لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شەڕی پارتە سیاسییەكانی توركیا لەسەر باكوورە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شەڕی پارتە سیاسییەكانی توركیا لەسەر باكوورە

بۆ ڕاكێشانی دەنگی كورد بەڵێنیی جۆراوجۆر دەدەن

بۆ زۆربەی پارتە سیاسییەكانی توركیا ڕوون بووەتەوە، كە دەنگی كورد لە باكووری كوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلا دەكاتەوە، بۆیە پارتە سیاسییەكانی توركیا كۆبوونەوە و میتینگەكانیان دەبەنە باكوور و بەڵێنیی جۆراوجۆریش بە كورد دەدەن.

لە ساڵی ١٩٩٠ەوە پارتە سیاسییەكانی توركیا بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كورد دەدەن، بەڵام نەك بەڵێنەكەیان نەبردووەتە سەر، تەنانەت ئەو بوێرییەشیان نەبووە زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی لە دەستووردا جێگیر بكەن، یان رێگە بدەن كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت.

دەكرێت بڵێین ئاكەپە تاكە پارت بوو كە نەفەسێكی درێژی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، ئەویش لە ٢٠٠٥ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارێكدا لە ئامەد گوتی "لە توركیا كێشەیەك هەیە و پێی دەڵێن كێشەی كورد"، پاشان لە ٢٠٠٨ رێككەوتنی ئۆسلۆی لەگەڵ پەكەكە بە نهێنی ئەنجام دا و لە ٢٠١٣ش پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس. بەڵام لە ٢٠١٤ و دوای شەڕی خەندەق ئەویش پەشیمان بووەوە و گوتی لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەیە كێشەی تیرۆرە و لەگەڵ برا كوردەكانمان هیچ كێشەیەكمان نییە.

لە هەڵبژرادنی پەرلەمانی ٢٠١٥، دەنگدەری كورد سزای ئاكەپەیان دا و بۆ یەكەمجار زۆرینەی لە پەرلەمان لەدەست دا و هەدەپەش بووە خاوەنی ٨١ كورسیی پەرلەمان. ئاكەپە ناچار كرا حكوومەتێكی كاتی و هاوپەیمان دابمەزرێنێت و پاشان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمجارەیان كورد بەڵێنەكانی ئاكەپەیان پێ باش بوو لەبارەی كێشەی كورد، بۆیە ئاكەپەیان كردەوە بە زۆرینەی پەرلەمان، بەڵام هەدەپەشیان وا لێ كرد كە بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت.

لەناو ئاكەپەدا چەند سەركردەیەكی سیاسی جیا بوونەوە، دیارترینیان ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا و عەلی باباجان جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، هەروەها عەبدوڵا گویل سەركۆماری پێشووی توركیا، بەدەستی ئەو ٣ سەركردەیەش ٢دوو پارتی سیاسی دامەزران، بە ناوەكانی (دەوا و ئایندە).

سەرۆكی ئەو دوو پارتە خۆیان لە كورد نزیك دەكەنەوە و دەڵێن غەدر لە كورد كراوە، تەنانەت ئەحمەد داودئۆغلۆ گوتی پێویستە لە توركیا رێگە بدرێت كورد بە زمانی خۆی بخوێنێت، هەروەها بەڵێنی دا ئەگەر بێتە دەسەڵات ئەو مافە بۆ كورد بگێڕێتەوە.

چەند بەرپرسێكی ئاكەپەش وەڵامی داودئۆغلۆیان دایەوە و گوتیان راست ناكەیت، چونكە كاتێك سەرۆكوەزیران بوویت كێ دەستی گرتبوویت بڕیارێك دەربكەیت بۆ ئەوەی كورد بە زمانی دایك بخوێنێت؟

عەلی باباجان لە ١٠ی١٠ی٢٠٢٠ چووەتە ئامەد و لەوێ بەشداری لە كۆنگرەی لقی پارتەی كرد، ئەویش لە وتارێكدا  گوتی: "هەموو ئەو ئاستەنگانە هەڵدەگرین كە رێگە نادەن كورد بە زمانی دایك بخوێنێت، ئێمە تەواوی هەمواركردنەوەكان دەكەین تا هەمووان بتوانن بە زمانی دایك بخوێنن".

كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لە كۆنگرەی پارتەكەی تیشكی خستە سەر كورد و كێشەی كورد لە توركیا. ئەو بەڵێنی بە كورددا ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، لە ماوەی ٤ ساڵدا دەتوانن كێشەی كورد چارەسەر بكەن.

كلیچدارئۆغلۆ ئاماژەی بەوەش داوە كێشەی كورد دەبەینە پەرلەمان و یاسای بۆ دەردەكەین، تا لە رێگەوە كێشەكە چارەسەر بكەین و ئێمە بەڵێن دەدەین لە توركیا شتێك نامێنێت بە ناوی كێشەی كورد.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی چەند میدیایەكی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە، ئاكەپەش بەنیازە لە ٢٠٢١، بە بەرنامەیەكی تر و پلانێكی تر خزمەت بە كورد بكات و لێیان نزیك ببێتەوە، دیارترینیان ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزارییە.

هەروەها ئاكەپە دەیەوێت لەڕێگەی چەند كەسایەتییەكی دیاری باكوورەوە كۆبوونەوە و چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵكدا بكات و پێیان بڵێت دەنگمان پێ بدەن و ئێمەش لەگەڵ ئێوەدا دادەنیشین بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، نەك پەكەكە و هەدەپە.

بەڵام ئەوەی بووەتە كێشەیەكی گەورە لەبەردەم ئاكەپە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی كوردەكان لە دەست بدات، هاوپەیمانییەتی لەگەڵ مەهەپەدا، چونكە مەهەپ پارتێكی دژە كوردە و كوردیش هەرگیز ئەو پارتەی قبووڵ نەبووە.

تەنانەت دەزگا راپرسییەكانی توركیا باس لەوە دەكەن، كوردە موخافیزكارەكانی سەر بە ئاكەپەش، لەو پارتە تووڕەن و دەنگی پێ نادەنەوە، چونكە ئاكەپە ماوەی دوو ساڵە هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد نەناوە.