لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوونکردنەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار ڕوونکردنەوە دەدرێت

بڕیاردەری لیژنەى دارایى لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێشبینى بەرزبوونەوەى دۆلار و هەڵوەشاندنەوەى مەزادخانەکانى مامەڵەکردن بە دراو دەکات. 

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەرى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕای گەیاند: "بانکى ناوەندیى عێراق نرخى کڕین و فرۆشتن بە دراوەوە دیارى دەکات، بەڵام بۆچوونێک هەیە نرخى یەک دۆلار بۆ 1500 دینار بەرز ببێتەوە. 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد: "دابەزاندنى نرخى دینارى عێراقى دەبێتە هۆى هەڵاوسان و فەرمانبەران و ئەو توێژانەی کە داهاتیان سنووردارە، باجى ئەو دۆخە دەدەن". 

  ئەمە لە کاتێدایە ماوەیەکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بەرزبوونەوە دایە و ئەمڕۆ  شەممە17ی ئوکتۆبەر، 100دۆلار گەیشتووەتە 125 هەزار و 900 دینار

ئەحمەد سەفار، جەختی کردەوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پێشبینیکراو بوو، گوتیشی و پێشنیار دەکەین، پەنا ببرێتە بەر دەرکردنى دراو بە شێوەیەکى کاتى و بە ڕیژەیەکى سنووردار بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکە". 

سەفار پیشبینى ئەوەشى کرد بەو پێیەى مەزادخانەکانى دراو نادادپەروەرییان تێدایە و چەند بانک و کەسانێک کەڵکى لێ وەردەگرن، هەڵبوەشێنرێنەوە. 

شارەزایانی بۆرسە پێیان وایە، بانکی ناوەندیی عێراق یەدەگی دۆلاری کەمی کردووە و دۆلاری کەمتر دەخاتە بازاڕەوە و دۆخی ئابووریی عێراقیش ناسەقامگیرە و ئەمانەش وای کردووە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار پاشەکشە بکات.

محەمەد حاجی له بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، لەمبارەوە ئەوەی به (باسنیوز) ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە نرخی دۆلار زۆر بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 127 هەزار و  و ئەم نرخەش بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو زۆر بەرز بووەتەوە".