتە هەیمەنەی پاراستنی قەروارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.