لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی کەرکووک بەرەو سەردەمی رژێمی پێشوو گەڕاوەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی کەرکووک بەرەو سەردەمی رژێمی پێشوو گەڕاوەتەوە

تەعریب، دەرکردن، کوشت و بڕین لەو شارە دەرهەق کورد پەیڕەو دەکرێ

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کە سێ ساڵ بەسەریاندا تێپەڕیوە، دۆخی کەرکووک تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، بە جۆرێک، بۆ کورد ئێستا بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو گەڕاوەتەوە، هاوکات، چاودێران پێیان وایە، لە رووی ئەمنی، سەقامگیری، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیداریدا، ئەو شارە گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو.


سێ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کە سێشەممە بوو، بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر، شاری کەرکووک لەلایەن گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی لاهوور جەنگی، رادەست بە حەشدی شەعبی کرا، کە بۆ چەند ساڵێک دەبوو لەدوای پاشەکشەی سوپای عێراقەوە لەبەرامبەر بە هێرشی چەکدارەکانی داعش لە ساڵی 2014، ئەمنییەتی شارەکە لەلایەن پێشمەرگە و ئاسایشەوە هاوشێوەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دابین کرابوو، بەجۆرێک، خەریک بوو کەرکووکیش ڕەنگی شارەکانی هەرێمی کوردستانی دەگرت، کە هەر کەس سەردانی بکات بەهۆی ئاڵای کوردستان و باشبوونی دۆخی ئابووری و پاکوخاوێنیی شەقامەکان و کارکردنی پڕۆژەکان تیادا، وابزانێ کەرکووک بەتەواوی گەڕاوەتەوە سەر هەرێمی کوردستان و ماددەی 140ی لەسەر جێبەجێ کراوە.


لە 16ی ئۆکتۆبەردا چی روویدا؟
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرتن و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.


ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".


لە ڕۆژی 27/12/2017ش، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ئەوکاتی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوەش کرد، کە ئەگەر مام جەلال لە ژیاندا بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەکوو خیانەتکار سزا دەدا.


هاوکات لاهوور جەنگی، لە میدیاکانی یەکێتییەوە دانی بەوەدا نا، کە رێککەوتنیان بۆ کەرکووک هەبووە.


براکەیشی، ئاراس جەنگی، هەر لە میدیای یەکێتییەوە شانازیی بەو کارەوە دەکرد و دەیگوت: “شار ئارامە و ناوی پارێزگاری نوێ لەگیرفانمدایە، بۆ نایەنە شۆریجە دۆمینە بکەین”.


ئەوکات، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، دانی بە هەموو راستییەکاندا نا، کە کەرکووک بەهۆی خیانەتی گرووپێکی ناو یەکێتی ڕادەست بە حەشدی شەعبی کراوە.


کەرکووک پێش 16ی ئۆکتۆبەر چۆن بووە؟
پێش رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر، جگە لەو ئەمن و ئاسایشەی، کە لەسایەی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرکووک دابین کرابوو، لە رووی ئابووریشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەو مووچە و خەرجییانەی لە ئاسایش و فەرمانبەرانی شارەکە و هەندێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرجی دەکرد، لە چەند مانگی پێش رادەستکردنی کەرکووکیش بە میلیشیاكان، مانگانە پارەی پترۆدۆلاری لەبەرامبەر فرۆشتنی نەوتی کەرکووک، لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە دەدایە بەرپرسانی کەرکووک و بەو هۆیەشەوە تا دەهات شەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە خزمەتگوزاریی باشتریان بەخۆوە دەبینی.


جگە لەوەش، لە رووی پەیوەندیی پێکهاتەکانیشەوە، کە زۆرینەی شارەکە لە کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتووە، تا دەهات ناکۆکییە کۆنەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەڕۆیشتن، کە بەدرێژایی مێژوو، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق تا سەردەمی سەدام حوسێن، هەوڵی گرژییان لەنێوان ئەو پێکهاتانەی کەرکووکدا دەدا، تاوەکوو لەو رێگایەوە، کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بکەن.


بەجۆرێک، خەڵکی کەرکووک خۆزگە بەو سەردەمە دەخوازن، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەیپاراستن و ئیدارەی کوردستانی دەسەڵاتی بەسەر شارەکەدا هەبوو و خزمەتگوزاریی زۆر رووی لە شارەکەیان کردبوو، کە ئێستا لەلایەن میلیشیاكان و پارێزگارێکی سەپێنراوەوە، رۆژانە خەڵک دەکوژرێت و دەڕفێنرێت و شارەکە بەرەو وێرانییەکی زۆر چووە.

