بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال رایدەگەیەنێت، تا چەکدارانی گرووپەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە شنگال بن، ئەو شارە ئارام نابێ.
قادر قاچاغ، بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنی رێکەوتنی هەولێر و بەغدا بەوە دەست پێدەکات، کە حکوومەتی عێراق گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال دووربخاتەوە.
قادر قاچاغ هەروەها رایگەیاند، تا چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال بن، دۆخی شارەکە ئارام نابێت، دوورخستنەوەی ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارییانە لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق دایە.
ئەو بەرپرسەی پارتی بە ئاماژەکردن بە بوونی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر دانانی خدر ڕەشۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنونێ وەک قائیمقامی نوێی شنگال، رایگەیاند، بابەتەکە گۆڕینی قائیمقام نییە، گۆڕینی پۆستەکان ئاسانە ئەگەر زەمینەی شنگال بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و گەیاندنی خزمەتگوزاری لەبار بێت.
قادر قاچاغ جەختی لەوەش کردەوە، کە تاوەکو چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبی لەو ناوچەیەبن، ”لەو باوەڕەدانیم بتوانرێ هەنگاوی دیکە بهاوێژرێ“.