كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 17/10/2020

داوای بەڵگەی چی دەكەن؟ 3 شاھید لە نێو خۆتاندا ھەیە!

 ئایا سەیر نیە دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ بەسەر خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، تازە بەتازە لەناو یەكێتیدا ھەبێت و بێت داوای ئەوە بكات كە كوا ئەو بەڵگانەی كە بۆ ئیسپاتكردنی ئەو خیانەتە دەبێت؟ من نازانم سەركردایەتی یان مەكتەبی سیاسیی ئێستای یەكێتی یان ھەندێك لە ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتی ھەتا چەند سەرودەر لە مانای بەڵگە دەردەكەن و لای ئەوان چی بە بەڵگە دادەنرێت كە لە ڕووی قانوونییەوە ھێزی ئیسپاتكردنی ھەبێت؟ بەڵام ئەوەی لە دەرەوەی ئیرادەی ھەمووانە بەو یەكێتییەی ئێستاشەوە ئەوەیە كە لە رووی قانونییەوە شاھید یەكێكە لە ئامرازە گرنگ و كاریگەرەكانی ئیسپاتكردن.

جا بۆ خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەگەر ھەر تەنھا یەك شاھید و ھیچیتر نەبووایە، ئێستا  من ئەم وتارەم نەدەنووسی، چونكە ئەگەر بە تەنھا یەك شاھید و ھیچیتر لەبەردەستدا نەبێت، یەك شاھید حوكمی لەسەر بینا ناكرێت، بەڵام بۆ ئیسپاتكردنی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر 3 شاھید لەبەردەستدان كە گشت مەرجەكانی شاھیدیدانیان تێدایە و ھەر سێكیشیان ئەو كاتە كەسانی باڵا و كاریگەری ناو یەكێتی بوون و لە نزیكەوە ئاگاداری ھەموو حەیسە و بەیسە و گۆبەند و بەزم و ڕەزمێكی ناو یەكێتی بوون، ئەو 3 شاھیدەش بریتین لە:-   

1- كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، كاتی خیانەتە گەورەكە جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی بووە و لە ڕووی مەیدانییشەوە لەناو كەركووك بووە، واتە ڕاستەوخۆ لەناو ڕووداوەكانی ئەو كاتەدا بووە و سەبارەت بەو خیانەتە دەڵێت: ”ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات، ئەوەیە كە چەند كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتیی حیزبەكەمان، لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتیی شەخسی، دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە".

2-  حیكمەت محەمەد كەریم (مەلا بەختیار)،  كاتی خیانەتە گەورەكە بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە و سەبارەت بەو خیانەتە دەڵێت: ”هەلپەرست و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی و فەیسبووكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، وەكو پێشینان وتوویانە "دز بازاڕی شێواوی هەیە". ئەمانەش لەناو هەموو رەوت و جەمسەرەكاندا زۆر نابەرپرسیارانە لە رابردوودا بە گشتی و لە دوو مانگی رابردوودا بە تایبەتی دەستیان هەیە لەم دۆخەی یەكێتی تێیكەوتووە".   

3- شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، كاتی خیانەتە گەورەكە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پێشمەرگەكانی یەكەی 70ی یەكێتی بووە و سەركردەیەكی سەربازیی مەیدانییش بووە لە كەركووك، سەبارەت بەو خیانەتە دەڵێت: ”ئەگەر سەردەمی شاخ بوایە، ئەوا ئەو باڵەی یەكێتی لەسەر خیانەتەکەی کەرکووک گوللەباران دەکران“.

جا ئەگەر  یاسا و دادگایەكمان ھەبێت بۆ دادگاییكردنی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر،  ئەو 3 شاھیدەی ناو یەكێتی و لەو ئاستانەدا بەسن بۆ ئیسپاتكردنی ئەو خیانەتە و ئینجا درووستكردنی قەناعەت لای دادوەر بۆ ئیدانەكردنی بەشێك لە یەكێتی بە تاوانی خیانەتی گەورە، سەیرە 3 شاھیدی گەورە و كاریگەر لە ناو ماڵەكەت ھەبێت، كەچی داوای بەڵگە بكەیت و بڵێیت كوا بەڵگە بۆ ئیسپاتكردنی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر؟