كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

قادر قاچاخ: هێشتا هیچ كەسێك بۆ پۆستی قایمقامی شنگال بە تەواوی یەكلا نەكراوەتەوە

بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند کە چاوەڕوانی حكوومەتی عێراقن بۆ ئەوەی رێككەوتن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و سەرەتا دەبێت هێزە داگیركارییەكان لە شنگال دەربكرێن.

قادر قاچاخ، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و بەرپرسی لقی شنگالی ئەو حزبە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "وەك دەزانرێت رێككەوتن لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كراوە سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، بەڵام هێشتا خاڵەكانی رێككەوتنەكە نەچووەتە باری جێبەجێكردنەوە، ئێمە بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێی حكوومەتی عێراق دەكەین بۆ ئەوەی خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن".

لەبارەی بارەی دەستنیشانكردنی قایمقامێكی نوێ بە ناوی خدر ڕەشۆ كە كوردێكی ئێزدییە بۆ شنگال، قادر قاچاخ ، گوتی: "ئەو ناوە خەڵك باسی لێوە دەكات كە ببێتە قایمقامی نوێی شنگال، بەڵام هێشتا دیار نییە كێ دەكرێتە قایمقامی نوێی شارەكە و تاوەكو ئێستا بەتەواوەتی رێكنەكەوتووینە كە كێ بكرێتە قایمقام، یان ئیدارە بگۆڕین، چونكە ئێمە چاوەڕوانی لایەنی بەرامبەر دەكەین، ئەگەر حكوومەتی عێراق جددی بێت دەبێ لە شنگال لە داگیرکاری رزگار بكات".

ئاماژەی بە ئەوەش دا کە "پێویستە حکوومەتی عێراق شەرعیەت بۆ شنگال بگەڕێنێتەوە و بۆشایی ئەمنی و ئیداری پڕ بكاتەوە، چونكە تا داگیركاری كۆتایی نەیەت، ئەوە هیچ گۆڕانكارییەك نابێ، دەنا گۆڕینی ئیدارە شتێكی ئاساییە و حكوومەتی عێراق لە ئەستۆی خۆی گرتووە كە شارەكە لەداگیركاری رزگار بكات".