كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتى بازرگانى: ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بیانی ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان

گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمی کوردستان رایگەیاند ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى گەورەى بیانى روودەکەنەوە هەرێمی کوردستان،کە بەهۆى شەڕى داعش و قەیرانى دارایى و پەتاى کۆڕۆناوە کوردستانیان جێهێشتبوو.


فەتحى محەمەد، گوتەبێژى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: "ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى گەورەى بیانى لە نێوانیشیاندا ئەورووپى و ئەمەریکى ئامادەکارى دەکەن، بۆ گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەى پڕۆژەکانیان، کە لە ساڵانى رابردوو ژمارەیەک لەو کۆمپانیایانە بە هۆى قەیرانى دارایى و شەڕى داعش و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڕۆناوە هەرێمى کوردستانیان جێهێشتبوو".

راشیگەیاند: "زۆرینەی ئەو کۆمپانیایانە لە بوارەکانى بازرگانى و وەبەرهێنان لە کەرتەکانى وزە و کشتوکاڵ و پیشەسازى و کاردەکەن، ئەوان لە هەرێمى کوردستان هەست بە ئارامییەکى زۆر دەکەن لە رووى ئەمنییەوە بە بەراورد لەگەڵ شارەکانى ناوەڕست و خوارووى عێراق، ئێمەش هەموو جۆرە کارئاسانییەکیان بۆ دەکەین بەپێى رێنماییەکان".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد "بە هۆى ئەو دۆخەى لە هەرێمى کوردستان بۆ کارکردنى کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران رەخساوە، زیاتر لە چوار هەزار کۆمپانیاى بیانى لە هەرێمى کوردستان مۆڵەتى کارکردنیان پێدراوە، ئەمە جگە لە هەزاران کۆمپانیاى خۆماڵیش کە رۆڵى گرنگیان هەیە بۆ پێشخستنى کەرتى وەبەرهێنان".