كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پێنج سایلۆى نوێ لە هەرێمى کوردستان دروست دەکرێن

بەڕێوەبەرى سایلۆى هەولێر رایگەیاند بە ئامانجى گرنگیدانى زیاتر بە بەروبوومى جووتیاران و گەنم بەتایبەت، حکوومەتى هەرێمی کوردستان پێنج سایلۆى نوێ لە سەرجەم شارەکان دروست دەکات بۆ دابینکردنى ئاسایشى خۆراکى هاووڵاتیان.

هێمن سەید موراد، بەرێوەبەرى سایلۆى هەولێر بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: "بە ئامانجى گرنگیدانى زیاتر بە بەروبوومى ناوخۆیى و پاڵپشتیکردنى جووتیاران، حکوومەتى هەرێم بڕیاریداوە پێنج سایلۆى نوێ لە سەرجەم شارەکان دروست بکرێن، ئەمەش بەپێى پێویستى و رێژەى بەروبووم و جووتیارانى پارێزگاکان دەبێت، چونکە رێژەى بەرهەمهێنانى دانەوێڵە لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکى دیکە جیاوازە".

راشیگەیاند: "بەروبوومى دانەوێڵە بەتایبەت گەنم سەرچاوەى سەرەکى خۆراک و بڕبڕەى پشتى ئاسایشى خۆراکە بۆ هاووڵاتیان، بۆیە گرنگە ئێمە بتوانین بەشى پێداویستى ناوخۆیى بەروبوومى گەنم لە سایلۆکان پاشەکەوت بکەین، چونکە هەرێمى کوردستان خاوەن خاکێکى لەبارە بۆ بەرهەمهێنانى بەروبوومى گەنم".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئەو سایلۆیانەى ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن بەشى هەڵگرتنى گەنمى جووتیاران ناکەن،بۆ نموونە لەسنورى پارێزگاى هەولێر تەنیا یەک سایلۆ هەیە و لە پارێزگاى دهۆکیش سێ سایلۆ و لە سلێمانى چوار سایلۆ هەن،لە چەند مانگى داهاتووش سایلۆیەکى نوێ لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و لەسەر رێگەى قوشتەپە دەخرێتە کار".