كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

هاوسەری محەمەد ئوزوون بۆ (باسنیوز): ڕۆمانەکانی ئوزوون چیرۆكی عەشقێكی ڕاستەقینە دەگێڕنەوە

سازدانی: ڕووكەت خاتوون تورهانڵی

و. لە توركییەوە: كارزان گلی

محەمەد ئوزوون ئەو نووسەرە مۆدێرنە كوردەیە، بە رۆمانەكانی کارێکی وای كرد لە ئاستی نێودەولەتیدا ناوی هەبێت. ئوزوون رۆحی ئەدەبی كلاسیك بوو، ژیانی خۆی و عەشق و داستانەكان و دەنگی دەنگبێژەكان و سێبەری قەدی دارچنار بوو، بۆیە وەک بڕوانامەیەکی ئەدەبی كوردییە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە.

ئوزوون لەژێر سێبەری مێژووی سیاسەتدا ژیاوە و چیرۆكی ئەو عەشقە راستەقینانەیە كە بە یەك نەگەیشتوون، بە خوێنەرانی گەیاندووە. بەرلەوەی رۆمانی (بیری قەدەر) بنووسێت، لەگەڵ هاوسەرەكەی بە (زۆزانا دۆتمام) ناوی دەهێنا و ئەویش بە (پسمام) ناوی دەهێنا. ئەوەی كەشێكی ئارامیشی بۆ نووسینی ئەدەبەکەی فەراهەم کردبوو، زۆزانی هاوسەری بوو، بۆیە زۆزان لەژێر سێبەری چیرۆكی رۆمانەكانیدا ئامادەیە.  ئاژانسی (باسنیوز) دیمانەیەكی لەگەڵ زۆزان، هاوسەری محەمەد ئوزوون ساز کردووە و ئەمەی خوارەوە پوختەیەکیەتی.

سەرەتا لەبارەی ناسینیان لەگەڵ ئوزوون و چۆنیەتیی هاوسەرگیرییان، زۆزان گوتی: "لەگەڵ محەمەددا لە گەشتێكی زۆر ماندوو و سەختدا یەكترمان ناسی، لەم رێگەیەوە دەمەوێت باس لە سەختترین گەشتم بكەم. لەگەڵ باوكم "نەجمەدین بیوككایا" هاوڕێ بوون، لەو سەردەمشدا بزووتنەوەی كوردی خەریكی شۆڕش بوون و سەردەمی كوودەتای 12ی ئەیلوول بوو. بۆ ئەوەی هاوڕێكانی نەگیرێن، باوكم بەرەو عێراق و لەوێشەوە بۆ سووریا كەوتە ڕێ، محەمەدیش بۆ سوید، كاتێك ئەویش چووە سوید، كاریگەریی هەبوو لەوەی ئێمەش بەرەو ئەوێ بكەوینە ڕێ.

جارێ لە سیڤەرەك بووین، بەردەوام پۆلیس بەهۆی نەمانی باوكم هەڵیاندەكوتایە سەر ماڵەكەمان و دایكمیان دەستبەسەر دەكرد و دەیانگوت تا باوكت نەیەتەوە ئازادی ناكەین. دایكم لەگەڵ بێریڤانی خوشكە بچووکم، كە منداڵێکی ساوا و لە باوەشی دایکمدا بوو، بەردەوام لەڕێەی پۆلیسخانە بوون. جارێكیان پۆلیس هەڵیكوتایە سەرمان و ئەمجارەیان دایكمیان نەبرد، بەڵكوو هەوڵیاندا من ببەن بۆ زیندان، بەڵام دایكم نەهێشت و رووبەڕوویان بووەوە، بۆیە باوكم بەمەی زانی و گوتی بەپەلە خۆتان بگەیەننە سووریا. زۆر بە زەحمەت توانیمان لەڕێگەی قاچاغچەوە خۆمان بگەیەنینە سووریا، كە باوكم ناونیشانەكەی پێ گوتبووین، ئیتر لەوێشەوە بۆ بەیرووت و لەوێشەوە بۆ سوید. یەكەم بینینی منیش لەگەڵ محەمەددا لە فڕۆكەخانەی سوید بوو و هاتە پێشوازیمان، دەمەوێت بڵێم لە گەشتێكدا، كە زەحمەتییەكی یەكجار زۆری تێدا بوو، من و ئووزون یەكترمان ناسی".

زۆزان لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: "سەرەتا هەر بە ئوزوونم دەگوت كاكە"، چونكە ئەو ئۆتۆمبێلێكی هەبووە و كاتێك زۆزان ویستوویەتی خۆی فێری شوفێری بكات، لە ئۆپسالا ئوزوون بەوەی زانیوە و چووەتە لای و گوتوویەتی وەرە فێری شۆفێریت دەكەم و ئیدی لەو كاتەوە بەردەوام یەكتریان بینیوە.

