جوانترین گوندی خۆرهەڵاتی ئێران هی کوردە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

جوانترین گوندی خۆرهەڵاتی ئێران هی کوردە

٣٨٠ جۆر ڕووەکی تێدایە

لەبارەی کۆچی کورد بۆ خۆراسان، مێژوونووسان هاوڕا نین و کەس نازانێ کورد لە کەیەوە لە خۆراسان نیشتەجێ بووە، بەڵام کورد لەگەڵ چوونیان بۆ ئەو دەڤەرە، گیرفانەکانیان پڕ بووە لە بەڕوو.

 بەڕوو یەکێک لەو دیارییە بەنرخانەی چیاکانی کوردستانە، کورد هەرگیز ناتوانێ دەستەبەرداری بێ و بۆ هەرکوێ رۆیشتووە، لەگەڵ خۆی بردوویەتی. ئەمە ئەو راستییەیە، لە دەوروبەری گوندی (درکش) بە چاوی خۆمان دەیبینین. بە درێژایی سنووری خۆرهەڵاتی ئێران، کە هاوسنوورە لەگەڵ سێ وڵاتی پاکستان، ئەفغانستان و تورکەمەنستان، تەنیا یەک دارستانی بەڕووی هەیە. داربەڕووەکانی چیای "ئاڵاداخ"ی گوندی درکش، کە 200 ماڵی کوردی لەخۆ گرتووە و سەدان کیلۆمەتر لە کوردستانەوە دوورە. دارستانێک لە داربەڕووی گەورە و بەتەمەن، کە تا ئێستاش ژینگەناسان پێیان سەیرە، چۆن ئەو دارستانە بەڕووە لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە، کە رووەکێکی نامۆیە بەو ژینگەیە.

(درکش) جوانترین گوندی خۆرهەڵاتی ئێرانە:

گوندی درکش کەوتووەتە 70 کیلۆمەتریی شاری بجنوورد و 30 کیلۆمەتر لە شاری ئاشخانە دوورە. بجنوورد و ئاشخانە دوو شاری کوردنشینی خۆراسانن. سەرجەم دانیشتوانی درکش شیعەمەزهەبن و بە شێوەزاەی کورمانجیی سەروو قسە دەکەن.

درکش یەکێکە لە سیحراویترین گوندەکانی ئێران، کە ناسناوی جوانترین گوندی ناو دۆڵ و شاخەکانی ئێرانی لەخۆ گرتووە و بە دەرمانخانەی سروشت ناوی دەرکردووە، چونکە 380 جۆر رووەکی لەخۆ گرتووە، کە 79 جۆریان دەگمەنن و وەک چارەسەری سروشتی بۆ نەخۆشییەکان بەکار دەهێنرێن.

ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئاسکی سوور:

لەناو داربەڕووەکانی ئەم گوندە، چەندین ئاژەڵ و باڵندەی وەک پڵنگ، ورچ، بەراز، گورگ، کەو و هەڵۆ دەژین، بەڵام ئەم ناوچەیە ژینگەیەکی لەبارە بۆ جۆرە ئاسکێک، کە بە "مەراڵ" یان ئاسکی سوور ناسراوە. ئەم ئاسکە یەکێکە لە گەورەترین ئاسکەکانی سەرزەوی، کە کێشی دەگاتە 250 کیلۆ و مەتر و نیوێکیش بەرزە. شاخەکانی ئەم ئاسکە بەر لە جووتبوون دەکەون و لە کاتی جووتبوونیش رەنگی ئاسکەکە لە خۆڵەمێشییەوە بۆ قاوەیی دەگۆڕێت.

(فەتیرمەسکە) و ( کوشنی چۆخە) هۆکارن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران:

بینینی گوندی درکش و سروشتە جوانەکەی لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا دڵڕفێنە. خەڵکی ئەم گوندە بە فەتیرمەسکە پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن، کە نانێکی تایبەتە بۆ کورمانجەکانی خۆراسان. فەتیرمەسکە کولێرەیەکی پڕ لە چەرەساتە، کە بە کەرە و زەردەچێوە چەوری دەکەن و لەناو سکڵ و پشکۆ دەیبرژێنن.

خەڵکی ئەم گوندە بە یاریی میللیی (کوشنی چۆخە)، کە زۆرانبازییەکی کوردەکانی خۆراسانە، سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆیان رادەکێشن و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران بۆ بینینی ئەم زۆرانبازییە سەردانی ئەم گوندە دەکەن.