لە شەڕی قەرەباخدا ٥٢ کەسی دیکە بوونە قوربانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە شەڕی قەرەباخدا ٥٢ کەسی دیکە بوونە قوربانی

بە گوتەی بەرپرسانی ئازەربایجان، دوێنێ هەیەنی لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئەرمینیا بۆ سەر شاری گەنجە، ٥٢ کەس بوونەتە قوربانی.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی (BBC) و بە پشتبەستن بە گوتەی بەرپرسانی ئازەربایجان، لەو هیرشانەدا کە بۆ سەر شاری گەنجە، دووەم گەورەشاری ئازەربایجان بووە، چەند مووشەکێک ئاراستەی باڵاخانەیەکی نیشتەجێبوون کراون و لە ئەنجامدا ١٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

شاری گەنجە کە دووەم گەورەشاری ئازەربایجانە و زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس دانیشتووی هەیە و ٦٠ کیلۆمەتر لە قەرەباخوە کە شەڕ و ئاڵۆزی تێدای، دوورە.

لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی ئەرمینیادا، کۆماری ئازەربایجانیش هێرشی کردووەتە سەر شاری ستپاناکرت (خان کەندی) پەیتەختی هەرێمی قەرەباخ و چەند ناوچەیەکی دیکە کە قوربانیی لێی کەوتووەتەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتر لەمبارەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کاتێکدا لە هێرش بۆ سەر یەکتر بەردەوامن، هاوکات یەکتری بە پێشێلکردنی ئاگربەستی نێوانیان و کردنە ئامانجی هاوڵاتیانی سڤیل تۆمەتبار دەکەن.

هەر دوو وڵات یەک هەفتە پێش بە نێوبژیوانی ڕووسیا ڕێککەوتنیان بۆ ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانوستانی واژۆ کرد، بەڵام ئاگربەستەکەیان تەنیا یەک ڕۆژی خایاند و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەستیان پێ کردەوە.

شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئەرمینیا و ئازەبایجان کە لەسەر  ناوچەی کیشەلەسەر قەرەباخە و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ١٠ی٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە هەتا ئێستا لە هەردوو لایەن زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراون و بە سەدان کەس بریندار بوون و خەڵکی چەندین شار و بە سەدان گوندیش لە شوێنی ژیانی خۆیان ئاوارە بوون.