كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی (ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی): ئەمەریکا سازش لەسەر پرسی چەککردنی میلیشیاکان ناکات

“هەڵبژاردن کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا دروست کردووە”


چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ (باسنیوز)، کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی (ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی)، باس لە کاریگەرییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەسەر عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەمەریکا سازش لەسەر پرسی چەککردنی میلیشیاکان لە عێراق ناکات، بەڵام جیاوازیی لەگەڵ کازمی ئەوەیە، کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێ حەشد دەستەمۆ بکات، ئەمەریکاش دەیەوێ بەیەکجاری کۆتاییان پێبهێنێت.

عێراق لەنێوان هەژموونی ئەمەریکا و ئێراندا

کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی (ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی) لەمبارەوە دەڵێت: “تەنیا سێ هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کە بڕیارە لە (3/ 11/ 2020) ئەنجام بدرێت، ئێران دەیەوێت لە ڕێگای پڕۆکسییەکانی حەشد فشارێک بۆ سەر ئیدارەی تڕەمپ دروست بکات، بەمەبەستی کاریگەریی دروستکردن بۆ دەرنەچوونەوەی تڕەمپ بۆ خولی دووەم، لەبەرامبەردا ئیدارەی تڕەمپ لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی وەزیری دەرەوە (مایک پۆمپۆ)، هۆشدارییەکی توندی گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی چارەسەری هێرشەکانی حەشد بۆ سەر بنکە سەربازییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان بکات، ئەگەر حکوومەتی عێراق ئەم کێشەیە چارەسەر نەکات، ئەوا ئەمەریکا خۆی چارەسەری دەکات و چارەنووسی ئەو سەرکردانەی حەشد (کە بە وەلائی) ناسراون، یەکسان دەکات بە چارەنووسی (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس)، چونکە هێرشەکان ڕۆژانەن و مەترسییان دروست کردووە، بەجۆرێک، تەنیا لە دوو مانگی ڕابردوودا حەشد زیاتر لە (55) هێرشیان ئەنجام داوە. کەواتە دەتوانین بڵێین، ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییەی لەئارادایە، ئەوە ئێرانە لە ڕێگای میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی)یەوە فشار دەکات، بۆ ئەوەی کازمی بڕیاری پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بکات، کە لە (5/ 1/ 2020) بە دەنگی زۆرینەی کوتلە شییعەکان دەرکرا، بەبێ بەشداریی کورد و سوننە، بەڵام ئەمە تەنیا بڕیارێکی تیۆرییە و بۆ ساڕێژکردنی برینی شەقامی شیعەیە (دوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس)، بەڵام پێم وانییە بە هیچ شێوەیەک ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری ئێران، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە حکوومەتی عێراق و ئەمەریکا نزیکبوونەتەوە لە تازەکردنەوەی ڕێککەوتنی (چوارچێوەی ستراتیژی ئەمەریکا- عێراق) ناسراو بە (سۆفا)، بۆیە پێم وانییە ئێران و حەشد لە فشارەکانیان بۆ سەر ئەمەریکا سەرکەوتوو بن، چونکە ئەمەریکا دەستبەرداری وزە و پێگەی ستراتیژی عێراق نابێت و مەیدانی عێراق بۆ ئێران چۆڵ ناکات (بەکورتی ئەمەریکا خوێنی لە عێراقدا ڕژاوە و نزیکەی 5000 سەربازی لێ کوژراوە، هەروەها زیاتر لە 3 ترلیۆن دۆلاری لەم عێراقەدا سەرف کردووە، بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە گۆڕەپانی عێراق بۆ نەیارەکانی چۆڵ بکات)“.

کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا تاکتیکێکی سیاسییە

بە بڕوای کارۆخ خۆشناو، کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا تاکتیکێکی سیاسییە، لەمبارەوە دەڵێت: “ئەگەرچی لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا (دۆناڵد تڕەمپ) بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان دەرکردووە، چونکە تڕەمپ چاوی لە هەڵبژاردنەوەیەتی بۆ خولی دووەم، بۆیە دەیەوێت بە بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراقدا سەرنجی ڕای گشتیی ئەمەریکا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، تاکو پەیامێک بگەیەنێتە شەقامی ئەمەریکی، لەپێناو بەرزکردنەوەی لیڤڵی دەنگەکانی و بەدەستهێنانەوەی کورسیی کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام لە واقعدا ئەوە بۆ ئەمەریکا تاکتیکێکی سیاسییە و دوای هەڵبژاردنەکان، ئەمەریکا بە قورسایی زیاترەوە دێتەوە عێراق.

کازمی چی لە ئەمەریکا دەوێ؟

کارۆخ خۆشناو، ئاشکراشی کرد، کە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا لە کازمی بریتییە لە پرسی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و پرسی پاراستنی ناوەندە دیپلۆماسییەکان لە مەترسیی هێرشەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە تاکو ئێستا کازمی لەم پرسەدا سەرکەوتوو نەبووە، ئەمەش وای کردووە، لە پرسی چەكی میلیشیاكان (كە ئەمەریكا سوورە لەسەر چەكکردنیان) و بە پێویستی دەزانێت پەلە بكرێت لەم پرسەدا، بەڵام كازمی نایەوێت عێراق بكەوێتە شەڕی ناوخۆ و تاکو ئێستا ڕێكاری بنكۆڵكاری دژی میلیشیاکان بۆ لاوازكردنیان گرتووەتەبەر”.

دەشڵێت: “پرسی ئێران و نفووزی لە عێراق پرسێكی زۆر گرنگە بۆ واشنتن و لەم پرسەدا ئەمەریكا دەیەوێت ئێران لە عێراق دەربكرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، كازمی پێی وایە، كە ناكرێت ڕۆڵی ئێران لە ماوەیەكی کورتدا نەهێڵرێت و پێویستی بە كات و میكانیزمی دیپلۆماسییە، بۆ ئەوەی ئێران جارێكی تر عێراق ئاڵۆز نەكات”.

هەروەها خۆشناو پێشی وایە، کە دۆخی كازمی لەگەڵ میلیشیاکان لەو پیاوە دەچێت، كە لەناو کێڵگەیەکی میندا بڕوات، ئەگەر بۆ ساتێكیش هاوسەنگیی لەدەست بدات و بێ ئاگا بێت، ئەوا مینێک بە ڕوویدا دەتەقێتەوە و كۆتایی دێت.

دەڵێت: “هەر بۆیە كازمی لە ماوەی 5 مانگی دەستبەکاربوونیدا، لە پرسی چەكکردنی میلیشیاكاندا هەنگاوەکانی بەتەواوی سەرکەوتوو نەبوون، چونكە دەیەوێت بە هێمنی كێشەی میلیشیاكان چارەسەر بكات، بۆ ئەمەش چەند هەنگاوێكی ناوە لەوانە:

یەکەمیان- بڕینی سەرچاوەی داهاتی میلیشیاكان لە ڕێگەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانەوە.

دووەمیان- پاكکردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان لەو سەركردانەی، كە لەژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكاندا بوون.

سێیەمیان- بەهێزكردنی سوپا و دەزگای هەواڵگری، بۆ ئەوەی ڕۆڵی میلیشیاكان لە قاڵب بدرێت.

چوارەمیان- ئاشكراكردنی چالاكیی میلیشیاكان دژی دامەزراوە دبلۆماسییەكان، لە ڕێگای تەكنیكی میدیاییەوە، ئەمەش بۆ ناشیرینكردنی میلیشیاكانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و شەقامی ناوخۆیی”.