ڕزینی تەمەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەوەی دەمەوێ لەم وتارەدا باسی بكەم، ئەو ڕێكەوتەیە، كە تاك هەرگیز ناتوانێ بیگۆڕێ.

كەسێك لە ساڵی 1900 لە سلێمانی لەدایك دەبێت، دوای چواردە ساڵ دنیا دەكەوێتە شەڕێكی گەورەوە، كە تەمەنی دەبێتە حەڤدە ساڵ، گەورەترین برسیەتیی ڕوو لە شارەكەی دەكات، هەر كۆڵانە و دەیان لاشەی لەبرسامردووی لێ دەكەوێ. ئەویش یەكێكە لەو لاشانەی هەلی ناشتنیشی بۆ هەڵنەكەوتووە. ئەو كەسە یەك جار هەلی ژیانی بۆ هەڵكەوت، كە نەیتوانی تەواوی بكات، بێ ئەوەی دەسەڵاتی تێیدا هەبێت، ئەو جارەش تەنیا حەڤدە ساڵ ژیاوە. كەسێكی كە دوای شەشت ساڵ، واتا 1960 لە كەركووك لەدایك دەبێت، كە دەبێتە هەڤدە ساڵ دەكرێتە سەرباز، دوو ساڵ دوای بوونە سەربازی، وڵاتەكەی دەكەوێتە شەڕ و سەربازیی ئەو درێژ دەبێتەوە، دە ساڵ تەمەنی گەنجیی خۆی لەناو بارووت و زبڵ بەسەر دەبات، چەندین جار بریندار دەبێت، دواتر كە ڕزگاری دەبێت، چاوێك و لاقێكی لەدەست داوە. بەشی ئەو چ زەمەن و ڕۆژگارێكە؟

ئەوەی دەمەوێت بینووسم ئەوندە بەئازارە، بەردەوامیش تاڵاوێك بیری ئەو كەسانە دەخاتەوە، كە تێیدا دەژين.

سەرەڕای هەموو ئەو نەهامەتییانەی جوگرافیای وڵاتەكەم بۆ دانیشتوانەكەی ئامادە كردووە، زەمەنیش هاوكارێكی دڵسۆزی بووە، تا ئەوەندەی دیكە ئەو نەوەیە پان بكاتەوە. مەبەستم نەوەی دوو هەزارەكانە، ئەو نەوەیەی دوو هەزارەكان زانكۆیان تەواو كرد، یان گەیشتنە تەمەنی كاركردن.

- ئەگەر لە ساڵی دوو هەزارەوە ساڵانە پەنجا هەزار كەس لە زانكۆكان دەرچووبێت، بڕاوانامەیان وەرگرتبێ و ئامادە بووبن بۆ كاركردن.

- ساڵێ پەنجا هەزار گەنج، ساڵێ پەنجا هەزار هێزی كار و بازوو، بە دە ساڵ دەكاتە پێنج سەد هەزار. واتا لەو دە ساڵەدا نیو ملیۆن كەس دانەمەزراون، هەلی كاریان دەست نەكەوتووە. ئەوە جگە لەو ژمارەی، كە هاوتەمەنی ئەوانن و هەلی خوێندنیان نەبووە، لەگەڵ ئەوان گەیشتوونەتە تەمەنی كاركردن و بەرهەمهێنان.

- كێشەكە ئەوە نییە هەلی كاركردنیان نەبووە، كێشەكە ئەوە نییە ئەنجامی ماندووبوونی خۆیان دەست نەكەوتووە. كێشەكە ئەوەیە ئەزموون و لەزەتی كاركردنیان نەدیوە، نەچوونە ناو ژانێكی دیكەوە، خەونەكانیان لە هەرزەكاریدا وەستاوە، نازانن لەودیو خوێندنەوە دنیا ڕەنگی چۆنە.

واتا زەمەنی ئەوان لەدوای تەواوكردنی زانكۆوە زەمەنێكی بەتاڵە، تەنیا بە تەمەنیان پڕ كراوەتەوە. تەمەنیشیان هیچ ڕەنگێكی نییە.

زەمەنی بەتاڵ مانای چیە؟
هیچ كەسێك نیشتمان بۆ خۆی هەڵنابژێرێ. نیشتمان قەدەرە، یان هەر شتێكی دیكەیە لەدەرەوەی ئیرادەی كەسەكان. ئەی زەمەن چی؟

حوكمی زەمەن بۆ كەسەكانی قورسترینە. ئەگەر كەسێك بتوانێ لە نیشتمان ڕاكا، هەرگیز ناتوانێ لە زەمەن ڕاكات. نەوەی دوو هەزارەكان هەرگیز نەیانتوانی و ناشتوانن لە زەمەنی خۆیان بێنە دەرێ.

