كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزیری نەوتی عێراق پێشنیازی دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی كوردستان دەكا

"هەرێمی كوردستان خاوەن ڕوانینێكی ئەرێنییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە نەوت"

 

وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ، پێشنیازی دامەزراندنی كۆمپانیایەك دەكا بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری دەرهێنان و ناردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 13/10/2020، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی عێراقی ڕاگەیاندووە، كە لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بارەی پرسی نەوتەوە هەیە تا كێشەكان بە پێی دەستوور لە بارەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە چارەسەر بكرێن.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە پێشنیازی دامەزراندنی كۆمپانیایەكی نەوتیی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە، كە لە رووی هونەری و كارگێڕییەوە وابەستەی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بێ، ئەوەش لە پێناو گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی لە بارەی پرسی نەوتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لە گفتوگۆكانی ئێستایاندا، لێكتێگەییشتنی باش و ئەرێنی لە نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە لە بارەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان.

ڕوونیشی كردەوە، كە "هەرێمی كوردستان خاوەن ڕوانینێكی ئەرێنییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە نەوت".