 

کارەکانی ئیدارەی کوردستانی لەپێش 16ی ئۆکتۆبەر
بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، لە سەردەمی ئیدارەی کوردستان لە کەرکووک، بەشێکی زۆری زیادەڕۆیی شاری کەرکووک لادرا، کە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتوو، بۆ مەبەستی بازرگانی کرابوون، بەڵام ئێستا زیادەڕۆیی بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە.


هەروەها، هەر لە ئیدارەی ئەوکاتی کورددا، دەیان بەرزە پرد بۆ ناو شار و دەرەوەی شار دروست کران، کە کارئاسانی بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان دروست کرد و جەنجاڵی و قەرەباڵغیی سەر شەقامەکانی کەمکردەوە، وەکوو بەرزە پردی شەھید عەلی عەسکەری و پردی شەھیدان و پردی چوار و پردی ئازادی و دبس و پردی شەھید شێرکۆ، کە ئەمانە پردی ستراتیجی بوون لە کەرکووک دروست کران.


لە بواری کارەبادا، کەرکووک یەکەم شاری عێراق بوو، کارەبای کەرکووک زیاتر لە 22 سەعاتی هەبوو و لە رۆژانی ھاویندا 24 سەعات کارەبای بوو.


لەو کاتە لەسەر داھاتی پترۆدۆلار توانی زیاتر لە 5 ھەزار ھاووڵاتی دابمەزرێنێت، جگە لەوەش زیاتر لە 1700 فەرمانبەر لەسەر میلاکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەی ھەمیشەیی دامەزران.


ئەوکات لە ئیدارەی کوردستانی، مەلەفی ئەمنیی کەرکووک لەژێر دەسەڵاتی پۆلیسی ناوخۆ بوو و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان لە کەرکووک بوونیان ھەبوو، جگە لەوە، توانرا 120 قوتابخانە و خوێندنگەی تازەی سەردەمیانە، کە پێکھاتبوون لە شەش پۆلی و دوازدە پۆلی و ھەژدە پۆلی دروست بکرێت.


لە کەرتی تەندروستیدا تونرا زیاتر لە 52 نەخۆشخانە و پەیمانگای تەندروستی لەناو شاری کەرکووک و دەوروبەری دروست بکرێن و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکان لەرووی دەرمان و ئامێرە تەندروستییەکانەوە دابین بکرێت، ئەوە جگە لە دروستکردن و چاککردنی رێگاوبان، کە زیاتر لە 1800 کیلۆمەتر قیرتاو کرا.


لەگەڵ دروستکردنی بینای رەگەزنامە و پاسەپۆرت بەشێوەیەکی سەردەمیانە و دروستکردنی بینای پارێزگاری کەرکووک و دروستکردنی 560 خانوو لە ناوچەی دۆمیز و شۆراو، بۆ کەسانی کەمدەرامەت و کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگە و دروستکردنی رێگای (حەولی)، کە ھەر سێ شار (بەغدا و سلێمانی و ھەولێر) پێکەوە دەبەستێتەوە، کە لە رۆژئاوای باشووری کەرکووکەوە دەست پێدەکات بۆ رۆژھەلاتی باکووری کەرکووک.


هەروەها بۆ رێگریکردن لە تەعریب سەرژمێریی ساڵی 1957 کرابووە پێوەر بۆ دامەزراندن و موڵک بەناوکردن، کە رێگەنەدان بە گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و ناسنامە لە ناوچەکانی باشووری عێراق بۆ کەرکووک، لەگەڵ راکێشانی ئاو بۆ سەرجەم ناوچەکانی کەرکووک و رزگارکردنی ھاووڵاتییان لە کەمئاوی و دروستکردنی گەورەترین بەنداوی ئاو لە ناوچەی کۆچەک و دامەزراندن لە فەرمانگەکان بەشێوەی رێژەی دانیشتووان بوو، کە 60%ی‏ بۆ کورد و 20%ی‏ بۆ عەرەب و 15%ی بۆ تورکمان و 5%ی بۆ کەمینەکان بوو، هاوکات سەنتەری رۆشنبیریی شاری کەرکووکیش دروست کرا، جگەلەوەش، فڕۆکەخانەی شاری کەرکووک لە سەربازییەوە بۆ مەدەنی گۆڕا.