- پێناسەكردن و وەسفی زەمەن قورسە، بۆ ناساندنی، ناتوانین بڵێین زەمەن چییە، بەڵام دەتوانین بڵێن زەمەن چی نییە. بۆ نموونە:

- زەمەن ئاو نییە، زەمەن گەنم نییە، دەتوانین ئاو یان گەنم كۆگا بكەین، واتا هەڵیانگرین، كە ئاومان دەست كەوت، دەتوانین بەكاری نەهێنین، لە تەنكیدا هەڵی بگرین، دەتوانین گەنم عەمبار بكەین تا پێویستمان پێی دەبێت، بەڵام ناتوانین زەمەن هەڵگرین، ناتوانین زەمەن كۆگا بكەین. نەوەی دوو هەزارەكان لەبەرئەوەی نەیاندەتوانی دامەزرێن، یان كارێك بكەن، كاتەكەیان یان زەمەنەكەیان هەڵگرن، بۆیە زەمەنەكەیان لەدەست چوو، زەمەنی ئەوان بە بێمانایی پڕ بووەوە.

- زەمەن دیاری نییە. ئەوە مانای چییە؟ دیاری، دەكرێ وەری نەگری، بەڵام زەمەن ناكرێ وەری نەگری، دەتوانی دیاری ڕەت بكەیەوە، بەڵام ناتوانی زەمەنی خۆت ڕەت كەیەوە. نەوەی دوو هەزارەكان مافێكی سروشتيی خۆیان بوو لەو ساڵانەدا وەك دەیانەوێ بژین و ئەزموونێكی تازەی ژیان بكەن، لەو زەمەنەی وەك دیاری وەریان گرتبوو، بەڵام نە توانییان ئەو زەمەنە ڕەت بكەنەوە و نە توانیشیان وەك دەیانەوێ تێیدا بژین، زەمەن تەنیا بەكاری هێنان و پێستی چرچ كردن.

- زەمەن پارە نییە و نابەخشرێ. نەوەی دوو هەزارەكان نەیانتوانی ساڵەكانیان ببەخشن، بیدەن بەو دایك و باوكە نەخۆش و تەمەن بەسەرچووانەی، كۆڵەكەی ژیانیان بوون، دەبێ تەنیا و تەنیا بۆ خۆیان بەكاری بهێنن، بەكارهێنانێك، كە هیچ گۆڕانێك لە ژیانیاندا دروست ناكات، جگە لە پیربوون.

- زەمەن (تۆو) نییە، تۆو دەڕوێنرێت و (بەر) دەدات و زیاد دەكات، بەڵام زەمەن ناڕوێت و چەكەرە ناكات، چركە بە چركە لەناو دەچێت.

بەكورتی:
- ئەو ناساندنەی زەمەن لەسەر نەوەی دوو هەزارەكان تاقی دەكەینەوە. بەتایبەتی ئەوانەی لەو ساڵەدا زانكۆیان تەواو كرد. ئەوان شازدە ساڵ خوێندیان، شازدە كارتی سەركەوتنیان وەرگرتەوە. چوونە تەمەنێكەوە، ئەزموونێكی تازە بكەن، دامەزرێن و ئەركی كاركردن بخەنە سەر شانیان و ژیانی ڕاستەقینە ئەزموون بكەن. دە ساڵی تەواو لە تەمەنیان تێپەڕی، خەونەكانیان كاڵ بوونەوە و گەرموگوڕیی كاركردنیان نەما. نەیانتوانی ئەو ساڵانە ببەخشن، نەیانتوانی ئەو ساڵانە عەمبار بكەن، نەیانتوانی ئەو ساڵانە ڕەت بكەنەوە، ئەو ساڵانە وەك تەماتەی هاوینانی جووتیاران بەسەریاندا مایەوە و ڕزین.

من ناچمە سەر ئەو هۆیانەی، كە ڕەنگی وڵاتیان كردە خۆڵەمێشی و ئومێدی دامەزراندنیان نەهێشت، ئەو هۆیانە زۆریان لەسەر گوتراوە. تەنیا ئەوەندە دەڵێم، تەمەنی نەوەیەك بەسەر چوو، خەونەكانیان بۆگەنیان كرد، ئیدی هیچ ئومێدێك زیندوویان ناكاتەوە. ئەوەش تەنیا بە مانای خەساربوونی تەمەن دێت، وەك هەناری سەر لقی بەر هەتاو.