كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

قایمقامی بەوەكالەتی سۆران: لە چاوەڕوانی گەیشتنی بەشە نەوتی هاووڵاتیانداین

 

قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت دەڵێت، دواكەوتنی بەشە نەوتی هاووڵاتیان پەیوەستە بە حكوومەتی عێراق، لەگەڵ گەیشتنی نەوتەكەش، لەسنووری پارێزگای هەولێر سەرەتا لە دەڤەری سۆرانەوە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/10/2020، مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوچەكەمان سارد و شاخاوییە و وەرزەكەش بەرەو زستانە، هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەرچی زووە بەشە نەوتی هاووڵاتیانی سنوورەكەمان دابەش بكرێت، ڕوونە هۆكاری دواكەوتن و دابەشنەكردنیشی پەیوەندی بە حكوومەتی عێراقەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چاوەڕوانی ناردنی نەوتەكەداین و گەشبینین كە بەم نزیكانە دەست بە دابەشكردنی بكرێت".

قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت، ئەوەشی خستەروو، ئامادەكاریی تەوامان كردووە لیژنەیەكی تایبەتمەندمان پێكهێناوە، بۆ ئەوەی لەكاتی گەیشتنی نەوتەكە، لە سەرەتاوە لە گوند و شارۆچكە شاخاوییەكاندا دابەشی بكەین، دواتریش لە سەنتەری قەزای سۆران.