لە توركیا هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەكرێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە توركیا هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەكرێت؟

كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە، داوای لە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە كردووە بوێر بێت و بڵێت بچینە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، ئەم داوالێكردنەش بووە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتیان بپرسن بۆچی تەنیا ئەو داوایە لە باخچەلی كرا؟

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە، هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، واتە بەڕێوەبردن و نەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەسەر یەك وشەی باخچەلی وەستاوە، لە كاتێكدا لە كۆی ٦٠٠ كورسی، خاوەنی ٤٨ كورسیی پەرلەمانییە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨ی توركیا، ئاكەپە زۆرینەی لەدەست دا و لە كۆی٦٠٠ كورسی بووە خاوەنی ٢٩٤، بەمەش نەیتوانی لەناو پەرلەمان ببێتە هاوكارێكی باشی سەركۆماری توركیا، چونكە هەر كەسێك ببێتە سەركۆماری توركیا، ئەگەر بێت و پارتەكەشی لەناو پەرلەمان زۆرینە نەبێت، پۆستی سەرۆكایەتی بەهای نابێت و ناتوانێت هیچ بڕیارنامەیەك دەربكات، چونكە دەركردنی هەر بڕیارنامەیەك دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی دەوێت، بۆیە كە زۆرینەی نەبوو، سەركۆمار پۆستەكەی بایەخی نییە.

بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، بوونە هاوپەیمانی یەكتری و لەناو پەرلەمانی توركیا بە هەردوو پارت بوونە زۆرینە، بەمەش ئەردۆغان خۆی لەو بەڵایە رزگار كرد، كە لەناو پەرلەمان زۆرینە نەبێت و نەتوانێت بڕیارنامە دەربكات.

كاتێك كلیچدارئۆغلۆ داوا لە باخچەلی دەكات تا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، دەزانێت تەنیا باخچەلییە دەتوانێت هاوكێشەی سیاسی بگۆڕێت.

ئەگەر مەهەپە لە هاوپەیمانی لەگەڵ ئاكەپە بكشێتەوە، كەواتە ئاكەپە زۆرینەی پەرلەمان لەدەست دەدات، ئاشكراشە ئەردۆغان هەرگیز پۆستی سەرۆكایەتی ناوێت ئەگەر بەهای نەبێت، یان نەتوانێت بڕیاری چارەنووسسازس بدات، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە ئەگەرێكی بەهێز.

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، كە هەر مەهەپە بوو دەنگی خۆی خستنە پاڵ دەنگی ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا و داوای كرد سیستەمی سیاسی لە پەرلەمانییە بكرێتە سەرۆكایەتی و بە دەنگی هەردوو پارت چوونە ناو ریفراندۆم بۆ هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا.

یەكێك لە هۆكارە هەرە بەهێزەكان بۆ ئەوەی توركیا بچێتە ناو هەڵبژارجنی پێشوەختەوە، كە زۆربەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، بوونی ئەو قەیرانە داراییە سەختەیە توركیا تێی كەوتووە، بە جۆرێك برسیەتی و گرانی سەری هەڵداوە.