کۆیە.. گروپێکی خێرخوازی هاوکاریی سەدان خانەوادەی هەژاری سنوورەکە دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کۆیە.. گروپێکی خێرخوازی هاوکاریی سەدان خانەوادەی هەژاری سنوورەکە دەکات

گروپی خێرخوازیی کۆیە، گروپێکی سەربەخۆیە و لە لایەن چەند کەسێکەوە بەمەبەستی کۆمەککردنی خێزانە هەژارەکانی شاری کۆیە دامەزراوە و تاوەکو ئێستاش هاوکاری زیاتر لە 500 خێزانی هەژاریان کردووە.

دیدەن ئیبراهیم، سەرۆکی گروپی خێرخوازیی کۆیە، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "گروپی خێرخوازیی کۆیە گروپێکی سەربەخۆیە و لە لایەن کۆمەڵێک خانمی خۆبەخشی کۆیەوە لە سوید دامەزراوە بە ئامانجی کۆمەککردن و هاوکاریکردنی خەڵکی هەژاری کۆیە و دابینکردنی پێداویستییەکانی هەژاران".

گوتیشی: "بیرۆکەی ئەو کارە هی خۆم بوو کاتێک بیرم لەوە کردەوە پێویستە گروپێک دابمەزرێنم لە پێناو هاوکاریکردنی هەژاران کە بە گروپ دەتوانین زۆرترین هاوکاری پێشکەش بکەین و گروپەکەمان لە چل ئەندام پێکهاتووین و خەڵکی شاری کۆیە و شارە جیاوازەکانی کوردستانین و ماوەی دوو ساڵە بەپێی توانای خۆمان مانگانە پارە کۆدەکەینەوە و لە ڕێگەی نوێنەری خۆمان لە کۆیە دەیگەیەنین بەو خێزانە هەژارانەی کە پێویستیان بە هاوکارییە".

دیدەن ئاماژەی بە ئەوەش کرد " تەنیا ئەو کەسانە لە هاوکارییەکانی گروپەکەمان سوودمەند دەبن کە هیچ مووچەیەکیان نییە و پێویستیان بە یارمەتییە، هەندێکجاریش هاووڵاتیان لە ڕێگەی نامە و تەلەفۆنەوە ئاگادارمان دەکەنەوە کە پێویستیان بە کۆمەک و هاوکارییە".

گوتیشی: "هاوکارییەکانمان پێکهاتووە لە بڕێک پارە، یاخود دەرمانی پزیشکی بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی لەگەڵ جلوبەرگ و خواردەمەنی و کۆمەڵێک کەلوپەلو پێداویستی دیکە، تا ئێستاش یارمەتی زیاتر لە 500 خێزانی هەژارمان داوە بەتایبەت لە جەژناندا، ئەوە جگە لە چارەسەرکردنی چەندین نەخۆش لەسەر ئەرکی خۆمان و گروپەکەش لەسەر ئەرکی خۆمان بەڕێوەدەبەین و هاوکاریمان لە هیچ کەس و لایەنێک وەرنەگرتووە".