شوێنەواری پێکهاتە ئایینییەکان لە کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەواری پێکهاتە ئایینییەکان لە کوردستان

شوێنەوارەکانی ئایینی ئێزدی

(٢)

لە شوێنەواری بەجێماوە لە ئایینی ئێزدی، یەکەم شوێن، کە وەک کۆنترین و گرنگترین شوێنەوار دەبێ بناسرێت (لالش)ە.

لالش بە دووریی 60 کم لە شاری دهۆکە دەکەوێتە 14 کیلۆمەتریی شارۆچکەی ئێسفنێ، ئەم شوێنە کەوتووەتە ناو دۆڵێک، کە بە زنجیرە چیای بچووک دەورە دراوە، واتا لە بەشی رۆژئاواوە بە چیای حەزرەت و لە بەشی باشووروە بە چیای مەشەت و لە باکووریشەوە بە چیای عەرەفات دەور دراوە و تەنیا لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە کە ڕێگای هاتوچۆ هەیە بۆ سەردانی شوێنەكه.

 ئەم شوێنە، کە لەلایەن پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بە (لالشی نوورانی) دەناسرێت، بەهۆی مێژووە کۆنەکەی و هەبوونی مەزارگەی کەسایەتیی بەناوبانگ و کاریگەریی ئەم ئایینە (شێخ ئادی) و کوڕەکەی، وەک پیرۆزترین شوێنی ئایینی ئێزدی دەناسرێت، پەیڕەوانی ئەم ئایینە پێیان وایە، هەموو ئێزدییەک لە ژیانی خۆی دەبێ بۆ یەک جاریش بێت سەردانی لالش بکات، کە ئەمە هاوشێوەی جێبەجێکردنی فەریزەی حەج وایە.

بە بڕوای ئێزدییەکان، جیهان و ئەفراندن لە لالشەوە دەستی پێ کردووە و و چیای لالش یەکەم مەنزڵگەی خوا بووە.

هەر لە لالش، کۆمەڵێک شوێنی دیکەی پیرۆز هەیە، کە هەر یەکەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئێزدییەکان. شوێنە هەرە گرنگ و پیرۆزەکانی لالش، مەزارگەی کەسایەتیی پلە یەکی ئەم ئایینە (شێخ ئادیی هەکاری)یە.

 مەزارگەی شێخ ئادی:

ئەم مەزارگەیە تایبەتە بە کەسایەتیی پایەبەرزی ئایینی ئێزدی، شێخ ئادیی هەکاری، کە خزمەتێکی یەکجار گەورەی بە ڕێکخستنی ئایینی ئێزدی کردووە.

شێخ ئادی کێیە؟

ئادی، یان عەدی کوڕی مسافر کوڕی ئیسمائیل کوڕی مووسازای زاهیدی شامی هەکاری، لە ساڵی 1078ی زایینی لە گوندی (بێت فار) یان (شوفل ئەکراد)، لە لوبنان لەدایک بووە و لە تەمەنی 53 ساڵی گەیشتووەتە لالش و لەوێ بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی زانا، سیاسی و لێبووردە بووە، توانیویەتی بە بەکارهێنانی هێزی مەعریفەت و مەعنەوی، رێکخستنێکی گەورە و مێژوویی لە ریزەکانی پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی دروست بکات و ببێتە کەسایەتییەکی گرنگ و پایەبەرز، کە لە مێژووی ئەم ئایینەدا، یەکەم جار بوو کەسێک بگاتە ئەم ئاستە، بۆیە شێخ ئادی بوو بە جێی رێز و بە چاوێکی مەزنەوە سەیری دەکرا، هەتا ئەو رادەیەی، کە خەڵک زۆربەی دوعا و نزاکانی بۆ شێخ ئادی دەخوێندەوە.

شێخ ئادی لە ساڵی 1161 لە لالش کۆچی دوایی کرد و هەر لەوێ لە ئارامگەیەک نێژراوە، کە ئێستا بووەتە شوێنێکی ئایینیی گرنگ لە لالش، کە ساڵانە ئێزدییەکان لە سەرانسەری دونیاوە سەردانی دەکەن. لە بەشی پێشەوەی مەزارگەی شێخ ئادی، لە دەستی راستی دەرگایەکەی، وێنەی مارێکی رەش نەخشێنراوە. مار لە ئایینی ئێزدیدا نیشانە هێز و ژیان، بیرمەندی و رزگارکردنە.

