هەرێمی فیدراڵیی کوردستان، تەنێکی سیاسیی چەقیو نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەرێمی فیدراڵیی کوردستان، تەنێکی سیاسیی چەقیو نییە


گەیشتن بە فیدراڵیزم، وەکوو "دەرچوونی تیرە لە کەوانەکەیدا و ناگەڕێتەوە"، پرۆسەیەکی گرنگە و تەنیا بە دوو ئاراستەی پێچەوانەدا کار دەکات، یان بەرە و مەرکەز دەڕواتەوە، یان لە مەرکەز – ناوەند - دوور دەکەوێتەوە، بۆ گەلی کوردستانیش گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەو فیدراڵیەتەی دەستمان کەوتووە چی لێ دەکەین و بەرەو کوێی دەبەین؟ راستە ئەو قووربانیانەی گەلی کوردستان داوێتی بەشی ئەوە دەکات دوو سێ دەوڵەتی پێ دروست بکرێت ، بەڵام هەر ئەوەی لە ٢٠٠٥ەوە، لە دەستووری عێراقدا فیدراڵیزمی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە و عێراق دانی پێدا ناوە و ناتوانێت پووچی بکاتەوە، ئەمە بەرەوپێشچوونێکی مەزنە، حکوومەتەکانی بەغدا دەتوانن کار بە بڕگەکانی دەستوورەکە نەکەن بۆ ماوەیەک، بەڵام ناتوانن پووچی بکەنەوە، چونکە یەک لە سیماکانی فیدراڵی بوون، نەگەڕانەوەیە بۆ مەرکەزیەت بوون، واتە "تیرەكە لە کەوانەکە دەرچووە“.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان چووینەتە سەر رێگەی سەربەخۆیی، ئەم قسەیە لەو کاتەوە چەسپاوە، کە شۆڕشی ئەیلوول بەسەرکردایەتیی بارزانیی نەمر توانی لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا، بەپێی رێكکەوتنامەیەک مافی ئیدارەی ئۆتۆنۆمی بکاتە بەشێک لە دەستوور و یاساکانی عێراق، دواتر لە پاش راپەڕینی ئاداری ١٩٩١، پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی گرنگی دیکەی نا، کاتێک فیدراڵیزمی بۆ هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەنگاوی گرنگی دیکە، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بوو، کاتێک بە رێبەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستانی باشوور ئەنجام درا و زیاتر لە سەدا نەوەد و دووی خەڵکی کوردستانی جنووبی دەنگیان بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق دا، ریفراندۆم وای کرد کە فیدراڵیزمی ئێمە بکەوێتە سەر رێگەی راستی بەرەو دەوڵەتبوون.

ئێستاش کە بەپێی دەستوور پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای فیدراڵیزمە، لەڕووی یاساییەوە (وێڕای هەموو قەیران و کێشەکان لەگەڵ بەغدا) هێشتا ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە، چەسپاندنی قانوون و دامودەزگاکانمان و بایەخدانمان بە مافە فیدراڵییەکان و پتەوکردنی دەزگا فیدراڵییەکان و تۆخکردنەوەی هەستی فیدراڵیبوون و بەهێزکردنی ئەو فیدراڵیەتە، بەتایبەتی لەلای گەلی کوردستان، پاڵپشتییەکی مەزنی بەرەو سەربەخۆیی چوونە.

سەد ساڵ بوو هەوڵ دەدرا عێراقێکی ناوەندی چەسپاو و نەگۆڕ و بێ بزاوت، بنیات بنرێت، بە هەموو عەرەب و دەوڵەتانی مەزنی جیهانیش لە هەوڵی سەقامگیرکردنی عێراقێکی یەکگرتووی مەرکەزیدا بوون، بەڵام دواجار، لەژێر گوشاری خەباتی گەلی کوردستاندا، هەموویان ناچار بوون دانیان بە فیدراڵیبوونی عێراقدا نا، کە ئەمە لە قازانجی گەلی کوردستاندا بوو. ئێستاش گرنگە گەلی کوردستان ئەم فیدراڵیزمە بەرەو کوێ دەبات، بەرەو مەرکەزیەتبوونی دەباتەوە، یان بەرەو سەربەخۆیی زیاتر، ئیتر ئەوە دەکەوێتە سەر زیرەکی، ویست و عاقڵیی خۆمان.

پێموایە ئەوانەی دەیانەوێت فیدراڵیزمەکەی کوردستان و عێراق بەرەو مەرکەزیبوون ببەنەوە، ئەوە گوناهێکە لە بەرانبەر خوێنی شەهیدانی زیاتر لە سەد ساڵی گەلی کوردستاندا دەیکەن، ئەوانەشی بەرەو سەربەخۆیی دەبەن، پیلانگێڕی لە دژی عێراق یان ئومەی عەرەبی ناکەن، بەڵکوو لەگەڵ رەوتی مێژوویی هەبوونی فیدراڵیزمەکاندا رێ دەکەن و هێنانەدیی قەدەرێکی سیاسییە کە هەر دەبێت روو بدات، ئەوەی گرنگە بڕیاری گەل و سەرکردەکانە، کە فیدراڵیتەکە بەرەو کام ئاڕاستەیە دەبەن.

لەم قۆناغەدا، هەرێمی کوردستانی عێراق کارێکی باش دەکات، مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی خۆی لە عێراق وەردەگرێت و مامەڵەیەکی یاسایی بەرمەبنای رێزگرتنی دووقۆڵی لەگەڵ بەغدا دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە، یاسا، هەست، دامەزراوەی فەرمی، پەیوەندی و دامەزراوە فیدراڵییەکان، دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانیش، بە نەفەسی فیدراڵیبوون لەگەڵ بەغدا تۆخ دەکاتەوە و پێویستە زیاتریش تۆخی بکاتەوە.

وتارەکەم لەبەر رۆشنایی قسەیەکی بەناوبانگی (رۆبێرت منزریس) سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم، نووسیوە، کە لە شوێنێک گوتوێتی: "من دەوڵەتێکی فیدراڵی بەڕێوە دەبەم، دەشزانم فیدراڵییەتەکان چۆن کار دەکەن، یان ئەوەیە بەرەو ناوەند رادەکێشرێن و دەبرێن، یان لە ناوەند دوور دەخرێنەوە، لە قۆناغێکدا هێندە دوور دەکەونەوە کە دەبنە دەوڵەت، فیدراڵییەتەکان، هیچ کات راوەستاو و چەقبەستوو نیین و نابن، هەمیشە بەرەو یەکێک لەو دوو ئاڕاستەیە دەجووڵێن یان دەجووڵێنرێن".