كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دوو بەرهەمی شیعری بۆ منداڵان چاپ و بڵاو کرانەوە

دوو کتێبە شیعری ئەدەبی منداڵان بەناوەکانی "کۆتری ئاشتی و کەوشدووری دلۆڤان" بە زمانی کوردی و لە نووسینی فەرید ڕاژین شاعیر و نووسەری گەنجی خەڵکی سنە، لەلایەن وەشانگەی پرژگ لە تاران چاپ و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کرانەوە.

فەرید ڕاژین، نووسەری ئەو دوو پەرتووکەی منداڵان، لەبارەی کتێبەکانەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ناوەرۆکی ئەم دوو کتێبەم یەکێتی، هاودڵی و یارمەتییە کە بە ژانری چیرۆکە شیعر داڕێژراون و بۆ منداڵانی گرووپی تەمەنیی (ب و د) و بە شێوەی ڕەنگاڵە لەلایەن وەشانگەی "پرژگ" لە تاران چاپ کراوە و لە هەر سێ پارێزگای کرماشان، سنە و ورمێ بڵاو کراوەتەوە".

ئەو نووسەرە گوتیشی: "کتێبی "کۆتری ئاشتی" لە ٢٥ لاپەڕەی ڕەنگاڵە و "کەوشدووری دلۆڤان"یش لە ١٢ لاپەڕەی ڕەنگی و هەرکامەیان بە ئەژماری ١٠٠٠ دانە چاپ و بڵاو کراونەتەوە".

فەرید ڕاژین ئاماژەی بەوەش کرد: "وێنە و شێوەکاریی کتێبی کۆتری ئاشتی کاری هونەرمەند "پارسا بەهمەنی"یە، هەروەها کاری وێنەکێشانی کتێبی "کەوشدووری دلۆڤان" یەگانە عەزیمی جێبەجێی کردووە و هەردوو کتێبەکە لەلایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی کتێبخانەی "نەورۆزی" لە سنە و لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان و ورمێ بڵاو دەکرێنەوە.

فەرید ڕاژین ساڵی 1357ی هەتاوی (1979ی زایینی)  لە سنە لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی (٢٠٠٦ی زایینی)یەوە کار و چالاکیی لە بواری ئەدەبی منداڵان دەست پێ کردووە و جیا لەم دوو بەرهەمە ئێستا، ٧ چیرۆکە شیعری دیکەی ئامادەی چاپە.

هاوکات کۆمەڵە شیعرێکی دیکەی بۆ منداڵان ئامادەیە کە ٥٠ کورتە شیعر لەخۆ دەگرێت.

جیاواز لە کاری ئەدەبی منداڵان، لە بواری شیعری کوردیدا کاری غەزەل و مەسنەویشی کردووە و بەتایبەت 15 پێنج‌ خشتەکیی لەسەر غەزەلی 15 شاعیری ناواری کورد وەکوو "نالی، ناری، وەفایی، سالم، حەریق، مەحوی، حەمدی و زەێوەر و.. نووسیوە".