سەڵت یان خێزاندار کامیان زیاتر ئەگەری مردن بە کۆرۆنای هەیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەڵت یان خێزاندار کامیان زیاتر ئەگەری مردن بە کۆرۆنای هەیە؟

توێژینەوەیەکی نوێی سویدی ئاشکرای دەکات، نیشانە توندەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە توێژێک بۆ توێژێکی دیکە جیاوازن. روونشی دەکاتەوە، حاڵی کەسی سەڵت لەگەڵ نەخۆشی، جیایە لە کەسی خێزاندار.

توێژەران لە زانکۆی ستۆکهۆڵم ئاشکرایان کردووە، چەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی کاریگەرییان لەسەر لێکەوتەکانی پەتاوە هەیە، وەک رەگەزی تووشبوو، داهاتی، ئاستی خوێندنی، خێزانداری و ئەو وڵاتەی تیایدا دەژیێت.

ستیف دریفال، شارەزا و ئەکادیمی، یەکێکە لە بەشداربووانی توێژینەوەکە، دەڵێ: “ئەو هۆکارانە کاریگەرییان لەسەر مردنی هەر کەسێک هەیە، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێ”.

توێژینەوەکە پشتی بەو راگەیەندراوانەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سویدی بۆ تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کۆچکردووان بە کۆرۆنا بەستووە، لەوانەی تەمەنیان لە 20 ساڵی تێپەڕیوە.

داتاکان دەریدەخەن، ئەوانەی لە دەرەوەی سوید لەدایک بوونە، کەمتر ئەگەری مردنیان هەیە بەهۆی تووشبوون بەو پەتایەی، لە کۆتایی ساڵی 2019 لە چیین دەرکەوت و دواتر بوو بە پەتایەکی جیهانی.

لە توێژنەوەکەدا، کە لە گۆڤاری (نیچەر کۆمینیکایشنز) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە “ئەگەر تووشبووەکە پیاو بێ و داهاتێکی کەمی هەبێ و ئاستی خوێندنی سنووردار بێ، ئەوا ئەگەری مردنی بەهۆی کۆرۆناوە زیاترە”.

بەگوێرەی توێژەرەکان، ئەو هۆکارانە لە ئەگەری مردن بە نەخۆشییەکانی دیکەیش رۆڵیان هەیە.

توێژینەوەکەش دەریخستووە، پیاوان دووبەرابەر ئەگەری مردن بە کۆرۆنایان هەیە بەراورد بە ئافرەتان، ئەمە بابەتە لە رابردووشدا جێی مشتومڕی زانستیی بووە.

هەندێک پێیان وایە، بۆیە ئافرەتان بە شێوەیەکی کەمتر ئەگەری مردن بە کۆرۆنایان هەیە، چونکە لە زۆر لە وڵاتان، جگەرە ناکێشن و کاری دەستی و قورس ناکەن، یان لەبەر ئەوەی باشتر پارێزگاری لە تەندروستیی خۆیان دەکەن.

داتاکانی سوید ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، سەڵتەکان، چ پیاو بن و چ ئافرەت (بێوەژن و تەڵاقدراوانیش دەگرێتەوە)، دوو هێندە مەترسیی مردن بە کۆرۆنایان لەسەرە، بەراورد بە خێزاندار و هاوسەردارەکان.