كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەڵمانیا لەبارەی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە هۆشداری دەداتە تورکیا

دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەنقەرە بۆ جارێکی دیکە بڕیاریان داوە بۆ دۆزینەوەی غازی سروستی کەشتی ڕەوانەی دەریای سپیی ناوەراست بکەنەوە، حکوومەتی ئەڵمانیا هۆشداریی داوەتە تورکیا کە ئەو کارانە دەبنە هۆی تێکدانی ڕەوشی ناوچەکە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (فەڕەنسا) هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرەبەری سەفری خۆیدا بۆ یۆنان و قوبرس، ڕای گەیاندووە: "دیسان دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی تورکیا بۆ دۆزینەوەی غازی سروشتی لە ناوچەی کیشەلەسەری دەریای سپیی ناوەڕاست، دەبێتە هۆی ئاڵۆزی و زیان بەو هەوڵە دیپلۆماتیکانە دەگەیەنێت کە بەنیازی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەن".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە ئێستا سەرۆکی خولی ئەمجارەی یەکێتیی ئەورووپایە، ئاشکرای کردووە: "حکوومەتی تورکیا ئەگەر بەڕاستی لایەنگری دانوستانە، دەبێ واز لە هەوڵی تێکدەرانە و تاکلایەنە بهێنێت".

دووشەممەی ڕابردوو تورکیا ئاشکرای کرد کە جارێکی دیکە بەنیازە کەشتییەکانی خۆی بۆ دۆزینەوەی غازی سروشتی ڕەوانەی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست بکاتەوە و بەڕای چاودێرانی سیاسی ئەم بڕیار و هەوڵەی تورکیا بۆ جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان یۆنان و قوبرس زیاتر دەکات.

چالاکییەکانی تورکیا تورکیا لە دەریای سپیی ناوەڕاست کە تاکلایەنە بەدوای غازی سروشتیدا دەگەڕێت، لە مانگی هەشتەوە دەستی پێ کردووە کە ئەمە بووە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتری نێوان یۆنان و تورکیا و لە بەرانبەردا وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەتی فەڕەنسا بە توندی هۆشدارییان دایە تورکیا کە خۆی لە کار و هەوڵی تاکلایەنە لە دەریای سپیی ناوەڕاست ببوێرێت و دەبێ بە هاوبەشیی وڵاتانی دراوسێ و بە گفتوگۆ و دانوستان ئەو کێشانە چارەسە بکرێن.