فیلمی کۆچەری بچکۆل لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "سائۆ پائۆلۆ" نمایش دەکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فیلمی کۆچەری بچکۆل لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "سائۆ پائۆلۆ" نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "کۆچەری بچکۆل" لە دەرهێنانی "بەتین قوبادی" لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی کوردیی "کۆچەری بچکۆل" The Little Refugee لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی"، لە بەرهەمهێنانی "محەمەد ئەحمەدی" و بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و تورکیا لە ساڵی 2019؛ لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان" لە چل و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" São Paulo لە بەرازیل بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێت.

لە فیلمی سینەمایی "کۆچەری بچکۆل"دا کۆمەڵێک ئەکتەری کورد و ئێرانی و تورکیا لەوانە: "فەرشید گەوێڵی"، "نادر فەلاح"، "پەریا وەزیری"، "عەزیز چابکورت"، "سوات ئوستا" و "محەمەدڕەزا عەقدایی" لە گەڵ دوو ئەکتەریی منداڵ "یووسف مەحموود عەبدوالقادر" و "محەمەد مەحموود عەبدوالقادر" ڕۆڵیان بینیوە.

"کۆچەری بچکۆل" دووەمین بەرهەمی فیملی بڵندی سینەمایی "بەتین قوبادی"یە کە دوای فیلمی سینەمایی "مەردان" بەرهەمی هێناوە کە ساڵی 2015 وەک نوێنەری وڵاتی عێراق لە هەشتا و حەوتەمین خولی رێوڕەسمەکانی خەڵاتی سینەمایی ئۆسکار بووە و دواتر لەسەر پەردەی سینەماکانی وڵاتانی جیهان نمایش کراوە و بەشداریی لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی دنیادا، لەوانە: سی و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تۆرێنتۆ" لە کەنەدا، چل و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" لە ئەمریکا، چل و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە هیندستان، سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە سوید، سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" لە ئەمریکا، چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئیستەنبۆڵ" لە تورکیا، هەروەها چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیشی بە دەست هێناوە.

چل و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سائۆ پائۆلۆ" بە نمایشی 198 فیلم لە دەرهێنەرانی 71 وڵاتی جیهان، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێ و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "ئاسۆی نێودەوڵەتی"، بەشی پێشبڕکێی "دەرهێنەرە نوێیەکان"، بەشی "بەرازیل"، بەشی "خەڵاتەکان"، بەشی "مافی مرۆڤ" و بەشی "کەمپەینەکان" لە ڕۆژانی 22ی ئۆکتۆبەر تا 4ی نۆڤەمبەری 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ یەکەمین جار، بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری سائۆ پائۆلۆ لە بەازیل بەڕێوە دەچێت.

هەندێک لە ستافی فیلمی سینەمایی "کۆچەری بچکۆل" بریتین لە:

نووسەری سیناریۆ و دەرهێنەر: بەتین قوبادی، راوێژکاری سیناریۆ: مەرزیە خوش تەراش، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: مورتەزا نەجەفی، وێنەگری بەشی تورکیا: جەعفەر ئەسڵانی، مونتاژ: هایدە سەفی یاری، دەنگهەڵگر: محەمەد موختاری، دیزاینی سەحنە: مورتەزا فەربود، دیزاینی جلووبەرگ: ئیلهام موعین، دەنگدانەر: بەهمەن ئەردەڵان، میکیاج: مەحموود دێهقان، بەرپرسی پلان: گوڵڕیز ئیحتیاتی، موزیک: بابەک میرزاخانی، بەرپرسی تەدارەکات: ئیسماعیل میرزایی، چاککردنی ڕەنگ: سامان مەجد وەفایی، یاریدەدەرانی دەرهێنەر: محەمەد کاشی و مستەفا هادی، مونشی سەحنە: مونا پیرایش، رووناکی: عەلیڕەزا ئەفشاری، فۆتۆگرافەر: سومەیە جەعفەری، دیمەنە تایبەتەکان: عەلی تەسدیقی، بەرپرسانی بەرهەم: میلاد خوسرەوی، بەهرام سەربازی، بەرهەمهێنەر: محەمەد ئەحمەدی، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و تورکیا، ساڵی بەرهەمهێنان: 2019.