كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 14/10/2020

لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ كۆمەڵی ئیسلامی!



وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوی ژمارە 1535 كە لە 13 – 10 – 2020 دا، دەرچووە و ئیمزای عەلی عەبدولئەمیر عەلاوdی وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە، بڕیاری دا بە خەرجكردنی 320 ملیار دینارەكەی كە بە حسابی خۆیان بەشە مووچەی ھەرێمی كوردستانە! بەڵام چەند خاڵێكی سەرنجڕاكێش لەو نووسراوەدا ھاتووە!

1 - لەو نووسراوەدا ھاتووە: ”لەبەرئەوەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و عەبدولسەتار مەجیدی خزمی ئەمیری كۆمەڵ، ئەم مانگە سەردانی بەغدایان كردبوو لە 6 – 10 – 2020 چاویان بە سەرۆكوەزیرانی عێراق كەوتبوو، دوای دانوستاندن و مشتومڕێكی زۆر لەسەر بەشە مووچەی ھەرێمی كوردستان ھەردوولا ڕێك كەوتبوون كە مانگانە بڕی 320 ملیار دینار بۆ ھەرێمی كوردستان بنێردرێت!“.

2- لەو نووسراوەدا ھاتووە: ”ھەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق وای بە باش زانی ئەو 320 ملیار دینارەی ھەرێم (بە دەستی!) بدەنە دەست شاندی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، بەڵام لەبەرئەوەی بارودۆخی ئاساییشی بەغدا خراپە و دز و مافیا كل لە چاو دەڕفێنن و ڕۆڵە لەبەر دایك ھەڵدەگرنەوە، بۆیە لەبەر سەلامەتیی 320 ملیار دینارەكە و شاندەكەی كۆمەڵی ئیسلامییش، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ئەو ڕایە گیرسایەوە كە با لە پێشدا شاندەكەی كۆمەڵی ئیسلامی بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان، ئینجا دوای ئەمە 320 ملیار دینارەكەی ھەرێم بنێردرێت!“.

3- ھەر لەو نووسراوەدا ھاتووە: ”بۆ ئاگاداریتان، پێویستە ئەو 320 ملیار دینارە لەپێشدا ببرێتە بەیتولمالی كۆمەڵی ئیسلامی و دوای ئەوەی كە بەیتولمالی كۆمەڵ ئەیژمێرێ و فووی خێر و بەرەكەتی بەسەردا دەكەن، ئینجا دەست بە دابەشكردنی ئەو 320 ملیار دینارە دەكرێت!“.

4 - دوایین خاڵی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق ئەمەیە: ”ھەر كەس سەرپێچیی ناوەڕۆكی نووسراومان بكات، جارێكی تر ناتوانێت یەك دینار لەو 320 ملیار دینارەی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت!“.


ئینجا لە پەراوێزی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراقیشدا نووسراوە: وێنەیەك لەم نووسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت بۆ ھەر یەك لە:
- نووسینگەی بەڕێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی!
- بەڕێز عەبدولسەتار مەجید، زۆر نھێنی و تایبەت!
- بەڕێز ئەحمەدی حاجی ڕەشید، لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزی وەزارەتی دارایی عێراق و لە ھەر سەرپێچییەك ئاگادارمان بكەنەوە!

ئەگەر لە لێدوانەكانی چەند رۆژی رابردووی هەردوو ئەندامانی شاندی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ لای سەرۆك وەزیرانی عێراق (ئەحمەد حاجی رەشیدی پەرلەمانتاری عێراق و عەبدولسەتار مەجیدی پەرلەمانتاری كوردستان بە یاوەریی ئەمیر) ورد بینەوە، دەگەینە ئەو قەناعەتەی كە نووسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجكردنی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان، دەبێ وەك ئەوە نووسرابێت كە من لە سەرەوە نووسیومە!