كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر: وێڕای پەتای کۆرۆنا ئەمساڵ لە هەولێر زیاتر لە 50 کارگە مۆڵەتيان وەرگرتووه

"هەندێک بەرهەمی خۆماڵی لە بواری بیناسازی و خۆراک بەشی پڕکردنەوەی بازاڕی ناوخۆ دەکەن"

 

تەیب کەژۆ عەلی، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ (باسنیوز)، باسی دامەزراندنی كارگە و بەرهەمە خۆماڵییەكان دەكات و رایدەگەیەنێت: “هەندێک بەرهەمی خۆماڵیی هەن، بەشی پڕکردنەوەی بازاڕی ناوخۆ دەکەن، بەتایبەت لە بواری بیناسازی و هەندێک بەرهەمی خۆراک”.

تەیب کەژۆ عەلی ئەوەی خستە ڕوو، پەتای کۆرۆنا کاریگەرییەکی زۆر خراپی هەبووە لەسەر رەوشی کارکردنی کارگەکان و کەرتی پیشەسازی، تەنانەت گشت سێکتەرەکانی تریش بەدەر نەبوون لە کاریگەریی نێگەتیڤی ئەو پەتایە، گوتیشی: "دەستەبەرکردنی کەرستەی خاو و کادیری پێویست بۆ کارگەکان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی کارگەکان، گرفتی گەورە بوون بۆ خاوەن کارگەکان، بەڵام ئێستا خۆشبەختانه خەریکە لە کوردستان و هەموو جیهان هەوڵ دەدرێت پەرە بە سێکتەرە ئابوورییەکان بدرێتەوە، لەناویشیاندا کەرتی پیشەسازی".

ئاماژەی بەوەش دا، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، گرنگیدان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە کارە لەپێشینەکانی حکوومەتن، گوتیشی: "ئێستا هەوڵێکی جدیی هەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کەرتی پیشەسازی لەناو حکوومەت، بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی ئەو گرفتانەی رووبەڕووی کارگەکان و پڕۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی دەبنەوە، بەتایبەتی لە رێگای وەزارەرتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی شارەوانی و نوێنەرانی کەرتی تایبەت" .

بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر، ئەوەش دەخاتە ڕوو، ژمارەی مۆڵەتدانی كارگەكان زیادی كردووە "پارساڵ تا مانگی ئەیلوول تەنیا 40 کارگە لە هەولێر لەلایەن وەزارەت مۆڵەتیان پێ درابوو، بەڵام وێڕای هەبوونی پەتای کۆڕۆنا، تا ئێستا زیاتر لە 50 کارگە مۆڵەتیان وەرگرتووه، کە نزیکەی 20 كارگەیان لە بواری خۆراكدا بوونه".

باسی لەوەش كرد: "کارگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 60-65%ـی بازاڕەکانیان لە باشوور و خوارووی عێراقن، هەندێک بەرهەمی خۆماڵییش هەیە، بەشی پڕکردنەوەی بازاڕی ناوخۆ دەکەن، بەتایبەت لە بواری بیناسازی و هەندێک بەرهەمی خۆراک و ئاوی خواردنەوە، هەروەها لە رووی کوالێتی و نرخیش بەرهەمی باشمان هەیه و دەکرێت بەرهەمەکانمان باشتر و هەرزانتریش بن، ئەگەر بتوانین وەکوو حکوومەت پشتگیریی زیاتریان بکەین".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەبارەی كێشەكانی بەردەم گەشەپێدانی پیشەسازی و گوتی: "گەورەترین کێشەکانی بەردەم پرۆسەی گەشەپێدانی پیشەسازی، کە ئێمە وەکوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەستی پێ دەکەین، بریتین لە :1- پەسەندنەکردنی یاسای گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازیی تایبەت و تێکەڵاوی ژماره 20ی ساڵی 1998ی پەرلەمانی کوردستان. 2-نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە هەندێك ناوچەی پیشەسازی، ئێستا لە پارێزگای هەولێر بە جدیی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ناوچەی پیشەسازیی تیماری گەورە. 3- نەبوونی هەماهەنگیی پێویست لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی پیشەسازی، بۆ نموونه هەندێک جار لە کاتی ناردنی بەرهەمی کارگەیەک بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، یان هێنانی کەرەستەی خاو لەدەرەوە بۆ کارگەیەک، نزیکەی دوو مانگ لەنێوان وەزارەتمان و وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و دارایی و ژینگە دەخایەنێت. 4- گرانیی نرخی کارەبا و سووتەمەنی بۆ کارگەکان. 5- کەمیی توانای مرۆیی و دارایی دامودەزگاکانی پەیوەندیدار بە کەرتی پیشەسازی. 6-نەبوونی سیستەمێکی بانکیی ئەکتیڤ و کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستاندا".