لامه‌ركه‌زییه‌تی كارگێڕی یا لامه‌ركەزییه‌تی سیاسی؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لامه‌ركه‌زییه‌تی كارگێڕی یا لامه‌ركەزییه‌تی سیاسی؟


به‌م لامه‌ركه‌زییه‌ته‌ كه‌ركووك نافرۆشم وه‌كوو قه‌یسه‌ری رووسیا كە خاكی ئه‌ڵاسكای پڕ له‌ زێری ره‌شی دۆڕاند و فرۆشتیه‌ ئه‌مریكا... تا نه‌وه‌یه‌كم مابێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و كه‌ركووك ده‌جه‌نگێ!

رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یی كورد مه‌لا مسته‌فای بارزانی

‌ره‌تكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی (ناناوه‌ندی) لامه‌ركزییه‌تی سیاسی له ‌ساڵی ١٩٦٣ له‌لایه‌ن سەركردەی هەرە درەوشاوەی كورد بارزانیی نه‌مره‌وه، ئه‌و په‌یامه مێژووییه‌ ئاراسته‌كراوه‌ بوو بۆ ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ وه‌كوو چرا و وه‌میزی هیوا وایه‌ ‌بۆ دڵ و ده‌روونی نه‌وه‌كان، تا هیچ ساته‌وه‌ختێك دڵخۆش نه‌بن به‌ مه‌كره‌مه‌تی عه‌قڵیه‌تێكی شۆڤینی كه ‌هه‌رده‌م له‌بن كۆڵی تاكڕه‌ویی ملكه‌چ پێكردندا سه‌كۆیان گه‌رم بووه ‌و بۆ سه‌پاندنی ئاواتی تاكڕەویی خۆیان له‌رێگەی به‌ستنه‌وه‌ی به ‌ستراكچه‌ری سیاسه‌ته‌وه‌. چون وه‌كوو هێزێكی سته‌مكار رازی بوونه‌ به‌ هه‌یمه‌نه‌تی سیاسه‌تی ئامۆزشكاری كه‌ له ‌هه‌گبه‌ی تاریكی خیانه‌ت و ماڵوێرانكاریدا سه‌ری هه‌ڵداوه‌ نه‌وه‌ك له‌ وه‌چه‌رخان بۆ ژیانێكی پڕ كه‌رامه‌ت بۆ نەتەوەیەكی وه‌كوو كوردی ستەمدیدە.

شۆرشی كوردستان لەپای ئەوە هه‌ڵگیرسا چونكه‌ عه‌قڵیه‌تی شۆڤێنی و تاكڕەو و خۆ بەزلزان و كورد بە هیچ نەزان، لە بەغدا حوكمی دەكرد، ئەو دەسەڵاتە لە هەوڵی چه‌پاندنی ده‌نگی ئازاد و وشككردنی ره‌گوڕیشه‌ی بزاوتی نه‌ته‌وه‌یی كوردا بوو، به‌و پێیه‌ی راستییه‌كی ره‌ها هه‌یه‌ له‌ ئه‌لف و بێی سیاسه‌تدا، ئەویش ئەوەیە كە نه‌زعه‌ی شۆڤێنی هه‌رگیز سه‌لاری و حوكمی عەقڵانی و رەشید ناخوڵقێنێ، چونكە باوەڕی بە چەوساندنەوەی بەرامبەرەكەی هەیە، ده‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی له‌ناوبردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی.‌

كه‌ ده‌ڵێین مێژوو، واتا گه‌ڕان به‌دوای دێڕی یاداشت و یادگاری و راووداوە نووسراو و نەنووسراوەكاندا، له‌م میانەیە‌دا وه‌بیرهێنانه‌وه‌یان هه‌میشه‌ بۆ ریفرێشبوونی زه‌مه‌نه، ئەوەش ئه‌و هێزه‌یه‌ كه هانی ورە و وزه‌ی بازوو و جه‌سته‌ ده‌دا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ رۆچوون لە كاروانی خەبات بۆ دۆزی ره‌وا. بۆیە خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی باوكی رۆحیی نه‌ته‌وه‌ی كورد له ئه‌مڕۆماندا، گرنگیی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ڵگری زۆر ره‌هه‌ند و زۆر واتایه،‌ به‌تایبه‌ت پاش لێكەوتەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ له‌یه‌كچوونی ده‌رهاویشته‌ سیاسییه‌كان لەگەڵ هەندێ رووداوی رابوردوودا، ئه‌گه‌رچی له‌ سیاقی دوو زه‌مه‌نی جیاوازدان.

