لە ستایشی دایکانی زەبووندا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە ستایشی دایکانی زەبووندا


هەڵقەی (٣٤)


(لەنێوان میهر و دڵڕەقیدا)

+ لە هەڵقەکانی پێشووتردا ئاماژەمان بەوە دا، کە چۆن پیاوانی سپی پێست، خاوەندارییەتیی ژنانی رەشپێستیان پێ ڕەوا بووە، کە سەرباری بەگەڕخستنیان لەتەک نێرینەکانی دیکەدا، کە کۆیلە بوون، پێکەوە ناچار کراون بۆ پارووە نانێک دەستبەرداری ئازادیی خۆیان بن، سەرەڕای ئەرک و ئیشی زۆر لەسەر ئاستی کاری ناوماڵ و هەم هی سەر مەزراکان، لە باری تێرکردنی هەوەسیش بۆیان هەبووە، بە خوایشتی ژنەکان و کچان بووبێت، یان بە خورتی و زۆردارەکی، دەبوو ملکەچی خاوەنەکانیان ببن، کە لە ئەفریقاوە وەک کارئاسک و مامزەکان راو دەکران و دوای کۆتوبەندکردنیان، بە کەشتی رووە و ئەورووپا و ئەمەریکا دەگوێزرانەوە، لە بازاڕەکانی کۆیلە فرۆشەکان وەک هەر شتگەلێکی بێ گیان سەودا و مامەڵەیان پێدەکرا.

لەوەش کوشندەتر ئەوە بووە، کە دایکی ئاوس و دووگیان لە ئاکامی ئەتککردنی خاوەنەکەی بێت، یان هەر پیاوێکی دیکە، نامرۆییبوونی کۆی مەردمگەل لەو کاتەدا بەوە دەشکایەوە، کە ژنەکەیان تاوانبار دەکرد و بگرە منداڵەکەیشی هەم وەک بیژی و زۆڵ چاوی لێ کراوە و هەم دەبوو بە یەکێک لەو کۆیلانەی دیکە، کە گەورە دەبوو، دیارە ئەو منداڵە هەڵگری ناوی پیاوێک یان ژنێک نەدەبوو، بگرە پێویستی بە ناسنامە و بەڵگەنامەش نەبووە، چونکە ئەو هیچ کەسێک نەبووە.

دیارە لە مێژوودا ئەو دیاردەیەش هەبووە، ژنان و کچانی سپی پێست و ڕەشپێست ئەگەر لە لایەن پیاوانی دەستەڵاتدار و پێگەدار لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەوڵەتداری ئەتک بکرانایە، هەرگیز کەس زاتی نەدەکرد ئەوان دادگایی بکات، نە لەسەر ئاستی فەرمی و دادوەری و نە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی. بڕوبیانوو زۆر بوون، کە پیاوانی گەڵەگائاسا لێی دەربچن و لەکەدار نەبن. بازاڕگەرمیی کچان و ژنانی کۆیلە و دووڕەگ قازانجێکی زۆری هەبووە، وای کردبوو لاقەکردن و پەلاماردان و ئەتککردنی کچان و ژنان ببێت بە دیاردە، نەک رێکەوتێک و هەوەسێکی راگوزەری.

لەڕاستیشدا تاوەکوو ئێستا بە سەدان بەڵگە و راپۆرت دەخوێنینەوە و دەبینین، کە لە شانشینی (عەرەبی سعوودی) و هەم وڵاتانی (کەنداو) خەوتن لەتەک ژنان و کچانی کارەکەر و خزمەتکارەکان هیچ بڕوبیانوویەکی ناوێت، کە زۆر جاران کۆی نێرینەی خانەوادەکان بەبێ پەروا و بە نۆرە لەگەڵیاندا دەخەون، هۆکارێک و ئاسانکاری و چاوپۆشینێکی بێشەرمانە لەئارادا هەیە، کە مادامەکێ ئەو کارەکەرانە غەیرەدینن و موسڵمان نین، رەوایە و نایکەن بە گرفت و کێشە بۆ نێرینەکان، دیارە لەم بڕگەیەدا خامۆشیی مێینەکان لە دەرەنجامی برسییەتییەکی کوشندەیە، کە ئەوانی ناچار کردووە بەوەی، کە ناچارییەکە دەگەڕێتەوە بۆ برسییەتیی خانەوادەکانی خۆیان لەو وڵاتانەی، کە لێوەی هاتوون، بەتایبەتی خانمانی وڵاتانی هەژاری ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی دوور. هەر من بۆ خۆم مەراقم بووە، لە ساڵانی شەستەکانەوە ئەو رووداوانەی لە شانشینی (سعوودی) و کۆی (میرنشینەکانی کەنداو)دا دەقەومێن دەخوێنمەوە، کە نە (رەحمان) و نە (شەیتان) پەسندی ناکەن!

