ئاوی گەرم و نهێنیی تەمەندرێژی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئاوی گەرم و نهێنیی تەمەندرێژی


زۆر جار ئاماژە بۆ سیستەمی خۆراکیی تەندروست دەکرێت، وەک هۆکاری تەمەندرێژیی هەندێک نەتەوە، کە ژمارەی بەساڵاچووان لەناویاندا زۆر بەرزە. هەمیشە پەیوەندییەکە لەنێوان شێوازی ژیان و رێژەی تەمەنەکان دیار دەکرێ، بەڵام لە دەرەوەی سیستەمی خۆراکی، هۆکارێکی دیکەی نوێی تەمەندرێژی دۆزراوەتەوە، ئەویش خۆشوشتنێکی رێکوپێکە لەناو حەوزی ئاوی گەرمدا، ئەمەش بەگوێرەی توێژینەوەیەکی دکتۆر هایاساکا شینیا، کە بە زمانی ئینگلیزی لە پێگەی (NIPPON)ی ژاپۆرنی بڵاو کراوەتەوە.


د. شینیا، کە لە زانکۆی تۆکیۆ وانە دەڵێتەوە، بەوردی جەخت لە رۆڵی خۆشوشتنی رێکوپێک لەناو حەوزی ئاوی گەرم بۆ درێژیی تەمەن دەکا، توێژینەوەکە لەماوەی 20 ساڵ، لەسەر 30 هەزار کەس تاقی کراوەتەوە، ئەنجامەکانیشی ئەمساڵ دەرکەوتن. دەرکەوت ئەوانەی بە رێکوپێکی خۆیان لەناو حەوزی ئاوی گەرمدا دەخوسێنن، مەترسیی نەخۆشییە ترسناکەکانیان لە لەشدا پەڕاندووە، وەک جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 30% بەراورد بەوانەی بە رێکوپێکی گەرماو ناکەن، یان لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک دوو جار خۆیان دەشۆن.


د. شینیا سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە دەڵێ، بە ئەگەری زۆرەوە، گەرماوی رێکوپێک یەکێکە لەو هۆکارانەی بووەتە هۆی تەمەندرێژیی یابانییەکان. گوتیشی، ئەو خۆی لە ساڵی 2018 لە یەکێک لە زانکۆکان بەشداریی پڕۆژەیەکی توێژینەوەی کردووە، تیایدا بەدواداچوون بۆ 14 هەزار کەسی بەساڵاچوو دەکرا، لە ماوەی سێ ساڵدا، دەرکەوت ئەوانەی لەشی خۆیان بە رێکوپێکی لەناو ئاوی گەرم لە حەوزی بانیۆ دەخوسێنن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییە ترسناکەکان نزمە، بەراورد بەوانەی کەمتر خۆیان لەناو ئاوی گەرمی حەوزی بانیۆدا دەشوشت و رۆژانە بە رێکوپێکی گەرماویان نەدەکرد.


ئاماژە بە سوودە جیاوازەکانی خۆشوشتنیش دەکا، کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە گەرمیی ئاوەکەوە هەیە. دەشڵێ، بەرزبوونەوەی گەرمیی لەشی مرۆڤ، کە پلەکەی لە 38 پلە کەمتر نەبێ، لەناو ئاوێکی گەرمدا، لەش خاو ئەکاتەوە و ئەبێتە هۆی خاوکردنەوەی دەمارەکان و یارمەتیی بەهێزبوونی سووڕانەوەی خوێن دەدا، بڕی پێویستی ئۆکسجینیش بە خانەکانی لەش ئەبەخشێ، ئەمە نهێنیی ئەو رەزامەندبوونەیە، کە کەسی خوساو لەناو ئاوی گەرم هەستی پێ دەکا.


هەروەها لە سوودەکانی گەرماوکردن بە ئاوی گەرم، کەمبوونەوەی ئازاری ئێسکە، کە هەندێ کەس پێیەوە دەناڵێنن، بەتایبەت ئازاری بڕبڕەی پشت و ئازاری جومگەکان. هەندێ کەس پلەی گەرمیی ئاوەکە زۆر بەرز ئەکەنەوە، پێیان وایە تا گەرمتر بێ باشترە، بەڵام دکتۆر شینیا هۆشداریی لە گەرماوکردن لەناو ئاوی زۆر گەرم دەدا، کە پلەکەی بگاتە سەرەوەی 40 پلەی سەدی.