زۆزان باس لەو ساتە دەكات، كە ئوزوون داوای هاوسەرگیری لێ كردووە و دەڵێت: "جارێكیان منی لەسەر سووكانی سەیارە هێنایە خوارەوە و گوتی من سەیارە لێ دەخوڕم و تۆ دانیشە، بەڵام رێگەی گۆڕی تا دوا بكەوین بۆ ماڵەوە و پێم گوت بۆ رێگاكەت درێژ كردەوە؟ گوتی من هیچ كاتێك بیرم لە هاوسەرگیری نەكردبووەوە و هاوڕێكانم بەردەوام گوتوویانە هاوسەرگیری بكە و خۆم دزیوەتەوە، بەڵام ئێستا بڕیارمدا هاوسەرگیری بكەم. منیش هەرگیز بیرم لەوە نەكردەوە مەبەستی ئەوە بووە لەگەڵ مندا هاوسەرگیری بكات، بۆیە پرسیم ئەو كچە كێیە دەیكەیتە هاوسەرت؟ گوتی تۆ، ئیتر تووشی شۆك بووم و زۆر تووڕە بووم، چونكە ئەو خزم بوو و لە سیڤەرەكیش دراوسێ بووین، بۆیە هەرگیز شتی وا نابێت بیری لێ بكرێتەوە و ئەویش لە تەمەندا زۆر لە من گەورەتر بوو، بەڵام ئوزوون گوتی تووڕە مەبە و بیری لێ بكەرەوە، منیش كاتێك بە توندی دەرگای سەیارەكەم داخست و تووڕەبوونی خۆم پیشان دا، ئەو بە تۆنێكی زۆر هێمن گوتی "بیری لێ بكەرەوە". كاتێك چوومە ماڵەوە، هیچ دڵم خۆش نەبووم و دڵگران بووم، ئەمەش ساڵ و نیوێكی خایاند و ئەو بۆ بڕواهێنان بە من تا هاوسەرگیری لەگەڵدا بكەم لە هەوڵی خۆی نەکەوت".

زۆزان باسی لەوەش كرد، كە ئوزوون تایبەتمەندیی زۆر جوانی هەبووە و ئەو هەڵسوكەوتانەشی كاریگەریی لەسەر دروست كردووە، چونكە خاوەنی نەرمونیانییەكی زۆر بووە، بە بەراورد بە پیاوانی سیڤەرەك، كە بەرامبەر بە ئافرەت زۆر رەق بوون، هەروەها دەڵێت "ئوزوون دڵێكی فراوانی هەبووە و حەزی كردووە ئافرەت گفتوگۆی لەگەڵدا بكات و گوێی لێ دەگرت".

دەشڵێت "كاتێك لای ئوزوون دەبووم، هەستم بە پارێزراویی خۆم دەكرد، بۆیە بڕیارم دا هاوسەرگیریی لەگەڵ بكەم".

وەك ئەوەی زۆزان دەیگێڕێتەوە، بەرلەوەی ئەڵقەی هاوسەرگیری بگۆڕنەوە، ئەو بۆ كۆنفراسێك داوەت كرابوو بۆ دەرەوەی ستۆكهۆڵم و رۆیشت، بەڵام ئەم بە سەیارەكەی خۆی بە دارێكدا كێشابوو و رووداوێكی زۆر سەختی بەسەر هاتبوو، ئیدی نەمانزانی هۆكارەكەی ئەوە بووە زۆر بیری لەبارەی كەسێكەوە دەكردەوە، یان لەو كاتەدا بیری لەو ساتە كردووەتەوە لەگەڵ مندا لەناو عەشقێنیدا بووە، یان بەردەوام لەگەڵ كەسایەتیی ناو رۆمانەكانی دەژیا و لەو كاتەدا ئاگای لە خۆی نەماوە، هیچ كاتێك كەس نەیزانی هۆكاری چی بووە، کە خۆی كێشاوە بەو دارە و بۆ خۆیشی تا كۆچی دوایی كرد باسی نەكردووە، بەڵام كاتێك لە نەخۆشخانە بووە و هەموو گیانی شكاوە، لەوێ داوای لە زۆزان كردووە، ئەڵقەی هاوسەرگیری بگۆڕنەوە.

زۆزان درێژەی پێ دەدات و دەڵێت: "كە چوومە نەخۆشخانە، بارودۆخی زۆر خراپ بوو، چەندین پزیشك لە دەوری كۆ ببوونەوە و بەردەوامیش دەڕشایەوە و هەموو ئێسكی لەشی شكابوو، بۆیە كە ئەو دیمەنەم بینی تێك چووم و لە هۆش خۆم چووم، بەڵام كاتێك ئوزوون كەمێك باش بوو، ئیتر منیان بردە لای. كاتێك چوومە لای، دەستی گرتم و گوتی ئەگەر ئەمڕۆ بژیم ئەوە بە هۆی تۆوە دەژیم و گوتی ئەڵقەكان لای تۆیە؟ گوتم بەڵێ و گوتی دەری بێنە، كاتێك دەرم هێنا، ئەڵقەی خۆی كردە دەستی و گوتی زۆر جوانە".