كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

عەڕەبی هاوردە جارێکی دیکە هەڵدەکوتنەوە سەر گوندی پەلکانەی ناحیەی سەرگەڕان

ئەمڕۆ جارێكی دیکە عەرەبە هاوردەكان هەڵیانکوتاوەتەوە سەر گوندی پەلکانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری قەزای دووبز، بەڕێوەبەری شەرعی ناحیەکەش دەلێ كار بە بڕیارەكەی وەزیری دادی عێراق ناكرێت سەبارەت بە نوێنەكردنەوەی گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەكان.

لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ جارێكی تر ئەو عەرەبانە چوونەتەوە گوندی پەلكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، لە دادگاوە گرێبەستی كشتوكاڵییان بۆ نوێ كراوەتەوە و داوای چەند پارچە زەوییەكیان كردووە، هەڵبەتە ئەمە چەندەمین جارە ئەو عەرەبە هاوردانە هەڵدەكوتنە سەر گوندەكان بۆ داگیركردنی زەویوازی هاووڵاتییانی كورد".

گوتیشی: "چەند رۆژێك پێش ئێستا، وەزیری دادی عێراق بە نووسراوێك كە ئاراستەی پارێزگاكانی كردبوو بە كەركووكیشەوە كە گرێبەستی كشتوكاڵی نوێ نەكرێتەوە، دیارە ئەو بڕیارەی وەزیری داد شۆڕنەبووەوە بۆ خوارەوە و لە كەركووكیش بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵ دەڵێ ئێمە بە فەرمی ئاگادار نەكراوینەتەوە سەبارەت بە ئەوەی کە گرێبەستی زەوی كشتوكاڵی نوێ نەكرێتەوە و كاری بەو بڕیارە ناكەن و مەبەستی عەرەبەكانیش بێزاركردنی خەڵكە و هێزە ئەمنییەكانیش پاڵپشتی عەرەبە هاوردەكان دەكەن".

ئاماژەی بە ئەوەش دا: "ئەو عەرەبانەی كە هەڵدەكوتنە سەر گوندەكانی سنووری سەرگەڕان زۆرینەیان بەدون و شەمەرین زۆرینەیان لە سەردەمی دەسەڵاتی حزبی بەعسی ڕووخاو لە تكریت و جەزیرەوە هاتوونە بۆ ناوچەكە و ئێستاش هەر ئەوانن دەگەڕێنەوە و دەیانەوێت زەویوازری كورد داگیربكەنەوە".