هەموو زانیارییەك لەبارەی موحەممەد ڕەزا شەجەریان، شای ئاوازی ئێران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەموو زانیارییەك لەبارەی موحەممەد ڕەزا شەجەریان، شای ئاوازی ئێران

موحەممەد ڕەزا شەجەریان، ناسناوی (پاشای ئاوازی ئێران)ی هەیە و بە دەستەبژێری موزیکی ڕەسەنی ئێرانی ناو دەبردێت و خاوەن گەورەترین خەڵاتە جیهانی و موزیکییەکانە. رۆژی پێنجشەمە 8\10\2020، كاتژمێر 3/30 بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی گورچیلە، لە تەمەنی 80 ساڵی لە نەخۆشخانەی (جەم)ی تاران کۆچی دوایی کرد.

موحەممەد رەزا شەجەریان، بۆ پیرۆزبایی نەورۆزی 2016، بۆ یەکەمین جار بە سەرێکی تاشراوەوە دەرکەوت و باسی لە میوانێکی 15 ساڵەی خۆی کرد، بە ناوی نەخۆشیی شێرپەنجە. ئەوە دوا ڤیدیۆ و وتاری راستەوخۆی ئەو هونەرمەندە بوو لەگەڵ هەوادارانی، لەو کاتە بەدواوە، هیچ تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو نەبووەتەوە.

بەدرێژایی چوار ساڵی رابردوو، بەردەوام لە نەخۆشخانەکاندا  لەژێر چاودێریی پزیشکان بووە و سەرەنجام نەخۆشخانەی جەم بووە دوا وێستگەی ژیانی.

ئەو هونەرمەندە زۆر بە جوانی باسی موزیک و ئاوازی کوردیی کردووە و سەبارەت بە هونەرمەندی گەوەرەی کورد سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی دەڵێت: “پیاوێکی ئەفسوناوی لە چیاکانی کوردستان، ماوەی مانگێک هاتە تاران و دواتر وەکوو هەڵم رۆیشت و نەما، بەڵام ئەوەی گرنگە، من سوودی زۆرم لێی وەرگرت”.

شارەزایانی موزیک دەڵێن، ئێران قەرزاری شەجەریانە، چونکە ئەو 65 ساڵ کاری هونەری کردووە و ئاوازی ڕەسەنی ئێرانی گەیاندووەتە لوتکە. ماوەی چوار ساڵ ناجێگیریی باری تەندروستیی ئەو هونەرمەندە، خەڵکی ئێرانی پەرێشان کردبوو و لە دەوری ئەو نەخۆشخانەیە مۆمیان دادەگیرساند و گۆرانییەکانیان دەگوتەوە.

موحەممەد ڕەزا شەجەریان لە 1940/9/23 لە شاری مەشهەد لەدایک بووە،  پێشتر خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا، باسی لە ژیان و ئەزموونەکانی کردووە و دەڵێت: “لە خێزانێکدا هاتوومەتە دنیا، کە باوە گەورەم عەلی ئەکبەر، دەنگێکی زۆر باشی هەبووە و بە جوانی گۆرانیی دەگوت، ئەو یەکێک بوو لە میر و بەگە گەورەکانی مەشهەد، هەر بۆیە هیچکات لەنێو کۆبوونەوەکاندا گۆرانیی نەدەگوت، تەنیا بۆ برادەر و کەسانی بەناوبانگ، کە سەردانیان دەکرد، گۆرانیی دەگوت”.

شەجەریان هەروەها دەڵێت: “باوکم، مەهدی شەجەریان، خاوەن دەنگێکی بەهێز بووە و لە تەمەنی گەنجیدا دەستی بە گوتنی گۆرانی کردووە، بەڵام هەر زوو وازی هێناوە و دەستی کردووە بە خوێندنەوەی قورئان و تا کۆتایی تەمەنی هەر لەسەر ئەو باوەڕەیدا مایەوە و گۆرانیی لەبیر کرد و قورئانی خوێند، بەم هۆیەوە لە مەشهەد ناو و پلەیەکی جیاوازتری بەدەست هێنا و خەڵک زۆر ڕێزیان لێ دەگرت. باوکم ژمارەیەکی زۆر قوتابی لە بواری تەرتیل و خوێندنی قورئان ڕاهێنا و منیش یەکێک بووم لەو قوتابییانە”.

موحەممەد ڕەزا شەجەریان هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، واتا لە تەمەنی 5 ساڵیدا گۆرانیی گوتووە. ساڵی 1947 چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و دوای ساڵێک، لە خزمەت باوکیدا فێری خوێندنی قورئان (كتێبی پیرۆزی موسڵمانان) بووە، لە تەمەنی 9 ساڵیدا قورئانی دەخوێندەوە و دوای ساڵێک لە کۆڕ و بۆنە ئایینییەکان و کۆڕە سیاسییەکانیش قورئانی خوێندووەتەوە.

