عەلی عاشق كۆچی دوای كرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەهۆی نەگەیشتن بە خۆشەویستەکەی دوای نزیكەی 60 ساڵ دابڕان و هەڵبژاردنی لە ماڵێكی تەنیا لە گەلی عەلی بەگ، (عەلی عاشق)، كۆچی دوای كرد و تەرمەكەی گەڕێندرایەوە زێدی خۆی.

لەمبارەوە مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی10ی2020 عەلی عەبدوڵا شێخ، ناسراو بە (عەلی عاشق)، بەهۆی پیری و پەككەوتەی كۆچی دوایی كرد، هەرچەندە پێمان باش بوو لە گەلی عەلی بەگ ئەم شوێنەی دەیان ساڵە پەناگەی بووە بەخاك بسپێردرێت، بەڵام خزم و كەسەكانی پێداگریان كرد لەسەر ئەوەی كە تەرمەكەی بگەڕێنەوە بۆ گوندی سرێشمە زێدی باب و باپیرانی و لەوێ‌ بە خاكی بسپێرن".

جێگەی ئاماژەیە، عەلی عەبدوڵا شێخ، ناسراو بە (عەلی عاشق)، خەڵكی گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچكەی خەلیفانە لە سنووری قەزای سۆران، ژیانی پڕە لە ناسۆری عەشقێكی ناكام، ئەو پیاوە سوێندی خواردبوو، لە تاوی بە مراز نەگەیشتن لەگەڵ ئەو كچەی لە دڵیدا بووە، روو لە شوێنێكی تەنیا بكات و ژیانی تا هەتایی هەڵبژێرێت و زیاتر لە 60 ساڵە لە گەلی عەلی بەگ لە پەناگەیەكدا بەتەنیا دەژی.

بەپێی ناسنامەكەی، عەلی عاشق، بەر لە 80 ساڵ لە‌ گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچكەی خەلیفان لەدایك بووە، بەڵام دەگوترێت، كە لە تەمەنی لاوێتیدا ئەوینداری كچێك بووە، هەرچەند هەوڵی داوە لەگەڵ كچەكە بە مرازی دڵ بگەن، بەڵام رێگرییان لێ كراوە و نەیانهێشتووە بۆ یەكتر ببن، بەمەش ژیانی تەنیایی هەڵدەبژێرێت و پاشان گوندەکەی جێ دەهێڵێت و لە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ تا كۆتایی تەمەنی بە تەنیا دەژیا.