هەر لەناو مەزارگەکەدا کانیاوێکی لێیە، کە لە بیروباوەڕی ئایینی ئێزدیدا ئاوێکی پیرۆزە و بۆ گەیشتن بەم کانییە، دەبێ لە رێڕەوێکی لە بەرد دروستکراو تێپەڕ ببیت، کە تەنیا ئێزدییەکان بۆیان هەیە بگەنە ئەم کانیی ئاوە، ناوی ئەم کانییە (زەمزەم)ە.

جگە لە مەزارگەی شێخ ئادی، چەند مەزارگەی دیکە لە لالش هەن، کە ئەوانیش شوێنی ناشتنی کەسایەتیی گرنگ و پایەداری ئایینیین.

لەدوای شێخ ئادی، کوڕی برای بە ناوی (سەخڕ کوڕی سەخڕ کوڕی مسافر) ناسراو بە (ئەبوو بەرەکات)، بوو بە جێنشینی، کە کەسایەتییەکی زانا و لێبووردە و میهرەبان و دڵسۆز بوو و لەسەر رێباز و رێچکەی شێخ ئادی بۆ رێکخستن و چاکسازیی لەم ئایینەدا بەردەوام بووە.

دوای ئەبوو بەرەکات، کوڕەکەی بە ناوی (ئادیی دووەم) شوێنی گرتەوە و ئەویش هەوڵی زۆری خزمەتکردنی ئایینی ئێزدی و پەیڕەوکارانی داوە. شێخ حەسەن کوڕی شێخ ئادیی دووەم، دوای باوکی دەبێتە میر و سەرکردەی ئێزدییەکان.

 بە گوتەی سەرچاوەکان، شێخ حەسەن کەسایەتییەکی کاریگەر و زانا بووە و لە رێکخستنی کۆمەڵگەی ئێزدیدا رۆڵێکی یەکجار بەرچاو و گرنگی هەبووە، شێخ حەسەن ناوچەکانی ئێزدییانی دابەش کردوون و میرنشینی بۆ دانان، بە جۆرێک میری هەر ناوچەیەک ئاڵای تایبەت بە میرنشینەکەی هەبووە.

 جگە لە پیرۆزی و تایبەتیی لالش و هەبوونی چەند مەزارگەیەک، وەک باسمان کرد، جێبەجێکردنی رێوڕەسمە ئایینییەکان و جەژنەکانی تایبەتی ئێزدی لە لالش، گرنگییەکی تایبەتتر دەداتە ئەم شوێنە.

یەکێک لەو جەژنانەی ساڵانە لە لالشی نوورانی دەکرێت، جەژنی (جمای)یە،  کە بە جەژنی پاییزیش بەناوبانگە، ئەم جەژنە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەڕێوە دەچێت.

وشەی جەمای، بە واتای کۆکراوە و هەموو دێت، ئەویش بەو مەبەستەیە، کە لەم جەژنەدا کۆمەڵێک رێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەچن، هەندێکیان تایبەتن بەو جەژنە، واتە ساڵێ جارێک بەڕێوە دەچێت و هەندێک لە رێوڕەسمەکانیش هەمیشەیی و رۆژانەن، کە لەم جەژنەشدا جێبەجێ دەکرێن.

رێوڕەسمەکانی جەژنی جەمای هەروەک رێوڕەسمەکانی حەج لە ئایینی ئیسلامدایە، تەنانەت چۆن لە ئایینی ئیسلام ئاوی زەمزەم هەیە و پیرۆزە، هەرواش لە ئایینی ئێزدی ئاوی (کانیی سپی) هەیە و لای ئێزدییەکان پیرۆزە، ئەم ئاوە بۆ مۆرکردن بەکار دێت، واتە هەموو ئێزدییەک لە ژیانیدا دەبێ جارێک بەو ئاوە مۆر بکرێت، وەك هێمای ئێزدیبوون، بۆ ئەوەی خوا لە گوناهەکانی خۆش بێت و منداڵەکان بەتایبەت دەبێ بەو ئاوە مۆر بکرێن و یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم ئاوە.

 لە ڕێوڕەسمەکانی ئەو حەوت رۆژە:

- رۆژی یەکەم دیاری کراوە بۆ بەیتی ئێوارە و سەمای ئایینی.

