شیوەنێك لە ئۆکتۆبەردا.. چاوەڕێی ئەوە نەبووم کوردێک بە دەستی خۆی زنجیری کۆیلەیی بخاتە ملی خۆی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شیوەنێك لە ئۆکتۆبەردا.. چاوەڕێی ئەوە نەبووم کوردێک بە دەستی خۆی زنجیری کۆیلەیی بخاتە ملی خۆی


بەر لە هەر شت، دەبێ بڵێم کە ئەم نووسینە سوتانی ناخ، وێناکردنی هەست و سۆزی دەروونی کەسێکە کە ساڵانێکە خەمی کوردی خستووەتە هەگبەکەیەوە و جگە لە سەرکەوتنی ڕاستی، شتێکی دی نرخی نییە لای. بۆیە هەقی وایە جگە لە دژەژیانان، کەس تووشی تەنگەتاوی نەبێ لێی.

سەردەمانێکی زۆر، کورد بە چیرۆك و ئەفسانەی سەیر و سەمەرەی جۆراوجۆر خەڵەفێنرابوو و بە خەیاڵی پێکەوەژیانی مرۆییانە لە دەوڵەتی ئێراقدا، کە خۆی بە شێوە و ئامرازی نامرۆڤانە پێکهێنراوە، هێڕ کرابوو. ئیدی هەر هەوڵێکی خۆڕزگارکردنی لەم خەرابستانە، ڕووبەڕووی ماڵکاولی و مەرگی کردووەتەوە. خۆ کە نەشیانتوانبێت بە تەواوی قڕی بکەن، مێژوو و کولتووریان وا شێواندووە، کە هەست و ویستی هاوبەشیان هێجگار لاواز بووە.

مرۆڤ و خاك، ئاشقە و ماشقەیەکی وان كە ئەستەمە بتوانرێت لێکدی جودا بکرێنەوە، بۆیە هەرچەندێك لێك دوور بن، هەر نزیکتر دەبنەوە لە یەکدی. ئەمە فەنتازیای ناو نووسین و کتێبان نییە، جگە لە بوونی سەدان شاکاری ئەدەبی، بینینی ڕۆژانەی دەیان کەسی نەتەوەی جیاواز ڕاستیی ئەوە دەسەلمێنێت. ئەوانەش کە ئەوە ناسەلمێنن، دیارە دژی بارە سروشتییەکەن، بۆیە شایانی پێناسەی جیاواز و تایبەتن.

کورد کە لە ڕۆژی گەشی ۲٥ی ئەیلوولی ساڵی ۲٠۱۷دا دەنگی بە سەربەخۆیی دا، ویستی خۆی بونیاد بنێت، ویستی تەوژمێکی ژیاندۆستیی وا بەرپا بکات کە شادی و شایی بخاتە شوێنی شین و شەپۆڕ. ویستی مافێك پیادە بکات کە هی خۆیەتی و کەسی دی خاوەنی نییە.

هەرچەند دەکەم ناتوانم لەوە تێبگەم کە بە چ لۆژیكێکی زانستی، یان بە چ ئایدیایەك ئەو دیاریکردنی مافی چارەنووسەی کە لەم سەدوپەنجا ساڵەی دواییدا پتر لە سەدوپەنجا وڵاتی پێ سەربەخۆ بووە، لە کورد حەرامە؟! ئەی هاوار خۆتان دەیان ساڵە بەیاننامە یان بڵاوکراوەتان هەیە کە تیایدا داوای دەوڵەت بۆ فەلەستین ئەکەن؟ ئەدی بۆچی لە ئاستی نەتەوەی خۆتانا وان؟!

دڵنیام باش دەزانن کە کۆمەڵەی نەتەوەکان لە 30.09.1924دا ئەوەی سەلماند کە کوردەکان نایانەوێ بەشێك بن لە دەوڵەتە تازە دروستکراوەکانی ئێراق و تورکیا، بەڵکوو سەربەخۆییان دەوێ. بەڵام بۆنی نەوت ئینگلیزی وا لێ کرد کە لە 16.12.1925دا باشووری کوردستان بخاتە سەر ئێراق (کەوا دەرکەوت هەر هەمان بۆنە لە ئۆکتۆبەری ڕەشی 2017شدا هەمان هەڵوێستی هەبێ). ئیدی لەو کاتەوە، هیچ خۆڕاپسکاندنێک، کوردی لەو وڵاتە جودا نەکردەوە و خوێنیش بووە كەناڵی سەرەکیی پەیوەندیی هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب. هەموو ئەو کاتانەش کە دەنگی چەکەکان کپ کراون، ئەوە دەستپێشخەری لە کوردەوە بووە.

ڕۆژی پیرۆزی 25ی ئەیلوولی ۲٠۱۷، ویستمان بە ڕاپرسییەکی ئازاد ئەو بارە نالەبارە ڕاست بکەینەوە و ئیدی لە مەوالێتی ڕزگارمان بێت و هەگبەی ئەو ئازارە قورسە دابنێین کە سەد ساڵ بوو پێوەیەوە دەمانناڵاند. ویستمان درەختی سەربەخۆیی بۆ کورد بنێژین، کە جگە لە شکۆ بۆ کورد هیچی دی لێ سەوز نەدەبوو.

من کە چاوەڕوان نەبووم تەنها کوردێك هەبێ هەوڵی هەڵکەندنی ئەو دارە بدات، کە هێشتا نە دەزوولەیەك ڕەگ و نە خونچەیەکی لێ سەوز نەبووبوو. چاوەڕوان نەبووم کوردێك بە دەستی خۆی زنجیری کۆیلەیی بخاتە دەستوپێی، یان ببێ بە پوازی ئەو تەورە و دەسکی ئەو شمشێرەی سەدان ساڵە بۆ پەڕاندنی ملی ئەو بەردەوام تیژ دەکرێتەوە، ڕۆژانێکی زۆر تاسام،
ئەسرینی زۆرم هەڵڕشت، لافاوێك لە فرمێسك کە بۆ لەدنیادەرچوونی هیچ ئازیزێك هەڵمنەڕشتبوو.
باسی چی لە پانۆرامای ئەو کارەساتە بکەم،
ئەو ڕۆژە ڕەشانەی کە دەمبینی شەڕخوازانی ئەهریمەنپەرست، ڕاوی دەروێشانی ڕێگای ڕاستیپەروەریی ئاهوورایی دەکەن و لە جێی تابلۆی شەیدایانی نیشتیمان، بڕوانامەی بە جنۆکەزانینی کورد هەڵدەواسرا، دەمزانی کاروانی سەربەخۆیی دواخرا و کورد لە شاڕێی ژیان دوور خرایەوە.

گریانی من و هەزاران و ملیۆنانی وەکوو من، بوو بە ئینێرژی و هێز بۆ ئەو پێشمەرگە وڵاتپارێزانەی داستانەکانی بەرگرییان لە کوردستان تۆمار کرد. هەر ئەو فرمێسکانەش بوو کە دەستە دەستە کوردانی تاراوگەی لە میترۆپۆلە کەورەکانی ئەورووپا و لەبەردەم پەرلەمانەکان و باڵوێزخانە و کۆنسۆڵخانەکانی ئەمەریکادا کۆ دەکردەوە و بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد: "فریاکەون، وا لە کوردستان ڕەشەبای مەرگ ژیان دەهەژێنێ".

ئێستا دوای سێ ساڵ، هەقی وایە کە بێئاگایان بێنەوە هۆش، بزانن کە کوردبوون ناسنامەی مرۆڤبوونیانە، بێنەوە ناو کاروانی سەربەخۆخوازان.