كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زانکۆى سەڵاحەدین: بۆ کردنەوەى بەشە ناوخۆیى قوتابیان چاوەڕێى وەڵامى وەزارەتى تەندروستین

سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین رایگەیاند چاوەڕێى رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستین پێدانى رێککارەکانى خۆپاراستن بۆ کردنەوەى بەشە ناوخۆییەکانى قوتابیان، جگە لەمەش سیستەمى میواندارى لە زانکۆکان پەیڕەو دەکرێت.

پڕۆفیسۆر د. جەوهەر فەتاح سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: " بەهۆى تەشەنەکردنى پەتاى کۆڕۆناوە وەزارەتی خوێندنی باڵا سیستەمى ئاوێتە لە زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات، هەر بەم هۆیەشەوە نەتواندراوە بڕیار لەسەر کردنەوەى بەشە ناوخۆییەکانى قوتابیان بدرێت، چونکە پاراستنى گیانى قوتابیان لەهەموو شتێک گرنگترە لامان، کردنەوەى بەشە ناوخۆییەکان بەرپرسیارێتییەکى گەورەیە".

راشیگەیاند: "وەزارەتى خوێندنى باڵا بە نووسراوى فەرمى داواى روونکردنەوەى لە وەزارەتى تەندروستى کردووە، بۆ پێدانى رێنمایی و رێککارەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆڕۆنا لەئەگەرى کردنەوەى بەشە ناوخۆییەکان، بەتایبەت بۆ زانکۆیەکى وەکو سەڵاحەدین کە ژمارەیەکى ئێجگار زۆر قوتابى هەیە".

روونیشىکردەوە"بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخەکە بۆ ئەمساڵ سیستەمى میواندارى لە زانکۆکان پەیڕەو دەکرێت، واتا هەر قوتابیەک دەتوانێت لە نزیکترین زانکۆ لە ماڵەکەى خۆى درێژە بەخوێندنى خۆى بدات، بەمەرجێ ئەو بەشە لەو زانکۆیە هەبێت کە ئەو تێیدا دەخوێنێت، ئەگەر بەشە ناوخۆییەکانیش کرانەوە رێگە بەو قوتابیانە دەدرێت کە زیاتر لە 35 کیلۆمەتر دوورن".