وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەردەوامە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بەردەوامە

لە حاڵێکدا وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوبژیوانیی ڕووسیا پاش ١٠ کاتژمێر گفتگۆ، ڕێککەوتنی ئاگربەستیان واژۆ کرد، بەڵام هێشتا شەڕ و ئاڵۆزیی نێوانیان لە قەرەباخ و دەوروبەری بەردەوامە.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بڕیار بووە بۆ گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ لێقەوماوان و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی شەڕ، لە کاتژمێر ١٢ی دوێنێ شەممە 2020.10.10وە ئاگربەستەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و هەردوولا بە نێوبژیوانیی گرووپی (مینسک) کە بریتین لە ڕووسیا، فەڕەنسا و ئەمریکا، گەڕێکی نوێی دانوستانی ئاشتی دەست پێ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرت و زانیاریی میدیاکان کە چەند کاتژمێر دوای ئاگربەستەکە، چەندین شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕووی داوە.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بە بڵاوکردنەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە کردنە ئامانجی چەکۆچۆڵی قورسی ئەرمینیا، ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئەرمینیا دوای ئاگربەست، درێژەیان بە هێرشەکانیان داوە کە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە وەڵامیان دراوەتەوە.

لە بەرانبەردا وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا و بەرپرسانی ناوچەی قەرەباخ ئاشکرایان کردووە کە سەرەتا هێزەکانی ئازەربایجان ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە و ئەرمینیا لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا دژکردەوەی نیشان داوە.

پاش دوو هەفتە لە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لەسەر ناچەی کێشەلەسەری قەرەباخە، هەتا ئێستا ٣٠٠ کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەست داوە و بە سەدان کەسیش بریندار و لە شوێنی ژیانی خۆیان ئاوارە بوون.