هەر لەو کاتەی، کە کورد لە کەرکووک باڵادەست بوو، ڕێکخستن و دیزاینکردنی خاسەی کەرکووک بە شێوازێکی جوان و مۆدێرن، لەگەڵ دروستکردنی بەستەڵەک بۆ رێڕەوی ئاوی خاسە کراوە، هەروەها نەخۆشخانەی 400 قەروێلەیی لە کەرکووک و 200 قەروێلەیی بۆ شارۆچکەی حەویجە دروست کرا، ئەوە جگە لە پێدوایستییەکانی لادێ و گوندەکانی لە رووی خوێندنگا و بنکەی تەندروستی و ئاو و کارەبا و رێگاوبان دابین کرد و دەیان باخچە و پارک لەناو شاری کەرکووک دروست کرد و دانانی ستوونی رووناکیی بۆ سەرجەم شەقامەکان و سەوزکردنی زۆربەی شۆستەکان،


هەروەها دابینکردنی بەنزین و گازوایل بۆ سەرجەم شاری کەرکووک و دەوروبەری و گواستنەوەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆ بۆ دەرەوەی شار و کۆنکرێتکردن و قیرتاوکردنی سەرجەم کۆڵانەکانی گەڕەکەکانی شاری کەرکووک بە بێ جیاوازیی سنووری شارەوانی و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ گەڕەکە زیادەڕۆییە کوردییەکان و دروستکردنی بینای بەڕێوبەرایەتیی کارەبای کەرکووک و پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان و بازاڕەکان و دروستکردنی دەیان باڵەخانەی بازرگانی و مۆڵ و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێبوونی وەبەرھێنان، وەکوو نوور ستی و گاردن ستی و زۆری تر و دروستکردنی دەیان بازاڕ، وەک سووق عەسری و کەرکووک مۆڵ و دەیان پرۆژەی تری وەبەرھێنان و کەمکردنەوەی رۆتین و کارئاسانیکردن بۆ ھاووڵاتییان لەدام و دەزگا فەرمییەکانی حکوومەت و ھاوکاریکردنی مادیی خوێندنی کوردی، کە مانگانە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری وەکوو موکافەئە دەدایە سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی و بەشداریکردنی سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانی کوردستان لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگا و قیرتاوکردن و دووسایدکردنی سەرجەم رێگاکانی دەرەوەی شار، وەک کەرکووک و شوان-کەرکووک و داقوق - کەرکووک و دوبز- کەرکووک و پردێ – کەرکووک و چەمچەماڵ، هەروەها رێگریکردن لە سەرجەم بڕیارەکانی بەغدا، ئەوانەی دژ بە شاری کەرکووک بوون.

 

کەرکووک دوای 16ی ئۆکتۆبەر
ئەمڕۆ، کە سێ ساڵ بەسەر رووداوی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا تێدەپەڕێ، بەپێی گوتەی چاودێرانی سیاسی، تا دێت شەقامەکانی شارەکە بەرەو پیستر و لە کەمیی خزمەتگوزراییەکانی شارەوانیدا دەناڵێنن، جگە لەوەش، لە رووی ئەمنییەوە هیچ کەسێک لە ژیانی خۆی دڵنیا نییە، لەو سێ ساڵەدا چەندین تەقینەوەی تیرۆریستی لە شارەکەدا روویان داوە.


هاوکات لە رووی ئابووریشەوە، حکوومەتی عێراق لە ماوەی ئەم ساڵەدا و لە پێشووتریش، تەنیا یەک سەنتی لە پارەی پەترۆدۆلار نەداوەتە کەرکووک، کە ئێستا بە گوتەی بەرپرسانی شارەکە، حکوومەتی عێراق بە ملیۆنان دۆلار تەنیا لە پارەی پترۆدۆلار قەرزاری کەرکووکە، ئەوەش لەکاتێکدایە، کە فرۆشتنی نەوتی شارەکە لە ڕێگەی قاچاخ و نایاساییەوە بەردەوامە و رۆژانە بە سەدان تانکەر لە ڕێگەی سلێمانی و هەڵەبجەوە، نەوتی کەرکووک بۆ ئێران دەگوازنەوە، کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، گرووپی خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر، کە کەرکووکی رادەست بە میلیشیاكان کرد، بەشی لەو تاڵانکردنەی نەوتدا هەیە و مانگانە لەو رێگەیەوە 30 ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت.


لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی لە شارەکەدایە، کە راستەوخۆ لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە سەرپەرشتیی دەکرێن، بەردەوام هەوڵی جیاکاری لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارە دەدەن و کاری زۆریش لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە بە قازانجی عەرەبی شیعە و سڕینەوەی پێکهاتەکانی دیکە، بەتایبەتی کورد، کردووە، بەجۆرێک ژمارەیەکی زۆری گەنج، بەهۆی بێکارییەوە ئالوودەی ماددەی هۆشبەر هاتوون.


