كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کێشەی کەمئاویی ژمارەیەک گەڕەکی تازەی هەولێر چارەسەر دەکرێ

بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر رایگەیاند کە هەوڵەکانیان خستووەتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەمئاویى گەڕەکە تازەکانی شارەکە، ئەمەش لە رێگەى لێدانى چەندین بیری ئاو لە سەنتەرى شارى هەولێر ئەمەش بەو هۆیەی کە پڕۆژەکانى ئیفراز بەش ناکەن.

ئەندازیار ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: "بەهۆى فراوانبوونى شارى هەولێر و زیادبوونى چەندین گەڕەکى تازە لە سەنتەرى شار، پڕۆژەکانى ئاوى ئیفراز ناتوانن ئاوى پێویست بۆ تەواوى ئەو گەڕەکانە دابین بکەن بە تایبەت ئەو گەڕەکانەى دوورە دەستن و ئاوى ئیفرازیان پێیناگات".

راشیگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کەمئاویى ئەو گەڕەکانە هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەى هیچ گەڕەکێک بێ ئاو نەبێت، بۆ ئەم مەبەستە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە زیاتر لە 25 بیرمان لە گەڕەکە نوێیەکانى هەولێر لێداوە، بەردوامیش دەبین لە لێدانى ئەو بیرانە و بەپێى تواناى ئێمە و پێویستى ئەو گەڕەکانە".

ئەوەشى خستەڕوو" رەنگە تا کۆتایى ئەمساڵ پازدە بیرى دیکە لێبدرێت بۆ ئەو گەڕەکانەى کە تا ئێستا کێشەى کەمئاوى یان بێ ئاوییان هەیە، ئەمەش بەپێى قەرەباڵغى و رێژەى ئاوەدانى گەڕەکەکان دەبێ، چونکە لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکى دیکە جیاوازە، ئامانجى ئێمەش ئەوەیە کێشەى کەمئاوى لە تەواوى گەڕەکەکان چارەسەر بکەین".