ساڵی 1952 بۆ یەکەمجار دەنگی موحەممەد ڕەزا شەجەریان لە ڕادیۆی خوراسان پەخش کراوە. ساڵی 1957 چووەتە زانکۆی مەشهەد و هەمان ساڵ لەگەڵ مامۆستایەکی موزیک بە ناوی (جەوان) ئاشنا بووە. بە دواداچوونی بۆ موزیک و ئاواز وای کردووە لە ساڵی 1959 بەولاوە، شەجەریان جگە لە قورئان، ئاوازی بێ ساز و موزیک لە ڕادیۆ بخوێنێت. ساڵێک دواتر شەجەریان دبلۆمی باڵای لە زانکۆ وەرگرتووە و دواتر بووە بە کارمەندی وەزارەتی پەروەردەی ئەوکات.

پاشان لای مامۆستا جەلالی ئەخباری فێری ژەنینی سازی سەنتوور بووە. ساڵی 1963 لە لایەن وەزارەتی پەروەردە نێردراوە بۆ گوندی شاهئابادی مەشهەد و لەوێ وەکوو بەڕێوەبەری قوتابخانە دەستی بە کار کردووە، لە هەمان ساڵدا توانیویەتی یەکەم سازی سەنتوور بە داری توو دروست بکات.

شەجەریان دوای چەند ساڵ کارکردن لە قوتابخانەکانی مەشهەد و دەوروبەر، ساڵی 1967 دەنێردرێتە شاری تاران، لەو دەمەدا لەگەڵ مامۆستا ئەحمەدی عیبادی، ژەنیاری ناوداری سازی سێ تار ئاشنا دەبێت، پاشان لە ڕادیۆی دەنگی ئێران دەست بە کار دەکا و لای مامۆستا مێهرتاش فێری ئاواز بووە و لە ڕێکخراوی خوشنووسانیش فێری خوشنووسی بووە.

ساڵی 1968 لە وەزارەتی پەروەردە نێردراوەتە وەزارەتی کانزا سروشتییەکان و هاوکات درێژەی بە کاری ڕادیۆ و فێربوونی ئاواز و خوشنووسی داوە.

لەبەر ئەوەی باوکی شەجەریان دەیویست خێزانەکەی وەکوو خێزانێکی ئایینی و قورئانخوێن بناسرێت و ناوبانگیان هەبێت، بۆیە شەجەریان تا ساڵی 1971 بە ناسناوی سیاوەش بیدگانی لە ڕادیۆ گۆرانیی گوتووە، بەڵام دواتر باوکی ڕەزامەندیی خۆی دەربڕیوە و مۆڵەتی پێداوە بە ناوە ڕاستەقینەکەی خۆی گۆرانی بڵێت.

دواتر بەهۆی کێشە و گرفتە سیاسی و کومەڵایەتییەکانی ئەوکات، ساڵی 1976 لەگەڵ هۆشەنگ ئبتێهاج و چەند هونەرمەندێکی دیکە، بڕیار دەدەن چیتر لە ڕادیۆ کار نەکەن.

ساڵی 1977 کۆمپانیای بەرهەمهێنانی موزیکی بەناوی (دڵ ئاواز) دامەزراندووە و ساڵی 1978 لە کێبڕکێی خوێندنی قورئان پلەی یەکەمی ئێرانی بەدەست هێناوە.

لە هەشتاکاندا شەجەریان و پەرویز موشکاتیان هەماهەنگیی هونەرییان دەست پێ کردووە و بەرهەمی ئەم هەماهەنگییە چەندین ئەلبووم بووە، بە ناوەکانی، ماهوور، بیداد، نەوا، دەستان و ....تد.

لەو ساڵانەدا شەجەریان و گرووپی عارف، چەندین کۆنسێرتیان لەدەرەوەی ئێرانیان ساز کردووە. ساڵی 1990 لەگەڵ گرووپی پیری نیاکان وعەندەلیبی، (عەندەلیبیەکان گرووپێکی کورد و خەڵکی شاری سنەن)، چەندین کۆنسێرتیان لە ئەورووپا و ئەمەریکا ساز کردووە. ئەم گرووپە لەگەڵ شەجەریان بۆ زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی شاری ڕوودبار، کە دەکەوێتە باکووری ئێران، چەندین کۆنسێرتیان لە وڵاتانی ئەورووپایی ساز کردووە و داهاتی کۆنسێرتەکەیان پێشکەش بە لێقەوماوانی ئەو شاره کردووە.

