خۆ من ئەسڵەن ژنم نەھێناوە.. ئیتر ڕۆژی لەدایكبوونی كوڕی چی؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

خۆ من ئەسڵەن ژنم نەھێناوە.. ئیتر ڕۆژی لەدایكبوونی كوڕی چی؟


ھەر كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گەنجینەكانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی لیستی مووچە ئامادە بكەن بەڵام وەك مووچەی مانگی 9 ئەو لیستە ئامادە بكرێت، ھەندێك كەس و لایەن وتیان ئەرێوەڵا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستانی خوارد، جا ئەوە لە كاتێكدایە كە:

1 - لە دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیەی حكوومەتەوە، مانگانە مووچە دابەش كراوە ھەتا ئەو كاتەی كە حكوومەتی عێراق بەشە مووچەی ھەرێمی كوردستانی بڕی و ئیتر لەڕووی كاتی دابەشكردنی مووچە و بڕی مووچەشەوە كێشە دروست بوو، واتە ئەگەر حكوومەتی عێراق نەیبڕیایە، بەدڵنیاییەوە هەموو شتێك وەك خۆی دەڕۆی.

2 - حكوومەتی عێراق ئەسڵەن بەشە مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش و حەوتی بۆ ھەرێمی كوردستان نەناردووە. جا باشە كە ئەو مانگانەی پێنج و شەش و حەوت مووچە ئەسڵەن لە بەغداوە نەنێردرابێت بۆ ھەرێمی كوردستان، ئیتر چۆن ئەرێوەڵا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مووچەی پێنج مانگی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستانی خوارد؟ سەیری ئەم نموونەیە بكەن:

ساڵی 2007 لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی كابینەی پێنجی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كارم دەكرد، بە حوكمی سرووشتی كارەكەم، ئامادەی كۆبوونەوەی ھەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبووم، ڕۆژێك پێش ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەست پێبكات، دوو وەزیر سەیری سەركیس ئاغاجان وەزیری دارایی ئەوكاتی حكوومەتیان كرد و گوتیان: ”كاك سەركیس وەزعت باشە تۆ لە ئەم ھەفتەیەدا و لە ڕۆژی لەدایكبوونی كوڕەكەتدا 20 ھەزار دۆلار واتە دوو دەفتەر دۆلارت لە ئاھەنگەكەیدا خەرج كردووە!“. (یەكێك لە ماڵپەرەكان كە ھەتا درۆ و بوختان ھەڵبەستن وەستابێ ھیچی تر ناكات، ئەم ھەواڵەی بڵاو كردبۆوە كە سەركیس ئاغاجان لە ئاھەنگی ڕۆژی لەدایكبوونی كوڕەكەیدا دوو دەفتەر دۆلاری خەرج كردووە).

سەركیس ئاغاجانیش گوتی: ”باشە ئاخر خۆ من ئەسڵەن ھەر ژنم نەھێناوە، ئیتر كوڕی چی و ئاھەنگی ڕۆژی لەدایكبوونی چی و خەرجكردنی دوو دەفتەر دۆلاری چی؟!“.


جا ئایا ئەگەر ئەسڵەن حكوومەتی عێراق بەشە مووچەی مانگەكانی پێنج و شەش و حەوتی بۆ ھەرێمی كوردستان نەناردبێت، ئیتر مووچە خواردنی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە چ بنەما و مانایەكی ھەیە، ھەی قوڕ بەسەر ساحێبتان!