- رۆژی دووەم تەوافی تەواوی مەزارەکانی پەرەستگەی لالش بەڕێوە دەچێت.

- رۆژی سێیەم و چوارەم تەواوی رێوڕەسمەکانی رۆژەکانی پێشوو دووبارە دەکرێنەوە.

- لە رۆژی پێنجەمی ئەم جەژنە، مەراسیمی (7 پەری)یە، کە 7 کچ وەک پەری خۆیان بە جلی سپی دەڕازێننەوە، کە نیمادی 7 فریشتەی ئاسمانین.

- رۆژی شەشەمی جەژنی جەمای، رێوڕەسمی (قەباغ) بەڕێوە دەچێت، لەم رۆژەدا گایەک وەک قوربانی سەر دەبڕن و بە گۆشتەکەی خواردنێکی پیرۆز لێ دەنێن، کە (سمات)ی پێ دەڵێن.

- رۆژی حەوتەم و دوارۆژی جەژن، بە مەراسیمی (بەربەر سوارکردن) دەست پێ دەکات و کۆتایی پێ دێت، مەبەست لە بەربەر سوارکردن، واتە پێش خۆرهەڵاتن دەبێ مەراسیمی ئەو رۆژە دەست پێ بکات.

 بە گوتەی سەرچاوەکان، مێژووی ئەم جەژنە بۆ دوو- سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لە هەمان کاتی ساڵدا جێبەجێ کراوە، هەروەها ساڵوەگەڕی کۆچی کەسایەتیی ئایینی ئێزدی شێخ ئادی لەم کاتەی ساڵدا بووە، بۆیە لە مەراسیمی بەربەر سوارکردن مەبەستێکی دیکە هەیە و ئەویش یادکردنەوەی ناشتنی تەرمی شێخ ئادییە، کە لە ساڵی 1116 لە رۆژێکی وەک ئەو رۆژە پێش خۆر هەڵاتن نێژراوە.

جگە لە جێبەجێکردنی رێوڕەسمی جەژنەکان، رێوڕەسمی (میر و میرایەتی) کە یەکێکە لە رەسمە سیاسی و ئایینییە هەرە گرەنگەکانی ئایینی ئێزدی، لە لالشی نوورانی بەڕێوە دەچێت، کە ئەویش گرنگی و پیرۆزیی ئەم شوێنە زیاتر دەکات.

هەر لەسەر مێژووە کۆنەکەی لالش، هەوڵی ئەو هەیە، کە وەک شوێنەوارێکی ئایینیی گرنگ بخرێتە ناو لیستی کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ، بەڵام بە گوتەی نوێنەری ئێزدییەکان بەهۆی کەمتەرخەمی و بەدوادانەچوون، ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە.

هەر لەسەر هەبوونی مەزارگەکانی پیاوانی ئایینی، دەبێ باس لە مەزارگەی (شێخ شەرفەدین)، لە دامێنی چیای شەنگالدا بکەین.

ئەم مەزارگەیە، کە دوای لالش، دووەم شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانە، دەکەوێتە بناری چیای شنگال و لە ساڵی 1274 قوببەکەی بۆ گۆڕی شێخ شەرفەدین دروست کراوە و ئێستا بووەتە یەکێک لە ناسراوترین مەزارگەکانی جیهان و ساڵانە ئێزدییەکانی سەرانسەری دونیا سەردانی ئەم مەزارگەیە دەکەن.

چیای شنگال:

چیای شنگال بێجگە لە لایەنە ئایینییەکەی، لەڕووی جیۆگرافیییەوە گرنگییەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا هەیە، هەروەها رۆڵێکی گەورەوی لە هونەر و ئەدەبیاتی ئێزدیدا هەبووە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەمانە دەگەڕێتەوە:

- شوێنی جیۆگرافیای چیای شنگال دەکەوێتە سەرسنووری نێوان سووریا و عێراق، هەروەها نزیکە لە تورکیا، بۆیە شوێنێکی یەکجار ستراتیجی و گرنگە، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە، بۆیە هەر لە کۆندا ململانێی لەسەر هەبووە، بۆ داگیر و کۆنترۆڵکردنی، بۆیە یەکێک لەو شوێنانەی رێکخراوی تیرۆریستیی (داعش) زوو هەوڵی داگیرکردنی دا، چیای شنگال بوو.

- زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەسەر بیروباوەڕی ئێزدی بوون، ئەمەش دەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی دەسەڵاتە زاڵەکان بەسەر ناوچە و وڵاتەکە و تەنانەت هەندێ جار دەسەڵاتە دەرەکییەکانیش وەک دەوڵەتی عوسمانی، هەوڵیان داوە بۆ کۆنترۆڵکردن و خستنەوەی ئەم ناوچەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بە زۆر پێگۆڕینی ئایینیان و موسڵمانکردنیان، هەمیشە جۆرێک خەم و ترس لە ئاوارەیی بە بەردەوامی لەو ناوچەیەدا هەبووە، کە کاریگەریی لەسەر نووسین و گوتنەوەی هۆزان و هەڵبەست هەبووە و خەڵکی ئێزدی هەوڵیان داوە لەڕێگای هونەر و ئەدەبیاتەوە ئەم جینۆساید و هێرشانە باس و تۆمار بکەن و بیگەیەننە گوێی خەڵکانی تریش.

- چیای شنگال بۆ خەڵکی ئێزدی وەک پەناگەیەک بووە، کە لە کاتی هێرش و پەلامارە جۆراوجۆرەکاندا روویان لەم چیایە کردووە و خۆیان حەشار داوە.

قوببە و مەزار:

قوببە و مەزار، شوێنێکی تایبەتە بۆ ناشتنی پیاوانی ئایینی، کە ئێزدییەکان پێی دەڵین (خاس و چاکێت مە).

 مەبەست لە (خاس و چاکێت مە) ئەو کەسانەیە، کە لەڕووی ئایینییەوە رۆڵی گرنگ و بەرچاویان هەبووە و ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بە ئامۆژگاریی ئایینی و ڕێکخستن و پەرەپێدان بە ئایینی ئێزدی.

شێوازی ئەندازیاریی ئەو مەزارگانە زۆر جیاوازە و تایبەتە بەم ئایینە، بەتایبەت بەشی گومبەزەکە، کە دیزاین و کارێکی ئەندازەیی تایبەت بەو ناوچەیە و ئایینی ئێزدییەکانە.

قوببە و مەزارگە بێجگە لەڕووی ئایینی و جیاوازی لە ئەندازیاری، شوێنێکە بۆ سەردانی خەڵک و هیواخواستن بۆ بەدیهاتنی نزا و خواستەکانیان، کە بە گرێدانی پەڕۆی رەنگاوڕەنگ و خوێندنەوەی نیایش و دوعا لەلایەن ئەو کەسانەی، کە داوا و پێویستیان هەیە، ئەنجام دەدرێت.

هەر قوببەیەکی ئێزدی لەسەر چوارگۆشەیەک دروست کراوە، کە مەبەست لەوە هەر چوار گۆشەی دنیایە، پاشان بازنەیەک لەسەر چوار گۆشەکە دروست دەکرێت کە بە واتای گۆی زەوی دێت و هەر لەسەر بازنەکە هەشت گۆشەیەک دروست دەکرێ، کە بە مانای هەر چوار وەرزی ساڵ و شەو و رۆژەکەیان دێت، کە دەکاتە هەشت و لەسەر ئەم هەشت  گۆشەیە بیست و چوار تیشکی رۆژ دروست دەکرێت، بە ئیلهام وەرگرتن لە دوازدە مانگی ساڵ بە شەو و رۆژەوە، لە سەرەوەی ئەم تیشکانە دیسان چوار بازنە دروست دەکرێن، کە نیمادی خۆر و تیشکەکانیەتی لە هەر چوار وەرزی ساڵ.

لە زۆربەی ناوچەکانی ئێزدییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو قوببە و مەزارگە هەن و بەرچاو دەکەون، کە هەر یەکەیان هی سەردەمێکی جیاوازن و مێژووی کۆن و نوێیان هەیە.

ساڵانه له وەرزی بەهار و لە دوای جەژنی سەری ساڵ، ئێزدییەكان بەپێی گوند و ناوچەكانیان، لەسەر مەزاری چاكەكانیان رێوڕەسمی ئایینی بەڕێوە دەبەن، رێوڕەسمەكان له چەشنی فێستیڤاڵی ناوچه جیاوازەكانی كوردستان دەردەكەون.