موحەممەد ڕەزا شەجەریان ساڵی 1961 لە تەمەنی 21 ساڵیدا ژیانی هاوسەریی لەگەڵ فەرخوندە گوڵ ئەفشان پێک هێناوە، ئەو خانمە وەکوو شەجەریان، مامۆستای قوتابخانە بووە و بەرهەمی ئەو ژیانە 3 کچن بە ناوەکانی فەرزانە، ئەفسانە، موژگان و کوڕێکیش بە ناوی هومایۆن.

موحەممەدڕەزا شەجەریان و فەرخوندە گوڵ ئەفشان، دوای 30 ساڵ ژیانی هاوسەرگیری، لەیەک جیابوونەتەوە و ساڵێک دواتر شەجەریان لەگەڵ خانمێک بەناوی کەتایۆن خانساری هاوسەرگیریی کردووە و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە کوڕێک بووە بەناوی ڕایان. موحەممەد ڕەزا شەجەریان ئاوەڵزاوای کوڕەکەی خۆی هومایۆن شەجەریانە، واتا شەجەریانی باوک و شەجەریانی کوڕ لەگەڵ دوو خوشک هاوسەرگیرییان کردووە.

 یەکێک لە باسە گرنگەکانی ئەم چەند ساڵەی مامۆستای ئاوازی ئێران، کێشەی چەندین ساڵەی نێوان موحەممەد ڕەزا شەجەریان و ناوەندی فەرمیی میدیایی ئێران بە ناوی (سەدا و سیما)یە، تا ئێستاش ئەو کێشەیە بەردەوامە و بە ڕادەیەک ئەو باسە گرنگ بوو، کە دیکۆمێنتارییەک بە ناوی (لە سپێدەوە تاکوو هاوار) لەوبارەوە  دروست کرا.

لە دیکۆمێنتارییەکەدا باس لە گرنگترین گۆرانی و ئاواز و موناجاتەکانی مامۆستا شەجەریان دەکرێت، کە بەدرێژایی 40 ساڵ، لەگەڵ ڕۆح و خوێنی ئێرانییەکان تێکەڵ بووە و هۆکارێکی گەورە بووە بۆ خۆشەویستیی شەجەریان لەنێو خەڵکدا.

(ڕەببەنا) ناوی ئەو ئاوازەیە، کە بێ ساز و موزیک گوتراوە و بۆنەی ئایینی هەیە 20 ساڵ مانگی ڕەمەزان لە کاتی بەربانگ ئەو موناجاتە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بە چەندین هۆکاری نادیار، (ڕەببەنا)یان لە کاناڵەکانی ئێران بڵاو نەکردەوە، ئەمە بەدرێژایی چەندین ساڵ بووە هۆکاری ناڕەزایی خەڵک و دەیانگوت ڕەببەنا بەربانگی ڕەمەزانی بۆمان خۆشتر دەکرد.

لە دیکۆمێنتارییەکەدا، بۆ یەکەمین جار شەجەریان لەوبارەوە قسە دەکات و دەڵێ: “ساڵی 1979 ڕەببەنام بۆ کەسانێک خوێندووە، کە نوێژ و ڕۆژووێکی ڕاستەقینەیان دەکرد و دەگرت و لە کاتی بەربانگدا هەستێکی ڕاستەقینەیان هەبوو، لەڕاستیدا وەکوو موناجاتێک بوو بۆیان. ساڵی 1995 نامەیەکم بۆ بەڕێز لاریجانی نارد، کە بەڕێوەبەری ئەوکاتی ناوەندی میدیای فەرمیی ئێران بوو، هۆکاری نامە ناردنەکەم ئەوە بوو، بەردەوام خەڵکی ئێران گلەییان لێم دەکرد و دەیانگوت بۆ ڕێگە لەمانە ناگری؟ (مەبەستی بەرپرسانی میدیاکانه)، چونکە ناوەندی میدیایی وێنە و کلیپی بۆ گۆرانییەکان دانابوو، بەتایبەتی بۆ ڕەببەنا، خەڵک دەیانگوت ئێمە خۆمان گۆرانییەکان لە هزرماندا وێنا دەکەین، کەچی میدیا کلیپ و وێنە بۆ ئاوازەکان دادەنێت و هیچ مانا و مەفهوومی ڕاستەقینەی گۆرانییەکەی نییە”.

