عێراقچی یان جاش؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

 

ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەناو شۆڕشدا و بەتایبەتی لەناو لایەناکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا، وشەی (عێراقچی) بەکار هات و کەوتە سەر زاری خەڵکی و بۆ چەند ساڵێک لە نووسراو و قسەوباسەکاندا دەبینران و بەر گوێ دەکەوتن، ئەو کاتە بە کەسانێک دەوترا کە خۆیان لەناو شۆڕشدا بوون و دژی رژێمی بەعسی ستەمکار لە شەڕدا بوون و بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەجەنگن، بەڵام لەگەڵ رێكکەوتن و دانوستان بوون.

ئەوان نە پەیوەندیی ژێربەژێریان هەبوو لەگەڵ بەعس و نە داواشیان دەکرد حکوومەت کورد برسی بکات و نە رێگەنیشاندەریشی بوون بۆ کاری ناجۆر، بگرە بە دوژمنیان هژمار دەکرد.

بەڵام بەو گرووپە بەناو کوردەی ئێستای پەرلەمانی عێراق كە نەیاری كوردستان و مافەكانی خەڵكی كوردستانن، بەداخەوە تەنها ناوەکانیان نەبێت، کە کوردیە و هیچ تایبەتمەندییەکی کوردیان تێدا نییە و تەنانەت عەرەبەکانی کاریشیان بۆ دەکەن خۆشبەختانە ناوەکانیان بە سەقەتی دەڵێن و کاتێک بۆ کوردێک باسیان بکەن نایانناسنەوە.

ئەمانە هەندێک جار دەبینرێت بە (عێراقچی) ناو دەبرێن، ئەم گرووپە کەمە بەرژەوەندخوازە خۆفرۆشانە، ئەوەی ل ەکوردستان دەگوزەرێت و ئەو هەنگاوانەی بۆ چاکسازی دەنرێن لەبەرچاو ناگرن و وەک ئەوەی لێی حاڵی نەبن زوڕنا تۆن نەشازەکەی دەمیان دانانێن و هەر خەریکی فوو پێداکردنین، بە هەموو پێناسەیەک ئەمانە (عێراقچی) نین، ئەمانە دەبێت یەک وشەیان بۆ بەکار بێت ئەویش (جاش)ە، چونكە جاشایەتی دەكەن. ئەوەی خیانەت لە میللەت و خەڵكی خۆی دەکات و ویژدانی خۆی دەفرۆشێت و دەیەوێت بۆ خواستی هەندێک کەس کە دوژمنی کوردن یان هاوکاری دوژمن و تەنانەت وڵاتیش دەفرۆش و بەردەوام خەریکی گەوجاندنی خەڵکن و خەریکی بە لاڕێدا دەبەن. هیچ نەما نەیکەن دژی هەرێمی کوردستان و خەڵكەكەی و حكوومەتەكەی، هەندێک ناخڕەشی شۆڤێنیی عەرەب نەبێت، کەس حیساب بۆ قسەیان و گوێبیستی زوڕنالێدانەکانیشیان نابن.

ئاخر گەر ئەو گرووپە سەمەرەیە نەبێت، کەس بیستوویەتی لە دونیادا، پەرلەمانتاری هەرێمێک بچێتە پایتەخت و مەركەز ولەوێ لە دژی بەرژەوەندیی هەرێمەکەی بجووڵێت و قسە بکات؟ کەسێک هەیە بیستبێتی پەرلەمانتارێكی هەرە توندڕەوە ڕاستڕەوەکانی وڵاتێکی ئەورووپی بچێتە پەرلەمانی ئەورووپا لە بروکسێل و لەدژی وڵاتەکەی خۆی قسە بکات و بیەوێت سیستمی حوکم و دەستووری وڵاتەکەی بگۆڕێت و نەزانانە قسەی لەسەر بکات؟ ئەمە هەر لای ئەو کۆلکە سیاسەتمەدارانە هەیە کە کەسیان ئەلف و بێی سیاسەت نازانن و بە قەڤا و قەدەر بوونە پەرلەمانتار و لە سەرەتای چاوکردنەوەیانەوە هەر فێری راپۆرت نووسین و بەردەری ئەم ماڵ و ئەو ماڵ بوون، لە کوێ باڵباڵێن هەبووبێت بە هەڵەداوان و بە پێخاوسی ڕایان کردووە، ئەوانە پەروەردەی هزری دابڕان و سەرلێشێواوین و مێژوو هەرگیز لێیان خۆش نابێت و لە کۆتاییدا گۆشەگیر دەمێننەوە.