ساڵەهایە مەعجوونی ددان بە هەڵە بەکاری دێنین... رێگا راستەکە ئەمەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ساڵەهایە مەعجوونی ددان بە هەڵە بەکاری دێنین... رێگا راستەکە ئەمەیە

 

لەمێژە وا باو بووە، کە رۆژانە بۆ دوو جار، هەر جارەی بۆ ماوەی دوو خولەک، ددانەکانمان بە مەعجوون بشۆین، کە فلۆریدی تێدایە، بەڵام پزیشکێکی ددانی مالیزی ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە ئەو بڕە مەعجوونە پێویستەی تا ئێستا بۆ پاککردنەوەی ددانەکان بەکار هاتووە، شتێکی هەڵە بووە.

پێگەی (هلیس) گوتی، رێکلامەکانی بازرگانی زۆر وا پیشان دەدەن کە فڵچەکان پڕن لە مەعجوون، وەک ئەوەی بە بەکارهێنەر بڵێ هەرکاتێ بڕی زۆر مەعجوونت بەکار هێنا، ئەوا شووشتنەکەت کاریگەرییەکی زۆری هەیە.

جاو جی تیە، پزیشکی ددان لە مالیزیا، کە لە کۆلێژی (کینگز لەندەن) وانە دەڵێتەوە، ئەو باوەڕەی رەت کردەوە و لەسەر هەژماری خۆی لە (تیک تیک) ئامۆژگاریی بەسوودی سەبارەت بە تەندروستیی ددانەکان و شووشتنیان بڵاو کردەوە.

(د. تیە) لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دیاریکردووە، بڕی پێویستی مەعجوونی ددان سەبارەت بەو کەسانەی تەمەنیان لە 3 ساڵ زیاترە، پێویستە بەقەدەر دەنکە بەزالیایەک بێ، نەک زیاتر.

ئاماژە بۆ ئەوەش ئەکات، کە ئەو زانیارییە لەسەر لوولەی مەعجوونی ددان نووسراوە، ئەوەش یەکێکە لەو شتانەی، کە زۆربەی خەڵک نایخوێنێتەوە.

د. تیە گوتی: “رێکلامە بازرگانییەکان درۆت لەگەڵ دەکەن، پێویستت بەوە نییە بڕێکی زۆر لە مەعجوونی ددان بەکار بێنی”.

ئاشکراشی کرد، بەکارهێنانی بڕێکی گەورەتر لە قەبارەی دەنکە بەزالیا مەترسییەکی گەورە لەسەر ئەو منداڵانە دروست دەکا، کە هێشتا ددانەکانیان تەواو پێنەگەیشتووە.

روونیشی کردەوە: “ئەوە لەبەر ئەوەیە، کە ئەگەر فلۆرید بە بڕێکی زۆر بەکار هێنرا، رەنگە ببێتە هۆی حاڵەتێک، پێی دەگوترێت ژەهراویبوون بە فلۆرید”.

بەڵام سەبارەت بەو منداڵانەی تەمەنیان لە 3 ساڵ بچووکترە، د. جاو جی ئامۆژگاریی ئەکا بە “بەکارهێنانی مەعجوون بەقەدەر یەک دەنگە برنج و زیاتر نا”.