گوتیشی: بەدرێژایی سێ ساڵ ئەم قسانەم دەبیست و چەندین جار نامەم بۆ دەرهێنەرانی ناوەندی میدیایی نارد و قسەی خەڵکم پێیان گەیاند و گوتم، من خۆم بۆ هیچ بەرهەمێکم وێنە و کلیپم دانەناوە، وێنەم بۆ بیسەران بەجێ هێشتووە، تاکوو هەر کەس بەپێی تێگەیشتنی، گۆرانییەکە وێنا بکات و ئێوەش نابێت ئەو کارە بکەن، پێیان گوتم، ئەوە مافی خەڵکە و ئێوە ناتوانن ئەو مافانە پێشێل بکەن، کەچی ئەوان بەردەوام بوون لە کاری خۆیان. بۆیە نامەیەکی فەرمیم نارد و گوتم، دەبێ فرمان بکرێت هیچ گۆرانیییەکی من لە کاناڵەکان بڵاو نەکرێتەوە، جگە لە موناجاتی ڕەببەنا، چونکە ڕەببەنا موڵکی من نییە و موڵکی خەڵکی ئێرانە، تا ماوەیەک لەسەر داواکارییەکم ڕۆیشتن، بەڵام دوای چەند مانگێک، سەرلەنوێ لەسەر ویستی خۆیان بەردەوام بوون، بەڵام دواتر ئەوان موناجاتی ڕەببەنایان ڕاگرت و گوتیان لەسەر داواکاریی شەجەریان بووە و من بەتەواوەتی ئەم قسەیە ڕەت دەکەمەوە”.

شەجەریان، جگە لە گۆرانییەکانی، چەندین سازی نوێی بۆ ئاوازی ئێرانی دروست کردووە، بە ناوەکانی، سوراحی، شەهرئاشووب، ساغەر، کرێشمە و سەبوو.

هەندێک لە خەڵاتەکانی شای ئاوازی ئێران، بریتیین لە خەڵاتی (بنیاتی ئاقاخان) بە ناوی خواوەندی ئاواز، خەڵاتی (هێمای باڵای ئاواز) بۆ ئاشتی، نیشانی (شوالیەی ئاواز). شەجەریان و شەهرام نازێری (کە هونەرمەندێکی ناوداری کوردە)، تاکە هونەرمەندانی ئێرانین ئەم خەڵاتەیان پێدراوە، خەڵاتی (بیتا)، کە ساڵانە لە ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت، چەندین خەڵاتی یونسکۆ، چەندین خەڵاتی زێڕ، خەڵاتی پیکاسۆ و چەندان خەڵاتی بەرزی جیهانی، هەموو ئەمانە وای کردووە، هونەرمەند شەجەریان لەسەر ئاستی جیهاندا ناسراو بێت.

نەورۆزی ساڵی 2016، شەجەریان بە بۆنەی پیرۆزبایی ساڵی نوێ، لە ماڵپەڕی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و لە وێنەکەدا بە قژێکی زۆر کورتەوە دەرکەوت و باسی لە نەخۆشییەکی 15 ساڵەی کرد و دواتر دەرکەوت، شەجەریان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە. دوای ڕاگەیاندنی نەخۆشییەکەی، موحەممەد ڕەزا شەجەریان لە کەمترین کۆڕ و بۆنەکان بەشدار دەبوو و کەم کەسیش توانیویەتی دیداری لەگەڵدا بکات.

چەند هەفتەی ڕابردوو، باری تەندروستیی هونەرمەند ناجێگیر بووە و ئەمە بووە هۆی غەمباریی خەڵکی ئێران، بەتایبەت هونەردۆستان، چەندین جار هەواڵی مەرگی بڵاو کرایەوە، دواتر لەلایەن خێزانەکەیەوە هەواڵەکان ڕەت دەکرانەوە.

بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە، خەڵک تووشی شڵەژانێکی زۆر دەبوون و چەندین شەو خۆشەویستانی مامۆستا شەجەریان لەبەردەم نەخۆشخانەی جەم، کە هونەرمەند لەوێ لەژێر چاودێریدا بوو، کۆ دەبوونەوە و بە پێکردنی مۆم و گوتنەوەی گۆرانییەکانی، خەمی خۆیان دەردەبڕی.

هەر بۆیە هومایۆن شەجەریان، کوڕی موحەممەد ڕەزا شەجەریان، لای هەواداران ئامادە دەبوو و دوای سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییان، دڵنیای دەکردنەوە باوکی زیندووە و لەژێر چاودێریی چڕدایە و دەیگوت بڕوا بە هیچ دەنگۆیەک مەکەن و تەنیا لە ڕێگای پەیجی خۆی بەدواداچوونی تەندروستیی باوکی بکەن.

لە کۆتاییدا هونەرمەندی گەورەی ئاواز کۆچی دوایی کرد  ئێران و رۆژهەڵات و هەموو جیهان، یەكێك لە ناودارترین هونەرمەندیان لەدەست دا.