ژمارەیەک سایلۆ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ژمارەیەک سایلۆ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن

به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانیی هه‌ولێر ئاشکرای دەکات، بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵی و بەرهەمی جووتیاران حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێنج سایلۆی نوێ دروست دەکات.

هێمن سەید موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانیی هه‌ولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەمەبەستی گرنگیدان به‌ به‌رهه‌می جووتیاران و پاراستنی گه‌نم وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی خۆراك، حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێنج سایلۆی نوێ دروست ده‌كات كه‌ له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان و لەم کابینەیەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆرترین گرنگی بە بەرهەمی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵی دەدات بە هۆی ئەوەی کەرتی کشتوکاڵی کۆڵەگەیەکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری وڵات".


گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بۆ دروستکردنی پێنج سایلۆ لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروستکردنی ئەو سایلۆیانە دەبێتە هاندەرێک بۆ جووتیاران بۆ ئەوەی بەرهەمی جووتیاران زیاد بکات و پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی بدرێت".

به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانیی هه‌ولێر، ڕاشیگەیاند: "ئامانج لە دروستکردنی ئەم سایلۆیانە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیە، هەروەها ئەو گەنمەی لە سایلۆکانی هەرێمدا هەڵدەگیرێت پارێزراو دەبێت لە فەوتان و پیس بوون و ڕزین، بۆیە بە زیادبوونی ڕێژەی سایلۆکان ڕێژەی گەنمیش زۆر دەبێت و دەبێتە هۆی سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات بۆ وڵاتەکەمان".
ئاماژەی بە ئەوەش کرد "دروستکردنی ئەم سایلۆیانە لەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێک جووتیاران بەرهەمەکانیان ئامادەدەبوو بۆ بازاڕ، جووتیارەکان گرفتی ئەوەیان هەبوو کاتێک گەنمەکانی خۆیان ڕادەسی سایلۆکان دەکرد ناچار بوون ڕێگایەکی دوور ببڕن و خەرجی ڕێگاشیان دەهاتە سەر و لە کاتی گواستنەوەی گەنمەکانیان بۆ هەولێر خەرجی زۆری گواستنەوەیان دەکەوتە سەر شان و کێشەی بە بازاڕ کردنیان ڕووبەڕوو دەبووەوە".