بەداخەوە و هەزار ئەفسووس، کە لێرە و هەنووکە بۆ من جێگەی گومانە، خانمان و کچان خاوەنی ئەو ئازادییە بن، کە وەک مرۆڤێکی شارۆمەند و هەم شارستانی، خاوەن رۆح و لەشی خۆیان بن، ئەزموونی هەفتا ساڵەی من پێم دەڵێت، کە کچان و ژنانیش لێرە ژیانێکی کولەمەرگی و هەم کۆیلەیی و بەندەواری دەژین، جا چ کەلاوەنشین بن و چ کۆشکنشین، چ پاکیزە بێت و چ بەلەسە و بێ پەروا، چ سەردەستەی خانمان و شازادە بێت و چ کەنیزەک و بووکەڵەی سێکسواڵ و هەوەسفرۆش بۆ پاروویەک، چ ژنێک، کە ساڵانە سکوزا بکات و کوڕان و کچانی چەلەنگ و زیبا و ژیری بەخشیبێت بە دونیا و چ نەزۆک، کە لای ماڵەخەزووران ئێسکگرانە. بە ژمارە کەمن ئەو خانم و کچانەی، کە خودپەروەر و سەربەخۆ بن، یاسا و رێساکان، کە دەستکردی رۆحی ترسنۆک و ستەمکارانەی پاتریارک و باوکسالاری و براسالاری و مێردسالاری و کوڕسالاری و خێڵسالاریین، بە کۆبەندیی وایان داڕشتووە، کە کۆی مێینەکان ملکەچ و گوێڕایەڵ و کۆیلەی زەمانە بن، ئەوسا لە روانگەی ئەو ملیۆنان نێرەوزە پەسند و جوان دەبن، کە مەرج و پێوانەی پیاوەتی و هەم ئیمانە لەرزۆکەکەیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە خانمان و کچان تا کوێ لە سێبەری خۆیان دەترسێن و لەناو ئەدەبیاتی کۆنەخواز و مەزهەبزەدە توندڕۆکان ئەوە باوە، کە کچان و ژنان بۆیان هەیە دوو جاران بێنە دەرەوە و بەس: ئەو کاتەی دەبن بە بووک و رووە و ماڵی زاوا بەڕێ دەکرێت، دووەم جاریش، کە دەمرێت و تەرمەکەی دەبەن بۆ ناشتن و گۆڕستان!

پرسیاری جەرگبڕانە ئەوەیە: ئایا لەژێر سایە و سێبەری ئەو دایکانەی بە ملیۆنانن، چۆن منداڵێکی نوێ تا گەورە دەبێت و وەک گەنجێک، ئەگەری ئەو خەونە هەبێت، کە ئازا و ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن ویست و حەز و کەسایەتیی خۆی بێت؟ هەر هەنووکە و لێرەدا، بگرە لەسەر ئاستی مرۆڤایەتیش، لە سەردەمانێکی دێرین و بگرە لەنێو هەندێک لە جوگرافیا جیاوازەکاندا، تاوەکوو ئێستاکێ ئەو ستەم و چەوساندنەوەیە هەر ماوە، کە دەتوانن خۆتان بۆی بگەڕێن. وەڵامی دروست ئەوەیە، کە مەحاڵە و سەدان بەڵگەشمان لەبەردەستە، کە ئەم هەقیقەتە تاڵە دەسەلمێنێت، منداڵان و گەنجان لە باری رۆحییەوە خەسێندراون.

(ئێریک فرۆم)، کە بیرمەندێکی ئەڵمانییە، لەمیانەی توێکاری و شیکارییەکی تۆکمەدا بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی فاشیزم و نازیزم دەیسەلمێنێت، کە ئەوە دایکانی (ئەڵمانیا) و (ئیتالیا) بوون، کە وەک دوو نەتەوەی هاوپەیمان و خوڵقێنەری جەنگی دووەمی جیهانگیری، کە زێدە زەبوون و ملکەچ بوون، کە ئیدی ئاسان بوو نەوەیەک پەروەردە بکەن، کە بە ملیۆنان گەنج و پیاو خۆیان بکەن بە قوربانی، کە لە بنەڕەتیشدا زادەی سیستمێکی رامیاری و میلیتاری و پاتریارکی بوون، کە ئەم دۆخە خوێناوییەی خوڵقاند، کە تەماعگیریی داگیرکردنی هەموو دونیا بوون، بەوە شکایەوە، کە گۆڕەپانی جەنگ و کوشتارگەکانیان ئاوەدان کردەوە، نەک باخچەکان!