لە شنگال پەكەكە خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە شنگال پەكەكە خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات

ئەندامێکی فەرماندەی زێڕەڤانی: هیوادارین پەکەکە زیانێکی گەورە لە شنگال و زۆر گەورەتر لە خۆی نەدات

سەرەڕای ئەوەی هەولێر و بەغدا رێکەوتن لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری داوەتە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە تاوەكوو لە شنگال بکشێتەوە، بەڵام بە بڕیاری قەندیل، ئەو حزبە ئامادەکاری كردووە بۆ ئەوەی شەڕی ئەو هێزانە بکات کە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە دەچنە شنگال.

پەکەکە لە كاتێكدا بووەتە هۆکاری ئاوەداننەکردنەوەی زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە هەرێمی کوردستان و تۆپبارانکردنی بەردەوامی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیاوە، لە هەفتەی رابردووش و بە دیاریكراوی لە ڕۆژی 2020/10/8 (غازی ساڵح ئالیخان) بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕێ، لە گوندی بیگداودا تیرۆر کرد، ئێستاش سەرەڕای رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، پەکەکە ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو ناوچەیە بێت و ئامادەکاری کردووە شەڕ لەگەڵ ئەو هێزانەدا بکات کە لە چوارچێوەی رێكکەوتنەکە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە سنووری شنگال جێگیر دەکرێن.

سەرچاوەیەکی چاودێر لە سنووری شنگال، بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد، دوای ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کە بەپێی رێکەوتنەکە، دەبێت پەكەكە و تەواوی هێزە گرێدراوەکانی لە شنگال بچنە دەرەوە، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان پەكەكە، ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوە و شەڕ کردووە لە دژی ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە دەچنە شنگال بە تایبەتیش بۆ شاخی شنگال، کە وا بڕیارە تەواوی شاخەکە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا جێگیر ببێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، سەرکردایەتیی پەکەکە لە شنگال ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی کە شەڕی پێشمەرگە نەکرێت، بە جۆرێك هەندێ لە سەرکردەکانی پەکەکە بە شێوەیەکی نەرمتر لە دۆخەکە دەڕوانن و پێیانوایە ئەوان ناتوانن ڕووبەڕووی رێكکەوتنێک ببنەوە کە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە چاودێریی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆیان کردووە.

لەمبارەوە، عەمید سمێ مەلا محەمەد، ئەندامی فەرماندەی پێشمەرگەی زێڕەڤانی بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، بەهیچ شێوەیەک پێشمەرگە نایانەوێ شەڕ لەگەڵ پەکەکە رووبدات، پێش رێكکەوتنیش داوامان لێکردوون ناوچەکە چۆڵ بکەن. گوتیشی: “هیوادارین پەکەکە بەو زمانەی کە قسەمان لەگەڵ کردوون لە ناوچەکە بکشێنەوە و مەبەستیان شەڕ نەبێت، چونکە ئەگەر شەڕ رووبدات، لەگەڵ ئەوەی هەموو گەلی کوردستان زیانی شەڕێکی وەهای دەبێت، بەڵام گەورەترین کارەسات رووبەڕووی پەکەکە خۆی دەبێتەوە”.

ئەو بەرپرسەی پێشمەرگەی زێڕەڤانی، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هێزانەی پەکەکە لەو سنوورە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا نین، بەڵکو لەلایەن هەژموونی ئیقلیمییەوە ئاراستە دەکرێن. گوتیشی: “هەر فەرمانێكیان پێ بكرێت، ئەوە جێبەجێ دەکەن، ئامانجەکەش (شاخی شنگال)ە کە ئێستا پێگەی خۆیان لەوێ داناوە، بەڵام ئەمڕۆ بێت یان سبەی، ساڵێک یان دوانی دیکە ئەو ناوچەیە شوێنی ئەوان نیە، ئەوە خاکی دابڕێنراوە لە هەرێمی کوردستان، لە سنووری عێراقدا، لەبەرئەوە باشترە بە ئاشتی و دوور لە شەڕ چۆڵی بکەن، کە لەو بڕوایەش دام لە ئێستا زۆر لاوازبوون و هەر ئەو ڕێگەیە هەڵدەبژێرن نەک خۆیان بە تەواوی دووچاری کارەساتێکی گەورە بکەن”.