لە رووی ئیداریشەوە، لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک، بە فەرمانی سەربازی، تەواوی پۆستە ئیدارییەکان لە کورد سەنرانەوە و فەرمانی گۆڕینیان بۆ دەرچووە و شوێنەکان بە تورکمان و عەرەبەکانی نزیک لە میلیشیاكان پڕ کراونەتەوە، لەکاتێکدا ئەو پۆستانە بەپێی بەشی هەڵبژاردنەکان، دراون بە کورد و لەسەر پشکی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بوون، ئەوە جگە لە قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زۆر لە فەرمانگەکانی شارەکە، کە لە رووی دەستووری عێراقەوە، هەموو ئەوانەی کە کراون، نایاسایین.


جگە لە هەموو ئەو کارە نایاساییانەی، کە راکان جبووری، پارێزگاری بەزۆر سەپێنراوی کەرکووک کردوویەتی، پڕۆسەی تەعریب و دەرکردن هاوشێوەی سەردەمی رژێمی پێشوو، لەبەرامبەر بە کورد دەستی پێکردووەتەوە، بەجۆرێک، کورد لە کەرکووک وەکوو نەتەوەی بندەست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.


ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە وتارێكیدا بە ناونیشانی (١٦ی ئۆکتۆبه‌ر، خیانه‌ت، کاڵفام و ملهوڕی) كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”له‌ ١٦ی ئۆکتۆبه‌ر پێكدادانی عەقڵیەتە نەزۆكەكان لە لایه‌ن گرووپێک تۆختر بۆوه‌، بۆیە مافی هەر تاكێكی كوردە پرسیار بكات كە ئەم چەشنە لە سیاسەتی خیانەتكردنی تاقمێک، بۆچی؟ بۆ كێ‌ و بەرەو كوێیە؟“.


ئاماژەشی داوە كە ئەگەر ئامانجی سیاسەت بە لای ئەوانەوە خۆفرۆشی نییە و كۆمەڵگەیە، ئەوە كۆمەڵگە كەرامەت و غیرەتی هەیە، واتە ”وەك ئەوان بێ كەرامەت و بێ غیرەت نییە و نابێ، ئەگەریش رەفاهیەتی كۆمەڵگەیە، ئەوە كۆمەڵگە دووركەوتنەوە لە نەهامەتییەكان‌ و نزیكبوونەوە لە خۆشییەكانی مەبەستە، نەوەك داگیركاری و ستەم و بێگانه‌په‌رستی“.


ئومێد خۆشناو پێیوایە، ”خیانەت دوایین پلەی نائەخلاقییە، ئیتر لە دوای داستانی سیحێلا و پردێ و مەحموودیە، بۆ خۆفرۆشان مەعلووم بوو كە هیچ ئیرادەیەكی خۆسه‌پێن بوونی نییە بتوانێ بە زۆرەملێ و ملهووڕیی تاقمێكی هەرزەكار ناسنامەی كوردستانیەتی كەركووک بسڕێتەوە، ئیدی پێشمەرگە و خه‌ڵکی کوردستان ئامادە نین سەر بۆ هیچ هێزێك بچەمەێنن، ته‌نیا ئه‌و مرۆڤه‌ موتوربه‌کراوانه‌ی په‌روه‌رده‌ی خیانه‌ت نه‌بێ که‌ هه‌رده‌م ئاماده‌ی خۆفرۆشی و خیانه‌ت و خۆچه‌ماندنن“.


لە كۆتاییشدا نەفرەتی لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر كردووە و وا وەسفی كردووە كە ”وه‌ک باران به‌سه‌رمان داباری و فوو له‌ چرای هیوای گه‌لێک کرا“. هیوای ڕووڕەشیی هه‌میشه‌ییشی بۆ ئه‌نجامده‌ر و بکه‌رانی خیانه‌تەكە خواستووە.


هاوکات، جوان حەسەن، ئەندامی پێشووی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، پێش رووداوی 16ی ئۆکتۆبەر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەکوو پارەی پترۆدۆلار دەدایە شاری کەرکووک، کە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا خەرج دەکرا، بەڵام لەدوای ئەو رووداوەوە، نەوتی کەرکووک تەنیا بە تانکەر دەڕوات و هیچی لەبارەوە نازانین و پارەی پترۆدۆلاریش نەماوە، کە پێشتریش حکوومەتی عێراق لەدوای پەسەندکردنی دەستوور و بوونی ئەو ماددە یاساییە تیایدا، هیچ بڕە پارەیەکی بەو ناوە نەداوە.


