كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەقینەوەی غاز لە خووزستانی ئێران ١٤ کەسی کردە قوربانی

ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕەکێکی شاری ئەهوازی سەر بە پارێزگای خووزستانی ئێران بەهۆی تەقینەوەی غازی ماڵان، پێنج کەس گیانیان لەدەست دا و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئیبراهیم قەنبەری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی شاری ئەهواز بە ئاژانسی (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە: "ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٨:٣ی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی١٠ی٢٠٢٠ بە کاتی ئێران لە باڵاخانەیەکی دوو نهۆم و لە بازاڕی عامریی شاری ئەهواز ڕووی داوە و بەهۆی تەقینەوەکەوە هەردوو نهۆمی باڵاخانەکە داڕووخاوە و تا ئێستا چوار پیاو و ژنێک گیانیان لەدەست داوە و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە لە شوێنی رووداوەکە هێزە فریاگوزارییەکان سەرقاڵی گەڕان بە شوێن ئەو تەرمانەن کە لەژێر دار و پەردووی بینا ڕووخاوەکە ماونەتەوە.

لەو ڕووداوەدا جیا لە زیانی گیانی بە دانیشتوانی بیناکە، زیانیکی زۆری مادی بە بیناکە و دووکان و باڵاخانەکانی دەوروبەریشی گەیشتووە.

تەقینەوەی غازی ماڵان لە ئێران کە زۆرێک لە هۆکارەکانی بەهۆی کەمتەرخەمی بەکارهێنەران و ناستانداردبوونی ئامێر و کەلوپەلەکان و شێوازی ڕاکێانی غازەوە ڕوو دەدەن، ساڵانە بە دەیان کەس دەبنە قوربانی.

دیارترین ئەو رووداوانەی لە ئێران لە ماوەی رابردوودا روویاندا، تەقینەوەکە لەناو سەنتەرێکی تەندروستی بوو لە تاران، لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی رابردوود کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 19 کەس.

ئێران لە مانگی ئابی رابردوودا رای گەیاند، رووداوێک بووەتە هۆی خاپووربوونی باڵەخانەیەک، لە نزیک وێستگەی نەتنز بۆ وزەی ئەتۆمی، کە تازە دروست دەکرا و  زەرەر و زیانێکی زۆری لە دامەزراوەکە داوە.