ئیسرائیل و لوبنان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا پێکەوە کۆ دەبنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئیسرائیل و لوبنان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا پێکەوە کۆ دەبنەوە

گفتوگۆ و دانستانی نێوان دوو وڵاتی ئیسرائیل و لوبنان بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشە و ململانێی نێوان دوو وڵات لەبارەی سنوورە ئاوی و زەوینییەکانیان ئەمڕۆ چوارشەممە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا دەست پێ دەکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە دیداری نێوان دوو شاندی ئیسرائیل و لوبنان ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی١٠ی٢٠٢٠ لە بارەگای هێزەکانی پارێزەری ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی (یۆنی فیل) بە نێوبژیوانیی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.

بەپرسانی باڵای ئیسرائیل و لوبنان ماوەیەک پێش ئاشکرایان کردبوو کە گفتوگۆ و دانوستانی نێوانیان بۆ پرسی چارەسەرکردنی سنوورە ئاوی و زەوینییەکانی هەردوو وڵات دەست پێ دەکات، بەڵام بە ڕوونی کاتەکەیان دەستنیشان نەکردبوو.

ئیسرائیل و لوبنان کە هێشتا بە فەرمی وەک دوو وڵات کە پێکەوە لە حاڵی جەنگدان، دێنە ئەژمار و گفتوگۆ و دانوستانی ڕاسەوخۆی نێوانیان بە رووداوێکی دەگمەن دێتە ئەژمار.

دانوستانی ئەو دوو وڵاتە کە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا ڕێک دەخرێت، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو دانوستانەی بە ڕووداوێکی (مێژوویی) وەسف کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە یۆوال شتاینیتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە تویتێکدا لەمبارەوە هۆشداریی داوە ئامانج لەم گفتوگۆیانە "ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی دوو وڵات نییە".

یەک ساڵ دوای دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە سنوورەکانی ناسراو بە (هێڵی ئاوی) لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەستێک پێک هاتووە کە تەنانەت پاش چەندین جار ڕوودانی شەڕ لە نێوانیان، هێشتا پارێزراوە.

بەڵام هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی لە دەریای سپیی ناوەڕاست، لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا هەردوو وڵات لە سنوورە دەریاییەکاندا پێکەوە کێشەکانیان قووڵتر بووەتەوە.

لوبنان پێی وایە دەرهێنانی غاز و نەوت و کەڵکوەرگرتنی لە دەریای سپیی ناوەڕاست، دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابوورییە لاوازەکەی.