توێژەر جەخت لەوە دەکاتەوە، گەرماوکردن لەناو ئاوی زۆر گەرم، کە پلەکەی لە 42 بەسەرەوە بێ، دەبێتە هۆی وروژاندنی کۆئەندامی دەمار و بەرزبوونەوەی رێژەی لێدانەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و تێکچوونی ماسوولکەکانی لەش.
دەشڵێ، مەبەست لە گەرماوکردنی یابانی، کە هەمیشە بە شووشتنی لەش و پاککردنەوەی بەر لە خوسان لەناو حەوزی ئاو دەست پێدەکا، تەنیا خاوبوونەوەیە و بەس، بەڵام گەرماوکردن لەناو ئاوی زۆر گەرم، ئەو خاوبوونەوەیە پووچەڵ ئەکاتەوە و دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و ژمارەی لێدانەکانی دڵ.


دەریشی دەخا، کە کاریگەریی خۆشوشتن لە پلەی 40دا، کە پلەیەکی نموونەییە، دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی شڵەژان و دڵەڕاوکێی کەسەکان.
لەلایەکی دیکەوە، کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئاوی گەرم بە خوسانەوەی لەش لەناو حەوزی ئاو، بەگوێرەی زانیارییەکانی دکتۆر شینیا، دەبێتە هێزێکی بەرز. دەشڵێ، ئەگەر لەشی مرۆڤ سەر ئاو بکەوێ، ئەوا لە کێشەکەی کەم دەبێتەوە، کە بەرگەی قورسایی ماسوولکە و کۆئەندامی ئێسک دەگرێ، جا ئەکەر کێشەکەی 60 کیلۆگرام بوو، ئەوا تەنیا 6 کیلۆگرام هەڵدەگرێ، واتە بە رێژەی 10%ی کێشی لەش زیاتر نا، ئەگەر لەشی تا ئاستی شانەکان لە ئاودا خوسابوو.


لەلایەکی دیکەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدەر نییە لە توێژینەوەکەی دکتۆر شینیا، پەیوەست بە سوودەکانی گەرماوکردن، بەتایبەت سوودەکانی گەرماوکردنی یابانی. لەم بارەوە دەڵێ، کۆرۆنا لەلای ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە سەرانسەری جیهان، بووەتە هۆی شڵەژان و دڵەڕاوکێیەکی توند. بۆیە داوا دەکا، لەم قۆناغە سەختەی مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕ دەبێ، جەخت بکەنە سەر سوودەکانی گەرماوکردنی رێکوپێک، بۆ خاوکردنەوەی لەش و عەقڵ و پارێزگاریکردن لە لێهاتوویی و تەندروستیی بەساڵاچووان.


توێژینەوە یابانییەکە جەخت لەسەر رۆڵی گەرماوکردنی رێکوپێک دەکاتەوە، سەبارەت بە درێژیی تەمەنی یابانییەکان، لەکاتێکدا زۆربەی توێژنەوەکانی دیکەی جیهانی جەخت لەسەر رۆڵی سیستەمی خۆراکی دەکەنەوە. توێژینەوەکە ئاماژە بۆ هەبوونی زیاتر لە 60 هەزار کەسی یابانی دەکات، کە تەمەنیان لەسەرووی سەد ساڵەوەیە، لەگەڵ ئاماژەکردن بۆ دوایین ئاماری ناوەڕاستی تەمەن، کە رێژەکەی لە یابان بۆ زیاتر لە 80 داناوە.


جێی باسە، گەرماوکردنی رێکوپێک لەلایەن یابانییەکانەوە، بەهۆی هەبوونی کانیاوە گەرمە سروشتییەکانەوە رەگێکی قووڵی هەیە، کە ژمارەیان لە 27 هەزار کانیاو زیاترە، ئەمەش وای کردووە، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە سنوورێکی بەرفراوان سوودی لێ وەربگرن، وەک سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ کردووە، لەو گەرماوکردنەیەدا، دەبێ لەش بەتەواوی لەناو ئاوی گەرمدا بخووسێ، نەک وەک ئەوەی زۆربەی خەڵکی جیهان خۆیان ئەشۆن و تەنیا ئاو ئەپرژێننە سەر خۆیان.