لای خۆشیانەوە، شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پێشووی کەرکووکی پارتی لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، شازدەی ئۆكتۆبەر ساڵڕۆژی ڕووداوێكی كارەساتبار و ناخۆشە لە مێژووی گەلەكەمان ئەو ڕووداوە لە ئەنجامی ڕێككەوتنێكی ژێر بە ژێر و نهێنیی بەشێكی یەكێتی، بەبێ ئاگاداریی دامودەزگای فەرمی هەرێم و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت بە بێ ئاگاداریی بەشێكی گرنگی یەكێتی و بە سەرپەرشتیی لایەنێكی بیانی و حەشد و حكوومەتی عێراقی ئەنجام دراوە.


گوتیشی: “ئەم ڕێككەوتنە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و ناپاكی لە گەلی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەكانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كراوە”.


ئەوشی خستە ڕوو ئەم ڕێككەوتنە و ڕادەستكردنی كەركووك بەبێ شەڕ و پاشەكشەپێكردنی هێزەكان بەبێ هەماهەنگی و ئاگاداریی كۆی هێزی بەرگریی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە زەبرێكی گەورەی لە مۆڕاڵ و ورەی پێشمەرگە دا و پێشمەرگەشی بۆ بەرگریكردن لە ناوچە جیاجیاكان تووشی شپرزەیی وهەڵوەشانەوە كرد.


گوتیشی: “ئەم ڕووداوە بووە هۆی تێكدانی باری دەروونیی هاووڵاتیانی كوردستان و خەڵكی نیشتیمانپەروەر و نائومێدی لەناو تێكڕای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان دروست كرد، بە شێوەیەک ئەم ڕووداوە کاریگەریی زۆری خستە سەر ڕۆڵی کورد لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و سەرچاوەكانی هێز و داهاتی گەلی كوردستانی كردە نیوە”.


هاوکات ئاماژەی بەوەش دا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی داعش بە یەكڕیزیی تەواو لە یەك سەنگەردا بوون و قارەمانانە بەرگرییان لە كەرامەت و خاكی كوردستان كرد و ئەو خیانەتە بووە هۆی دروستبوونی درز و دووبەرەكی لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگە و وای لێهات لە ڕۆژانی دواتر بەشێكی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی بەرگرییان دەكرد و بەشێكی تریش فرمێسكی نائومێدی و حەسرەتیان دەڕشت لە دوورەوە سەیریان دەكرد. هەروەك گوتی: “ڕووداوی شازدەی ئۆكتۆبەر کاریگەری لەسەر سەنگ و رۆڵی هەرێمی کوردستان لەناو ناوەندە دەولی و عەرەبییەكان بەشێوەیەکی سلبی هەبوو، تەنانەت كاریگەریی خەراپی لەسەر ئەو ناوبانگە باشە هەبوو كە كورد لەسەر ئاستی جیهانیدا بەدەستی هێنابوو بە تایبەت لە شەڕی داعش”.


جەختیشی كردەوە، “ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر پەیوەندیی نێوان لایەنە كوردستانییەكانی تێك دا و زەمینەی بۆ دووبەرەكی و شەڕی ئیعلامی و بێ متمانەیی نێوان لایەنە سیاسییەكان خۆش كرد، تەنانەت بووە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەو ناپاكییە ناوخۆییەی ئەنجام درا، بووە هۆی بەهێزتربوونی ڕەوتی شۆڤێنی و تائیفی لەناو عێراقدا و هانی بەشێكی زۆری لایەنە عەرەبییەكانی دا بە (شیعە و سوننەوە) زیاتر و بێ باكانەتر دژایەتیی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بكەن. ئەوە جگە لەوەی کە بووە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كورد لە كەركووك و ناوچەكانی تری دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هەروەها پڕۆسەی تەعریب لەناوچەکە دەستی پێکردەوە و رۆژانە عەرەب هاوردە دەکرێت و بەپێچەوانەی یاسا رێگەیان پێدەرێت و کارئاسانیی نیشتەجێبوونیان بۆ دەکرێت، کە لە ئەنجامدا لەدوای شازدەی ئۆکتۆبەر سەرجەم سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی بەتاڵان دەڕوات و پارەکەشی دەچێتە گیرفانی بێگانە و هەندێ لە میلیشیاکان و تەنانەت خاکفرۆشانیش تا ئێستا بەرکەوتەیەکی کەمیان هەیە لەو بەتاڵان بردنەی شارەکە”.