دەریا زێرۆ: دەمەوێت لە داهاتوودا هەلی کار بۆ کچانی دیکەش بڕەخسێنم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەریا زێرۆ: دەمەوێت لە داهاتوودا هەلی کار بۆ کچانی دیکەش بڕەخسێنم

دەریا زێرۆ خانمێکی دانیشتووی شاری ڕانیەیە و ماوەی چەند ساڵێکە دەستی کردووە بە کاری ئارایشتی خانمان و دەڵێ دەمەوێت لە داهاتوودا هەلی کار بۆ کچانی دیکەش بڕەخسێنم.

دەریا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "لە شاری رانیە لە دایک بووم و نیشتەجێم، سەرەتای کارکردنیشم دەگەڕێتەوە بۆ پێنج ساڵ پێش ئێستا کە هەستم کرد من بۆ ئەم کارە گونجاوم، وردە وردە دەستم بە کارکردن کرد و ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ کاری ئارایشت هاوکات کاری دووکانداریش دەکەم، هاوسەرگیریم کردووە و خاوەنی منداڵێکم و ئێستا هاوسەرەکەم تاکە هاندەری منە بۆ ئەوەی بتوانم لە کارەکەم بەردەوام بم".


لە بارەی سەختی کارەکەیەوە گوتی: "پێم وایە ئەو سەختیەی خەڵک بیری لێ دەکاتەوە بەم شێوەیە نییە و مرۆڤ ھەر کارێک بکات لە چوارچێوەی ڕەوشتی مرۆڤایەتی بێت تووشی نارەحەتی نابێت، تەنیا شتێک که بەلای منەوە سەخت بێت ئەوەیە بۆ چەند کاژمێرێک لە منداڵەکەم دوور دەبم ئەو کاتانەی لەسەر کارم".

دەریا دەشڵێت: "مەیکئەپ بۆ من خولیایە زیاتر لەوەی پیشە بێت، بەڵام کارەکەی خۆمم زۆر خۆش دەوێت، لە ھەمان کاتیشدا واملێدەکات پێویستم بە ھاوکاری ھیچ کەسێک نە بێت، بەڵکو خۆم بتوانم لە داھاتی خۆم ھاوکاری دەوروبەرم بکەم".

دەریا ئامۆژگاری کچان دەکات کە "خۆیان دوور بگرن لەو کرێمانەی کە پێکھاتەی کیمیاین، بەڵکو هەوڵ بدەن خۆیان کۆمەلێک ڕووەک یاخود گوڵی سروشتی بۆ شێدارکردنەوە و نوێکردنەوەێ پێستیان بە کار بهێنن بەم شێوەیە ھیچ زیانێک بەر پێستیان نا کەوێت".

گوتیشی: "شێوازێکی تریش هەیە بۆ جوانکاری کە ئەویش بە مەیک ئەپ دەکرێت، بەڵام پێویستە کچان هۆشیار بن لە بەکار هێنانی جۆرەکانی مەیک ئەپ و هەوڵ بدەن ئەو ئارایشتانە بەکار بهێنن کە ئۆرژیناڵن بەوشێوەیە کەمتر زیان بە پێستەکەیان بگات و جوانتریش دەربکەون".

ڕاشیگەیاند: "ماوەی دوو ساڵە لە ماڵەوە کار دەکەم و چەند مانگێکی کەمە کارەکەم خستووەتە پرۆژە بۆ ئەوەی شوێنێکی تایبەت بە خۆم دروست بکەم، بەڵام پەلەم نەکردووە، چونکە دەمەوێت کارێکی جیاواز بکەم و بتوانم ببمە جێگەی دڵخۆشی بۆ خەڵک، ئەگەر ئەو کاتەش هات بێگومان پێویستم بە چەند کچێک دەبێت بۆ ئەوەی ھاوکارم بن لە کارەکەم و ئەوانیش ببنە خاوەنی کار و بۆیان ببێت بە هەلێکی کار".


دەریا گوتیشی: "جگە لە کاری ئارایشت، دووکانی پۆشاک و پێلاو و جانتا و ئارایشتی خانمانم ھەیە، بەڵام وەکو پسپۆری خۆم لە بواری مەیکئەپ دەبینمەوە، چونکە بۆ ئەم کارەم چەندین خولی ئەکادیمیم بینیوە و خولیای گەورەی منە"