كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هێشتا نزیكەی ١٥٠ هەزار كەس بەهۆی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری گرووپێكی نێو یەكێتییەوە ئاوارەن

هێشتا نزیكەی 150 هەزار ئاوارەی ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نەگەڕاونەتەوە بۆ سنووری کەرکووک و هۆكارەكەشی بۆ بەردەوامیی داگیركاری میلیشیا شیعەکان لە ناوچە کوردستانییەکان و ئاسایینەبوونەوەی دۆخی کەرکووک دەگەڕێتەوە.

دلێر فەرەج، هاووڵاتییەكی خەڵكی كەركووكە و ئێستا ئاوارەی بنەسەڵاوەی هەولێرە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێمە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 شارەكەمان داگیر كرا و ئیتر ئاوارەی سنووری هەولێر بووین، من لە كەركووك خانووەكەم داگیر كراوە و دەیان هێزی سەپێدراو لە كەركووك هەیە و خەڵك لەوێ دڵی خۆش نییە، بۆیە جارێک ناگەڕێمەوە بۆ كەركووك، هەرچەندە ژیان لە سنووری هەولێریش زەحمەت بووە و كرێی خانوو زۆرە و كار و كەسابەتیش كز بووە، بەڵام هێشتا ئێرەم پێ باشترە".

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "بەڕاستی دەبێ حزبەكان كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بكەن، چونكە ناكرێ هەزاران كەس هێشتا ئاوارەن و نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ شارەكەیان، چونكە ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری زۆر ناخۆش و زەحمەتە".

لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 14/10/2020،  عەمار سەباح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕگەیاند: "ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەوانەی كە چوونە سنووری سلێمانی یاخود هەولێر، ئەوان ناویان لە كۆچ و كۆچبەرانی ئەو شارانە تۆمار كردووە، ئێمە زانیاریی وردمان لەسەریان نییە ئێستا، بەڵام ئەوە دەزانین كە هێشتا هەزاران خەڵكی كەركووك لە سنووری هەرێمی كوردستان ئاوارەن".

هەر لەمبارەیەوە، تەها تەیفوور، كارگێڕی لقی كەركووكی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوانەی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و ئەوانەی نەیانتوانی لەژێر دەستی نەیارەكەیدا بە زەلیلی بمێنێتەوە، ئێمە رێز و حورمەتمان بۆ ئەوانە هەیە كە ئێستا لە كەركووكن، هەڵبەتە ئەو بڕیارەی كە ئێمە دامان قورس بوو و ئاسان نەبوو و تەحەمولی زەحمەتی و بێ ئیمكانیەتمان كرد، ئەوەیان لەپێناو كەرامەتدا بوو و كوردستانیانی كەركووك هەموویان خاوەنی كەرامەتن بۆ ئەوانەش كە نەهاتوون و بەوانەشی كە هاتوون و ئاوارە بوون".

لەبارەی ئەوەی ئێستا نزیكەی 150 هەزار ئاوارەی كەركووك لە هەرێمی كوردستان ماوەن، ئەو بەرپرسە، گوتیشی: "سەرەتای 16ی ئۆكتۆبەری رێژەی ئاوارەكانی كەركووك لە هەرێمی کوردستان یەكجار لەو ژمارەیە زیاتر بوو، بەڵام ئیتر خەڵك هێدی هێدی رۆیشتنەوە، بەتایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان و ئەوانەی كە رۆیشتونەتەوە بۆ ئەوە بووە كە تەحەدای نەیاران بكەن و پێیان بڵێن ئەمشارە كوردستانییە و ئێمە بەهیچ جۆرێك بێت واز لەم شارە ناهێنین و كورد لەپێناو كەركووك خوێنی زۆر رشتووە و هەم شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كراوەتە قوربانیی ئەو شارە خۆشەویستە".

تاكوو ئێستا نزیكەی 150 هەزار ئاوارەی كەركووك لە شارەكانی هەلێر و سلێمانی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەهۆی داگیركردنەوە شارەكەیان بەجێ هێشتووە، نەگەڕاونەتەوە كە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو ئاوارانە ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێرن، بەڵام بەشێكی بەرچاوی ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر گەڕاونەتەوە بۆ شارەكەیان.