كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی داواکارییەک ئاراستەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەکات

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، داوایان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی دهۆک کردووە لە چارەسەرکردن و وەرگرتنی تووشبوانی کۆرۆنا، هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی بکەن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە دهۆک داوامان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کردووە بۆ وەرگرتن و چارەسەری تووشبوانی کۆرۆنا بەتایبەت لە یەکەی چاودێریی چڕ، دەبێت نەخۆشخانە تایبەتەکان پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن کە پێشووتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە بۆیان نێردراوە و دەىی هاوکاری نەخۆشخانە حکوومییەکان بکەن".

پێشتر بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەولێر  پابەندی کەمکردنەوەی نرخ و وەرگرتنی ئەو تووشبوانە کراون، کە لەلایەن نەخۆشخانە حکوومییەکانەوە بۆیان ڕەوانە دەکرێن.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش دا: ئ"ەو ئەزموونەی لە هەولێر هەبوو، کە بەشێک لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی هەولێر هاوکاریی وەزارەتی تەندروستی بوون، داوایان کردووە لە دهۆکیش بکرێت، بۆیە دەمانەوێ نەحۆشخانە تایبەتەکانی دهۆک هاوشێوەی ئەوانەی لە هەولێر کراوە، هاکارمان بن، هەرچەندە سەرپێچیش لە هەندێک نەخۆشخانەی هەولێر هەبووە، بەڵام ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیرایە بەر بۆ جێەبەجێکردنی ڕێنماییەکان، بەڵام  زۆرینەیان هاوکار بوون و سوپاسیان دەکەین، هیوادارین لە دهۆکیش هاوکارمان بن کە ئەویش لەپێناوی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە".

وەزیری تەندوستی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: "لە دهۆک ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا زۆر زیادی کردووە و فشارێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانە حکوومییەکان هەیە و  دەبێ نەخۆشخانە تایبەتەکان هاوکارییان بکەن و ئێستا لە ژمارەی تووشبوواندا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دهۆک یەکەمە و دواتریش سلێمانی دێت، بۆیە لە دهوک پێویستمان بە هاوکاری هەیە و دەبێت خەڵک پابەندی ڕێنماییەکان بن و کەرتی تایبەتی تەندوستیش هاوکارمان بن".