هه‌ڵبه‌ته‌ له وروژاندنی پرسی لامه‌ركه‌زی (ناناوه‌ندی) له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ند له ‌رابردوو له‌ پرۆژه‌یاسایه‌كی موله‌ق و رێكخراو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی تاكڕه‌وی عه‌ره‌بی قه‌ومی و به‌عسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م كه‌ وه‌كوو ئامرازی چاره‌سه‌ر نێردرا له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆمیدا. لە راستیدا به‌بێ كه‌ركووك ئه‌م هه‌نگاوه‌ موژده‌ی ئاسۆیه‌كی نوێی پێنەبوو بۆ گه‌لی كورد نەخاسمە كە كه‌ركوویان لە كوردستان دابڕاندبوو. دیاره‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یاسایه له‌لایه‌ن باوكی رۆحیی نه‌ته‌وه‌یی كورد و لێكچوواندن و به‌راوردكردنی خاكی كه‌ركووك به ‌خاكی ئالاسكای سۆڤێتی جاران كه‌ چۆن قه‌یسه‌ری رووسیا ملكه‌چ بوو به‌بێ ئیراده‌یه‌كی سیاسی، واژووی له‌سه‌ر به‌ڵێننامه‌یه‌كی یاسایی كرد به‌ فرۆشتنی خاكی زێڕی ره‌ش، ئەمە جێگەی هەڵوەستە و وەبیرهێنانەوەیە.

له‌‌ كۆتاییدا، وێڕای پیرۆزبایی له‌ كاراكردنی لامه‌ركه‌زیه‌تی كارگێڕی لە هەرێمی كوردستان، كە یەكێكە لە ئامانج و كارنامەكانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، به‌ ئامانجی رێكخستنی كاروباری یه‌كه‌ ئیدارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هەموو هەرێم، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە كارایی داڕشتنی به‌رنامه‌ی كاری ئه‌م حكوومه‌ته،‌ ئاشكرایه‌ و بۆ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سیكته‌ره‌ ئابوورییەكانە له ‌هه‌رێمی كوردستاندا، چ له‌ كه‌رتی ئابووری به‌ بووژانه‌وه‌ سەرچاوەی داهاته‌ خۆماڵیەكان لە رێی نەییهێشتنی گەندەڵی تیایندا، چ له راییكردن و ئاسانكاری لە مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان و كوشتنی رۆتین له‌ ده‌زگا حكوومیەكاندا.

بەڵام وێڕای ئەم دەستخۆشیە، دەپرسین، بۆ هەرێمی كوردستان لامەركەزیی كارگێڕی باشە تا كارەكان ئاسانتر بەڕیوە بچن، یان لامەركەزییەتی سیاسی و بچووككردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و دابڕان و شارچێتی؟

دیدی پارتیی دایك له ‌هه‌وراز و نشێویی سیاسییدا، روون و ره‌وانه، ئه‌م دیدگا رۆشنانه‌ تەنانەت لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵانیشدا هەبووە. به‌ڵام ناڕوونی له‌ ستراتیج و به‌رنامه‌ی حزبی زۆنی سه‌وز؟ هه‌ڵگری گوشرانێكی سیاسیی تازه‌یه،‌ به‌تایبه‌ت پاش ١٦‌ی ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی كه‌ركووك له‌ لایه‌ن سوپای عێراق و حەشدی شەعبیەوە و قبووڵكرنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان به‌م مانۆڕه‌ سیاسییه‌ كه‌وا له‌ كه‌ركووك هێزێكی باڵاده‌ست تەواوی دامودەزگا حكوومیەكانی ئەم شارە بگرنە دەست و ئاڵای كوردستان قەدەغە بكرێت، رەنگە پێناسەیەكی جوانی ئەو ناڕوونی و كورتبینیەی حزبەكەی زۆنی سەوز بێت.