خیانەتی لاهوور و تاقمی خۆفرۆشی یەکێتی هەرگیز لە یاد ناکرێت 
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خیانەتی لاهوور و تاقمی خۆفرۆشی یەکێتی هەرگیز لە یاد ناکرێت 

 

ڕاگەیاندنی چەواشەکاری یەکێتی کە لە لایەن تاقمی خیانەتکاری لاهوور جەنگی بەڕێوە دەبڕیت ، لە ساڵیادی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەردا ، لە جیاتی ئەوەی لەو ڕۆژە ڕەشەدا ، سەری شۆڕی خۆیان کز بکەن و بێدەنگ بن ، کەچی زۆر بێ شەرمانە داوای بەڵگەی خیانەتەکەیان دەکەن. لە کاتێکدا ئەو خیانەتە گەورەیەیان بەبەرچاوی ڕاگەیاندنی هەموو دنیا و بە وێنە و ڤیدیۆ ئەنجام دا. ئەوکات نەک هەر نکۆڵییان لێ نەکرد بەڵکوو شانازییشیان پێوە دەکرد و دەیانگوت ڕێککەوتنمان کردووە بۆ ئەوەی خوێن لە کەرکووک نەڕژێت! . لێرەدا ئەم شتانە بە بیر تاقمی خۆفرۆشی لاهور و سەرانی خیانەتکاری ناو یەکێتی دەهێنینەوە کە ئەمڕۆ خۆیانی لێ نەبان دەکەن:

یەکەم : ڕۆژی ئەنجامدانی خیانەتەکە، واتا شازدەی ئۆکتۆبەری 2017 و ڕۆژانی پێشتر و دواتریش، سەرانی خیانەتکاری ناو یەکێتی و بەتایبەتی لاهوور و براکانی و ئاڵا ئەسەدی، لە سەر شاشەی تیڤییەکان، دەیانگوت ئێمە شەڕی سوپای عێراق ناکەین، چونکە ئەمە شەڕی بیرە نەوتەکانی بارزانییە و داوایان لە خەڵکی کەرکووک دەکرد، لە ناو ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە و شار ئارامە و هیچ لە ئارادا نییە. تەنانەت ئاراسی برای لاهووری خیانەتکار لە سەر تیڤییەکان بە کەرکووکییەکانی دەگوت حەیاتم وەرنەوە با دۆمینە بکەین!

دووەم: ڕۆژی خیانەتەکە، هەریەک لە جێگری سکرتێری یەکێتی کۆسرەت ڕەسووڵ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی مەلا بەختیار و جەعفەر شێخ مستەفا و نەجمەدین کەریم لە چەند بەیاننامەیەکی جیادا ئەم کارەی خیانەتکارانی ناو حیزبەکەیان بە کاری کاڵفامانی نێو حیزبەکەیان زانی و شەرمەزار و ڕیسوایان کرد. ڕاگەیەندراو و لێدوانی ئەو سەرکردانەی یەکێتی، تا ئێستاش لە ئەرشیڤ ماوە و بە دەنگ و ڕەنگ لە بەر دەستی هەموو کەسێکە کە بەداخەوە ئەمڕۆ هەندێکییان لە بەر پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و ئیرهابی تاقمی خیانەتکاری نێو حیزبەکەیان، خۆیان لەم خیانەتە بێدەنگ کردووە.

سێیەم : بافڵ تاڵەبانی بە ئاشکرا لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ تەلەڤزیۆنی فرانس 24 ، دانی بەوەدا نا کە ڕێککەوتنیان لە گەڵ حکومەتی عێراق کردووە بۆ پاشەکشە لە کەرکووک و زیاتر لە 30 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ئیمزایان کردووە . تەنانەت هێرشێکی تووندیشی کردە سەر ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە ئەوان بە خیانەتکار دەزانن.

چوارەم: بەرپرسە باڵاکانی عێراق، لەوانە حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی و هادی عامری و دەیان بەرپرسی دیکە ، سوپاسی هەڵوێستی نیشتمانی تاقمی خیانەتکاری ناو یەکێتیان کرد لە سەر کشانەوەیان لە کەرکووک و تەقە نەکردنیان.

پێنجەم : سەرانی تاقمی خیانەتکاری شازدەی ئۆکتۆبەر ، لە دوای ئەنجامدانی خیانەتەکەیان چاوەڕێی پاداشت بوون و دەیانگوت ناوی پارێزگاری کەرکووک لە گیرفانمانە . باشە دوای سێ ساڵ کوا پارێزگاری کەرکووک؟ . پاداشتیان تەنیا ئەو بەرمیلە نەوتانە بوو کە بە قاچاخ دەیبەنە ئێران و دەیفرۆشن و بە پارەکەی ئیرهانی فیکری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان و لە نێو خودی یەکێتییش ئەنجام دەدەن. دەنا خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر ،گەورەترین کارەسات بوو بۆ خەڵکی قارەمان و تێکۆشەری کەرکووک و گەرمیان.

سەرانی خۆفرۆشی شازدەی ئۆکتۆبەر ، با دڵنیابن هەرچییەک بکەن ناتوانن پەڵەی ڕەشی ئەو خیانەت و شەرمەزارییە لە نێوچاوانی خۆیان بکەنەوە یان لە بیر خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستانی ببەنەوە.